
لە شاری حەسەکە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتیی سووریا ئامادەکاری دەکەن بۆ ئاڵوگۆڕکردنی گرووپێکی نوێی دیلەکان. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەمدایە، کە ئامانج لێی چارەسەرکردنی دۆسیەی دەستگیرکراوەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوولایە.
ئەمە بە چوارەمین قۆناغی پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان ئەژمار دەکرێت لە سەرەتای ئەمساڵەوە. بەپێی زانیارییەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ٢٠ی ئازاری ڕابردوودا سێیەمین قۆناغ بە سەرکەوتوویی ئەنجامدرا، کە تێیدا ٣٠٠ دیل لە هەر لایەنێک (کۆی گشتی ٦٠٠ کەس) ئازادکران، لەگەڵ ئازادکردنی ٨ شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان.
سەرەڕای ئەم هەوڵانە بۆ دروستکردنی متمانە، ڕوانگەی سووری جەخت دەکاتەوە کە هێشتا سەدان دیل و دەستگیرکراوی دیکە لە بارودۆخێکی نادیاردا ماونەتەوە. ناوەندە مرۆییەکان داوا دەکەن بە پەلە چارەنووسی ئەو کەسانە ئاشکرا بکرێت کە تا ئێستا لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەشن و لە زیندانەکاندان.