
دونیای مۆدێرن، به وشه‌ی "ڕه‌خنه"دا جیاده‌كرێته‌وه كه وشه‌كه خۆی له ڕیشه‌دا به واتای "قه‌یران"یش دێت (كرایسس و كریتیك هاوڕیشه‌ن). بێ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ڕیشه‌ی دوورتری وشه‌كه، به‌م ڕه‌هه‌نده‌ی ده‌یبڕینه‌وه كه بۆچی ڕه‌خنه و قه‌یران پێكه‌وه په‌یوه‌ستن.
ئاشكرایه دونیای پێش مۆدێرن، دونیای كۆمه‌ڵێك دیارده بوو كه له مۆدێرنه‌دا ده‌له‌قن. واته له سه‌رده‌مانی پێشوودا، نه‌ریت هه‌بوو، خودا هه‌بوو، خێڵ و قه‌بیله هه‌بوو، و هه‌ریه‌كه له‌وانه‌ش جۆره نه‌زمێكی سه‌قامگیری بۆ مرۆڤه‌كان درووستده‌كرد. ئه‌وانه مانای به ژیانی خه‌ڵكی ئه‌و سه‌رده‌مانه ده‌به‌خشی. به‌ڵام مۆدێرنه ئه‌وانه‌ی گشت له‌قاند، كه‌لێنی تێ خستن، و ڕه‌خنه‌ی كردن. به‌م جۆره، ڕه‌خنه و قه‌یران وه‌ك دوو ڕووی یه‌ك دراو گه‌شه‌یانكرد. هه‌ر شتێك كه ده‌كه‌وێته به‌ر ڕه‌خنه، قه‌یرانیشی تێ ده‌كه‌وێت و ده‌بێت ئه‌م قه‌یرانه تێپه‌ڕێنێت. بۆ نمونه، پاش له‌قینی ئه‌و دیارده پێشمۆدێرنانه، مرۆڤ له كۆتی خواوه‌ند و نه‌ریت و خێڵ ڕزگاری بوو؛ به‌ڵام ئه‌م ئازادییه به واتای قه‌یرانیش ده‌هات له‌وه‌ی چی له‌م ئازادییه بكرێت؟ چ جۆره ئازادییه‌كه؟ مانابه‌خشه یان نیهیلیستانه؟ ئازادیی بازاڕه یان تاكه‌كه‌س؟ واته ئازادی، قه‌یرانی سه‌قامگیرییشی خوڵقاند و شته‌كان چیدی له‌و ئارامییه دێرینه‌ی خۆیاندا نه‌مانه‌وه، ده‌بوو هه‌ر شتێك، ڕه‌خنه‌بكرێت، نوێ ببێته‌وه، و له هه‌مووشی گرنگتر مێژوویی ببێته‌وه- مێژووییبوونه‌وه واته بۆ هه‌میشه كراوه بێت به‌ڕووی داهاتوودا.
گه‌ر به زمانێكی تیۆرییتر گوزارشتی لێ بكه‌ین، هه‌موو ڕه‌خنه‌یه‌ك له سه‌رده‌می مۆدێرندا ئاماژه‌ی هه‌بوونی قه‌یرانێك بوو: قه‌یرانی ئاگایی. ئاگایی مرۆڤ، درزێكی تێ كه‌وت و تێگه‌یشتم له بن هه‌ر دیارده‌یه‌كی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی دا، ته‌نگژه‌یه‌ك هه‌یه. جیهان چیدی ئه‌و جیهانه سرووشتی و هاوئاهه‌نگه‌ی جاران نییه كه یه‌كتا و یه‌كانگیر بوو. سوبێكت له جیهان جوێده‌بێته‌وه، گشتی یه‌كانگیر وه‌رده‌گه‌ڕێت بۆ گشتی كه‌لێندار، تاك له نه‌ریته كۆنه‌كان ده‌ترازێت، و ماناش چیدی وه‌ك جاری جاران به‌رده‌ست و مسۆگه‌ر نییه. ده‌بێت سه‌رچاوه‌كانی مانا، و ته‌نانه‌ت به‌هاش به‌رده‌وام بئافرێنه‌وه. ئه‌مانه هه‌مووی قه‌یرانی مۆدێرنه‌ن كه واتایه‌كی سه‌رتاپێ خراپیان نییه، به‌ڵكو ته‌عبیر له‌وه ده‌كه‌ن شته‌كان ئه‌و جێگیرییه موقه‌ده‌سانە نابێت و ماوه‌ماوه ده‌كه‌ونه ناو قه‌یرانی نوێوه و ڕه‌خنه‌ش زمانێك بۆ ئه‌م قه‌یرانه ده‌دۆزێته‌وه. به‌شێك له فیكری بیریارانی مۆدێرنیش هه‌ر ئه‌وه‌یه كه زمانیان بۆ قه‌یرانی مۆدێرنه دۆزیوه‌ته‌وه و سه‌ره‌نجام كردوویانه به سیسته‌مێكی فیكری و فه‌لسه‌فی.
