بۆچی حەقیقەتی کورد پێش جەلادەکانی دەمرێت؟
کامەران محەمەد 

لە فەلسەفەی مێژوودا جیاوازییەکی  بنەڕەتی لە نێوان سزادانی تاوانبار و دادگاییکردنی مێژوودا هەیە. کاتێک لە ساڵی 1961دا جووەکان ئادۆڵف ئایخمانیان خستە ناو قەفەسێکی شووشەیی لە ئۆرشەلیم، مەبەستیان تەنها کوشتنی جەستەیەک نەبوو، بەڵکو دەیانویست مەکینەی هۆلۆکۆست هەڵوەشێننەوە. دادگایی ئایخمان تاقیگەیەک بوو کە چەندین مانگی برد و تێیدا کات بوو بە کاراکتەرێکی سەرەکی بۆ دۆزینەوەی ئەو کون و کەلێنانەی کە مرۆڤی تێدا بۆ فەرمانبەرێکی بێویژدان دەگۆڕا. بەڵام کاتێک سەیری مۆدێلی دادگاییکردنی عەجاج دەکەین، ڕووبەڕووی جۆرە تەکنۆکراتییەکی مەرگ دەبینەوە کە تێیدا خێرایی بووەتە جێگرەوەی حەقیقەت و پەتی سێدارە بووەتە مقەستێک بۆ بڕینی زمانی مێژوو.

ئێمە دەبێت سوپاسگوزاری ئەم عەقڵە پەلەکەرە بین کە لە سیستمی دادوەریی و وەزارەتی کاروباری فەرامۆشیماندا چێنراوە. لای ئێمە کات نەک هەر خزمەت بە دادپەروەری ناکات، بەڵکو وەک کفنێک بۆ داپۆشینی ڕاستییەکان بەکاردێت. ڕاستە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووی سەروەری و پێگەی نێودەوڵەتییەوە هاوشانی دەوڵەتێکی وەک ئیسرائیل نییە، بەڵام ئەمە نابێت ببێتە بیانوو بۆ ئەنجامدانی خۆکوشتنێکی مەعریفی. نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ مانای ئەوە نییە کە دەبێت خاوەنی عەقڵێکی سڕکراو بین. دادگاییەک کە لە دوو دانیشتندا —یەکەم بۆ سڵاوکردن لە شاهێدەکان و دووەم بۆ ماچکردنی پەتی سێدارە— کۆتایی دێت، نیشانەی کارایی سیستم نییە، بەڵکو نیشانەی ترس لە مێژووە. ئێمە جەلادەکەمان وەک سندوقێکی ڕەشی سووتاوی فڕۆکەیەک ڕەوانەی ناو خاک کرد، بەرلەوەی بڵێت ئەنفال تەنها بڕیارێکی بەغدا نەبوو، بەڵکو پڕۆسەیەکی فرەڕەهەند بوو کە هاوبەشی ناوخۆیی و بێدەنگیی نێودەوڵەتیی لە پشت بوو.

ئەمە لوتکەی تەنزی تاڵە کە ئێمە جەلادەکەمان بە پەلە کوشت تا بەڵگەی تاوانەکە لەناو ببەین. لە کاتێکدا ئیسرائیل ئایخمانی وەک کەرەستەیەکی پەروەردەیی بۆ نەوەکانی بەکار هێنا، هەتا فێری چەمکی هیچوپوچی خراپەکاریی بن، حکومەتی ئێمە عەجاجی وەک پاشماوەیەکی بێزارکەر بینی کە دەبێت هەرچی زووترە بنێژرێت، هەتا نەوەک کاتی میزاجی سیاسیی ئێستا بشڵەقێت. دادگایی عەجاج هەر فۆتۆکۆپییەکی دادگاییەکی ڕاستەقینە بوو، تێیدا قوربانییەکان قسەیان کرد بۆ ئەوەی تەنها سۆزی کاتیی بجوڵێنن، نەک بۆ ئەوەی بونیادی جینۆسایدەکە بۆ جیهان و بۆ نەوەی نوێی کورد ڕوون بکەنەوە. حەقیقەتە تاڵەکە ئەوەیە کە مێژوو بە پەتی سێدارە نانووسرێتەوە، بەڵکو بەو زانیارییانە دەنووسرێتەوە کە جەلاد ناچار دەکرێت بەر لە مردنی بیدرکێنێت.

بەمشێوەیە کاتێک دەوڵەت دەبێتە سکرتێری فەرامۆشی، جەلادەکان دەبنە پاڵەوانی بێدەنگی. ئێمە عەجاجمان نەکوشت، بەڵکو دوا دەرفەتی ناسینی ڕوخسارە ڕاستەقینەکانی ئەنفالمان کوشت. جیاوازیی نێوان ئایخمان و عەجاج، جیاوازیی نێوان نەتەوەیەک بوو کە دەیویست یادەوەری بونیاد بنێت و دەسەڵاتێک بوو کە دەیەوێت یادەوەری پاکتاو بکات. جیهان ڕێز لەو برینانە دەگرێت کە دەبنە مەعریفە، نەک ئەو برینانەی کە تەنها دەبنە پاساوی بودجە و مەراسیمی بێمانای ساڵانە. عەجاج ڕۆیشت و نهێنییەکانی نوگرە سەلمانی لەگەڵ خۆی برد، ئێمەش ماینەوە لە ناو مۆزەخانەیەکی حەماقەتدا کە تێیدا حەقیقەت لە هەموو جەلادەکان تەمەن کورت‌ترە.

14/5/2026

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا