
ئەمڕۆ چوار شەممە، دەسەڵاتدارانی ئێران سزای لەسێدارەدانیان بەسەر ئیحسان ئەفرێشتەدا جێبەجێ کرد، کە گەنجێکی تەمەن ٣٢ ساڵەو شارەزای بواری ئاسایشی ئەلیکترۆنیە
ئەم گەنجە لەلایەن دادگای بەناو شۆڕشەوە تۆمەتی سیخوڕی بۆ مۆسادی ئیسرائیل خرابووە پاڵی.
ئاژانسی هەواڵی میزانی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ڕایگەیاند کە ئەفرێشتە لە نیپاڵ لەلایەن مۆسادەوە مەشق و ڕاهێنانی پێکراوە و زانیاری هەستیاری فرۆشتووە، بەڵام ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، وەک هەنگاو و مافی مرۆڤی ئێران، جەخت دەکەنەوە کە ناوبراو لەژێر ئەشکەنجەدا دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەرگیراوەو ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی درووستکران.
ئەفرێشتە پێشتر لە تورکیا نیشتەجێ بووە و بە گەرەنتی سەلامەتی گەڕاوەتەوە ئێران، بەڵام دەستبەجێ دەستگیر کراوە. ئەمەش شەشەمین حاڵەتی لەسێدارەدانە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمدواییە، کە نیگەرانییەکی زۆری لای ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دروست کردووە سەبارەت بە زیادبوونی ڕێژەی لەسێدارەدانە سیاسییەکان لە ئێران.