ئه‌م كێشه‌یه، كێشه‌یه‌كی ئاڵۆزه. ئه‌و پێشه‌كییه بۆ ئه‌وه بوو ئاوڕێكی كورت له "كێشه‌ی مانا" بده‌ینه‌وه له كۆمه‌ڵگای كوردی دا كه بۆچی زووزوو شه‌پۆلێكی دینی یاخۆ كۆنه‌پارێزانه به‌ره‌و ناوه‌وه‌ی خۆی ده‌خوڵقێنێته‌وه. پێموایه هه‌ڵبه‌زودابه‌زی دین، په‌یوه‌ندیی به قه‌یرانی مۆدێرنه‌وه هه‌یه. مۆدێرنه، به‌شی خۆی زه‌بری له كۆمه‌ڵگاكان داوه؛ و هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كیش به فۆرمی خۆی په‌رچه‌كردار ده‌نوێنێت. به‌شێكی زۆری كۆمه‌ڵگای كوردی، چاوێكی له مۆدێرنه‌یه و مامه‌ڵه به كه‌ره‌سته‌كانیه‌وه ده‌كات؛ به‌ڵام كاتێك كاره‌كه ده‌گاته سه‌ر مانا، ئیدی هه‌ست به ده‌سته‌پاچه‌یی ده‌كات و یه‌كه‌م داڵده بۆی بگه‌ڕێته‌وه هه‌ر دینه. مانا، وه‌ك زه‌مینه‌یه‌ك وایه بۆ كۆی بواره‌كانی ژیان. ده‌شێت نانت هه‌بێت، ئامرازی مۆدێرنت پێ بێت، ژێستی جۆراوجۆریش بنوێنیت؛ به‌ڵام كاتێك به‌ر بۆشایی ژیانی ڕۆژانه ده‌كه‌ویت ئیدی په‌نا بۆ دین ده‌به‌یته‌وه. دین، ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی مانا، با به نێوانگریی مۆدێرنه‌ش بێت و تووشی گرژیی ناوه‌كی و قه‌یرانی بونیادییش هاتبێت.
كوردزمانێك كاتێك ده‌ڵێت خۆزگه‌م به جاران، یان جاران خۆشتر بوو؛ ئاماژه به قه‌یرانی مانا ده‌كات. ڕه‌نگه ئه‌و هێشتا زمانێكی ڕه‌خنه‌یی نه‌بێت، پێی بگات به خودئاگاییه‌كی مۆدێرن؛ به‌ڵام له ئاستی خۆیدا هه‌ست به كێشه‌ی مانا ده‌كات. ئه‌و جارانه، جارانێك بوو كه ژیان كه‌متر به‌كاڵایی ببوو (گه‌ر واز له دیقه‌تی ده‌ربڕینه‌كه بێنین)، یه‌كێتییه‌ك له‌نێوان جیهانه گه‌وره‌كه و جیهانه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌یدا هه‌بوو، كه‌چی ئێستا ترازانێك ڕوویداوه. سیاسه‌تیش كه پێده‌چێت یه‌كه‌م بكه‌ری دوورینه‌وه‌ی ئه‌م ترازانه بێت (بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی)، لێره خۆی له قه‌یرانێكی دووجادایه. له‌لایه‌ك قه‌یرانی مۆدێرنه، له لایه‌كیش قه‌یرانی ناوه‌كیی كایه‌كه خۆی كه "گه‌شه‌ی سرووشتی"ـی نه‌بڕیوه. ئه‌و ده‌مه‌ی نائومێدیی سیاسییش درووستده‌بێت، مرۆی كورد هه‌مدیس ڕاده‌كاته‌وه نێو باوه‌شی دین و دیارده دینییه‌كان كه به‌شێكیان خۆی زاده‌ی دونیای مۆدێرنن.
كاتێك دین خۆیشی قه‌یرانی تێ ده‌كه‌وێت، و به‌ر ڕه‌خنه‌ی مۆدێرنه ده‌كه‌وێت؛ به‌و واتایه نایه‌ت یه‌كسه‌ر بسڕدرێته‌وه. هه‌تا فرۆید و ماركسیش، خه‌یاڵیان به شتی وه‌هاوه نه‌كردووه. له دۆخێكی وادا، دین ناچاره خۆی له‌گه‌ڵ مۆدێرنه‌دا بگونجێنێت. له خۆرئاوا، ئه‌م خۆگونجاندنه یان له فۆرمی ڕیفۆرمدا بوو، یاخۆ دین پاشه‌كشه‌ی كرد بۆ ڕووبه‌ری تاكه‌كه‌س. دیاره ئه‌مه‌ش خۆی به‌ته‌نیا به واتای ڕزگاری نه‌بوو، به‌ڵكو مه‌یدانی بۆ بازاڕ و سه‌رمایه و هێزه ئه‌بستراكته‌كانی تر چۆڵكرد كه زۆریش نامۆ نه‌بوون به دین خۆی. سه‌ره‌نجام مرۆڤه‌كان به‌بێ مانا ناژین، به‌ڵام دینیش تاكه چاوگی به‌رهه‌مهێنانی مانا نییه. ڕێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی دین و مۆدێرنه، كه به‌ناو قه‌یران و ڕه‌خنه‌دا تێده‌په‌ڕێت، یه‌كێكه له پرسه چاره‌نووسسازه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئێمه كه هێشتان ئاسۆكه‌ی زۆر ڕوون نییه.
