ئاهەنگەکانی مۆڵەت‌بەخشینی مەلایەتی وەک نموونە 


مەلا ئیدریس ژاڵەیی 


«حوجرە؛ یەکەمین بنکەی زانست، خوێندەواری و ناسنامەی کلتوریی گەلی کوردە لە دوای هاتنی ئیسلام. ئەگەر بمانەوێت لە ڕەچەڵەک و نیشانەکانی "ئیسلامێکی کوردەواریی خۆڕسک" بکۆڵینەوە، دەبێت لە دەرگای حوجرە بدەین و ژیانی فەقێیان بخوێنینەوە؛ ئەو شوێنەی کە تێیدا شەریعەت بە بێ چاولێکەری و بە تێگەیشتنێکی قووڵی خۆماڵی پەیڕەو دەکرا.
لە مێژووی گەلی کورددا، ڕێوڕەسم، جلوبەرگ و کلتور هەموو کوردانە و هاوتەریب بوون لەگەڵ ئیسلامدا. کاتێک دەڵێم «ئیسلامی کوردەواری»، مەبەستم ئایینێکی جیاواز نییە، بەڵکو ئەو تێگەیشتن، تەفسیر و ئیجتیهادە تایبەتەی زانا کوردەکانە بۆ قورئان و سوننەت. ئەمەش پێچەوانەی هەندێک بیروبۆچوونی هاوچەرخی ئێستایە، کە هێڵێکی چەپ و ڕاست دەهێنن بەسەر ماندووبوونی زانا کوردەکاندا و بە بێ‌نرخ، بیدعەت، یان بەکوفری دەبینن، لە بەرانبەریشدا بۆچوونی زانایانی بیانی بە پیرۆز و ڕاست لەقەڵەم دەدەن.
ئەوەی لێرەدا قسەی لەسەر دەکەم، ساتەکانی خۆشی و ڕابواردنە حەڵاڵەکانە لە ژیانی فەقێیەتیدا، بەتایبەت کاتی پێدانی مۆڵەتی دوانزە عیلمی مەلایەتی، کە شێوازێکی تایبەت بە کورد بووە و چاولێکەریی هیچ نەتەوەیەکی تر نەبووە.
ئەم ئاهەنگە کاتی مۆڵەت‌بەخشین بە «فەقێی موستەعید» لە لایەن «مامۆستای موجیز»ەوە ساز دەکرا. ئاهەنگەکە لە سێ تا حەوت ڕۆژی دەخایاند؛ نان و گۆشتی تێدا لێدەنرا، سەرەڕای شیرینی و چا. شەو و ڕۆژ شایی و هەڵپەڕکێ بوو، فەقێش لە هەمووان گەرموگوڕتر و شارەزایانەتر هەڵدەپەڕی!
گۆرانیبێژێکی دەنگخۆش گۆرانی دەگوت و دەوروبەریش بۆیان دەسەندەوە. لەم بۆنەیەدا ئامادەبووان دەبوونە چەند دەستەیەک؛ دەستەیەکی زۆریان خەریکی هەڵپەڕکێ، چەپڵەڕێزان و شیعرخوێندنەوە دەبوون. هەڵپەڕکێکان زۆربەی جار (سێ‌پێیی، سۆسکەیی، تەمبۆڵێ و پێداپێدا) بوون. زۆر جار هەر خۆیان بەستەی فۆلکلۆرییان لەسەر نەزمی هەڵپەڕکێکە دادەنا. هەندێک جاریش لە شایی سۆسکەییدا، پیتەکانی ئەلفوبێیان بە هەڵپەڕکێوە دەگوت:
ئەلفێکی ئەن، وەڵا ئەئەن، ئەئلەم و ئەیو ئۆیە،
بێیەکی بەن، وەڵا بەبەن, بەبلەم و بەیو بۆیە،
جیمێکی جەن، وەڵا جەجەن، جەجلەم و جەی و جۆیە،
میمێکی مەن، وەڵا مەمەن، مەملەم و مەی و مۆیە. 
بەم جۆرە درێژەیان پێدەدا تا هەموو پیتەکان تەواو دەبوو. شیعری گۆرانییەکانیش فۆلکلۆر یان هی شاعیرانی وەک: نالی، مەحوی، وەفایی، سافی جەزیری، موخلیس و مەلا ناسراوەکانی سەردەم بوون.
سەید مستەفا مەحمودیان لە کتێبی «فەقێ و فەقێیەتی لە کوردستان» (ل١٧٢)دا نووسیویەتی:
«لە ئاهەنگی ئیجازەوەرگرتن یان زەماوەندی فەقێیەکاندا، چەند جۆر هەڵپەڕکێ بەڕێوە دەچوو:
١- ڕۆینە: ئەو هەڵپەڕکێیە تایبەت بە فەقێیان نەبوو، بەڵکو هەوایەکی داوەتی کوردی بوو. سەربەندی گۆرانییەکەی ئەو تاکە شیعرەیە: “هەی ئاغالەر، دیوانەلەر، شەمع یانر، پەروانەلەر” کە بە زمانی ئازەرییە. تێیدا فەقێیەکان بە ڕیز قامکە چکۆلەیان لە یەک دەنا، لاقی ڕاستیان لە دواوە و پاژنەی چەپیان لە پێشەوە لەسەر زەوی دەچەقاند، ئەوجا لاقی ڕاستیان دەهێنایە پێش و پاشان لاقی چەپ؛ بەڵام بەرلەوەی بە تەواوی خۆی بدەنە سەری، بەو ئەندازەیەی هاتبوونە پێشەوە دەچوونەوە دواوە. لەگەڵ هەر جووڵەیەکدا هەڵبەزێکیان دەکرد و وردەوردە بە لای دەستی ڕاستدا دەسووڕانەوە. دوو کەسی دەنگخۆشیش لەسەر کێشی سەربەندی “هەی ئاغالەر...” گۆرانییان بۆ یەکتر دەستاندەوە.
٢- پێداپێدا: ئەم چەشنە تایبەت بە فەقێیان بوو. ناوی “پێدا پێدا” بەهۆی سەربەندی گۆرانییەکەیەوە بوو کە دەڵێ: “هەی پێدا پێدا، تەمورە پێدا، یاخودا نەبارێ، یارم لەڕێدا”. (هەنبانە بۆرینە) نووسیویەتی: پێدا پێدا واتە بە شوێن یەکدا. شێوازی گێڕانی بەو چەشنە بوو کە فەقێیەکان بە بێ دەستگرتن، لە کاتێکدا دەستێکیان لەسەر کەلەکەیان بوو، بە ماوەی یەک تا دوو هەنگاو لە یەکتر دوور ڕیز دەبوون و بەرەو لای ڕاست دەڕۆیشتن. لاقی ڕاستیان دەبردە پێش، پاشان چەپ، جارێکی تریش ڕاست و ئەوجار چەپیان هەڵدەبڕییەوە. بڕێک بە توندی لاقیان لە زەوی دەدا و چەپڵەیەکیان لێدەدا. لەم گۆڤەندەدا، دوو کەس لەسەر کێش و هەوای سەربەندی: “هەی پێدا، پێدا - تەمبۆلە پێدا - دەچمە بەعشوکێ...” گۆرانییان دەگوت و لە دوای یەکدی دەیانڵییەوە.» 
جاروباریش شایی «سێ‌پێیی»، «سوێسکەیی» و «تەمبۆڵی» دەگێڕدرا. شێوازی مەقامی سوێسکەیی بە ناوی شیعرەکانی «ئەلفییەی ئیبنومالیک» یان پیتەکانی «هیجا» دەگوترا؛ یەکێک دەیگوت و ئەوانی تر بە تێکڕایی دەیانگیڕایەوە:
كلامنا لفظ مفيد كاستقم :: واسم وفعل ثم حرف الكلم 
شیعرەکانیش زۆربەیان هی شاعیرانی کلاسیک بوون وەک نالی، مەحوی، وەفایی، سافی جەزیری و موخلیس. (بڕوانە: «ژیانی فەقێیەتی لە کوردستان»، مەلا محەمەد عەلیاوەیی، ل٧٠، سلێمانی ٢٠٠٣).
کتێبی «ڕەوشی حوجرە» سەبارەت بەم بابەتە نووسیویەتی:
«لە کاتی ئیجازەوەرگرتنی فەقێ یان ژنهێنانیاندا، فەقێیەکان زۆرتر حەزیان لە شایی “سێ‌پێیی” و “ئایشۆکێ” دەکرد. حەوت هەشت کەس بەرامبەر یەک دەوەستان و بێ دەستگرتن دەکەوتنە هەنگاونان، چەپڵەلێدان و گۆرانیگوتنی ئایشۆکێ:
ئایشۆکێ وەیشێ وەیشێ، کیژۆرێ وەیشێ وەیشێ
ئایشۆک کیژێ وەنەوشێ، کێ دەرێ بە من ناشێ...»
(«ڕەوشی حوجرە لە پێگەیاندنی زانا ئایینییەکانی هەولێر»، عومەر شێخ لەتیف بەرزنجی، ل٣٩، ٢٠٠٧). 
مامۆستا مەسعود محەمەد لە کتێبی «حاجی قادری کۆیی» (ب١، ل٢٣٢)دا نووسیویەتی: «بۆ خۆم دیومە گۆرانیبێژی گاور لە مەجلیسی ئیجازەی مەلایاندا لە مزگەوتی کۆیە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ گۆرانی گوتووە».
هەر لەم ئاهەنگەدا، دەستەیەکی تر خەریکی خوێندنەوەی قەسیدەی بوردییە بوون (کە هەڵدانی باڵای پێغەمبەر (د.خ) و وەسفی ڕەوشتی بوو). دەستەیەکی تر لەولاوە کۆڕی پێشبڕکێی پرسیار و وەڵامیان دروست دەکرد.
دەستەیەکی تریش چەندین جۆر یارییان دەکرد، وەک: هەمزەل، تەڵە و ڕێوی، یان «قاڕنی فەقێیان» کە جۆرێک تۆپتۆپێن بوو، یان یاری «شەقان» کە گۆیەکی خڕیان لە دار دروست دەکرد و بە دارێکی گۆپاڵئاسا لێیان دەدا. هەروەها یارییەکانی وەک: هەلوکێن، سێباز و بازدان بەسەر پشتی یەکتردا.
دکتۆر مستەفا زەڵمی لە کتێبی **«کاروانی ژیانم»**دا، ناوی چواردە یاریی بردووە کە فەقێ لە کاتی پشوودا ئەنجامیان دەدا، وەک: موسا و فیرعەون، گەنم گەنم، فڕی فڕی قەل فڕی، تەقیلە لەسەر تەقیلە، میر و گزیر، فەنە بێدەنگە، تەڕکی ژێر عەبا، یاپراخە دوودوو، گۆرەویبازی (کڵاوێن)، گەڕەلاوژە، گایەکم هەیە دەیفرۆشم، سکڵ پف، ڕاوە ژیژک، هەرکەسێ کاری خودەش باری خودەش.
هەندێک لە یارییەکان مەیدانێکی پان و بەرینیان دەویست و لە دەرەوەی ئاوەدانی دەکران، وەک: سێباز، کەوشەک، جوغزێن، تۆپ‌قاڕ، قەلەمردارە، کورزەکوێرە، گورز و بنمێخ، کڵاوفڕکێنە و کێل‌وبەرد. لەم ڕۆژانەدا، هەمیشە سەماوەر و قۆری لەجۆشدا بوون و چا قوڵپی دەدا.
دواتر بڕگەیەکی تری سەرنجڕاکێش بەڕێوە دەچوو، ئەویش «شانۆگەری» بوو؛ کە هێنانەناوەوەی هونەر بوو بۆ ناو کایەی ئیسلامەتی و زانست. ئەمە لە کۆنەوە لە حوجرەکاندا نمایش کراوە و شەیدایانی زۆری هەبووە. لە شانۆگەرییە بەناوبانگەکان: «کەر و ئاشەوان»، «مەلا و مەلاژن» و «دوکتۆری چاو» بوون. شێخ عەبدوڵڵا شێخ بابەعەلی بەرزنجی دەنووسێت: «بیرۆکەی شانۆگەری و سەرهەڵدانی ئەو هونەرە لە کوردستان، زۆر کۆنترە بە بەراورد لەگەڵ عەرەب». بێدەنگیی زانا گەورەکانی ئەو سەردەمەش لە ئاست وەها نمایشێکدا، نیشانەی ڕەزامەندییان بووە لەسەر ئەم لایەنە گرنگەی هونەر.
یەکێکی تر لە یاری و شانۆگەرییەکانی فەقێکان کە سەرنجی مامۆستا مەسعود محەممەدی ڕاکێشاوە، «میرمیرانێ» بووە. لەم بارەیەوە دەڵێت:
«میرمیرانێی فەقێ و مەلایان، کە لە کاتی مۆڵەت‌بەخشیندا شکڵی حکومەتێک ڕێکدەخرا و فەقێیەک دەبوو بە میر و فەرمانی بەسەر هەموو سەرۆک عەشیرەتاندا دەڕۆیشت... ئەو ئاهەنگەی چەند ڕۆژێکی دەخایاند، ڕەنگدانەوەی تامەزرۆیی بێ‌حکوومەتیی کوردی بوو...» (مرۆڤ و دەوروبەر، مەسعود محەممەد، هەولێر، ٢٠١٠، ب٣، ل٩٥). 
لە کۆتاییدا، هیوادارم ئەم نووسینە بچێتە خانەی خزمەتکردن بە پڕۆژەی کوردانە خوێندنەوەی ئیسلام و شانازیکردن بە مێژووی ڕەسەنی ئیسلامەتیی کوردەوارییەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا