ڕۆژی هەینی ٣-٤-٢٠٢٦ لە شاری بەغدا،کۆڕی پرسە و ماتەمینی بۆ هاوڕێی کۆچکردوو، حەمید مەجید موسا (ئەبو داود) سەرکردە و کەسایەتیی نیشتمانی و دیموکراتخواز و سکرتێری پێشووی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراق بەڕێوەچوو.
لە کۆڕیادەکەدا، هاوڕێ ئەبو کاروان سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، بەشداربوو و وتاری حزبی خوێندەوە....
​ئامادەبووانی بەڕێز
هاوڕێیانی ئازیز و خۆشەویست
​ماڵئاوایی لە پیاوێکی هێمن و تێکۆشەرێکی سەرکەش
چل ڕۆژ لەمەوبەر، مێژووی سیاسیی عێراق و بزووتنەوەی چەپ، یەکێک لە پایە هەرە جێگیر و پتەوەکانی خۆی لەدەستدا. هاوڕێ حەمید مەجید موسا -ئەبو داود، ئەو تەنها کەسایەتییەکی سیاسی نەبوو، بەڵکو نوێنەرایەتی نەوەیەک لەو مرۆڤە خۆڕاگرانەی دەکرد کە ژیان و تێکۆشانی خۆیان لە قۆناغێکی سەختی وڵاتدا —لە نێوان ئاگری جەنگەکان و ئامێرەکانی سەرکوتکاریدا— تەرخان کرد بۆ چەسپاندنی بەهاکانی دادپەروەری و ئازادی و بەدەستهێنانیان.
​لەو کاتەوەی لە تاریکترین بارودۆخدا بە سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعی عێراق هەڵبژێردرا، ئەبو داود توانی بە حیکمەتێکی قووڵ و دیدگایەکی نیشتمانیی فرە ڕەهەندەوە، کەشتیی حزب لە ناو گێژاوی سەرکوت و جەنگ و گۆڕانکارییە گەورەکاندا بەڕێوەبەرێت. ئەو تەنها سەرکردەیەکی سیاسی لێهاتوو نەبوو کە بە سادەییەکەی ئیلهامبەخشی هاوڕێکانی بێت، بەڵکوو بیرمەندێکی خاوەن پرەنسیپیش بوو کە بە قووڵی لە میتۆدی مارکسی تێگەیشتبوو و دەیزانی چۆن ئامرازە داهێنەرەکانی ئەو میتۆدە بۆ تێگەیشتن لە واقیعی ئاڵۆزی عێراق و جیهانی نوێبووەوە بەکاربهێنێت، بە مەبەستی گەشەپێدانی فکر و سیاسەتی حزب.
​هاوڕێ (ئەبو داود) جیا لە خەسڵەتە کەسییەکانی، بەرهەمی ئەو گۆڕانکارییە فکرییانەش بوو کە بزووتنەوەی شیوعی جیهانی دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت بەخۆیەوە بینی.
حزب لە کۆنگرەی پێنجەمی خۆیدا، کە تێیدا هاوڕێ ئەبو داود بە سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا، بژاردەی دیموکراسی و نوێبوونەوەی هەڵبژارد؛ نەک تەنها لەسەر ئاستی فکری، بەڵکو بۆ تێگەیشتنێکی باشتر لە واقیعی عێراق و کوردستان.
​لێرەوە کەسایەتی تێکۆشەری هاوڕێ ئەبو داود دەردەکەوێت، کە زۆربەی ژیانی لە مەیدانی خەباتدا بەسەر برد، بۆ داکۆکیکردن لە مافە ڕەوا و دادپەروەرەکانی گەلی عێراق بۆ ژیانێکی ئازاد و سەربەرزانە و بۆ مافی گەلی کوردستان لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆی.
هەڵوێستەکانی هاوئاهەنگ بوون لەگەڵ بڕیارەکانی کۆنگرەی پێنجەم بۆ گۆڕینی ڕێکخراوی هەرێمی کوردستانی حزبی شیوعی عێراق بۆ حزبی شیوعی کوردستان - عێراق، وەک درێژەپێدەری تێکۆشانی شکۆمەندانەی شیوعییەکانی کوردستان لە کورد، عەرەب، کلدان و ئاشووری و تورکمان لە ناو ڕیزەکانی حزبی شیوعی عێراقدا.
​بەم شێوەیە، هاوڕێ حەمید مەجید موسا ڕۆڵێکی جەوهەری هەبوو لە دیاریکردنی ئاڕاستەی فکریی حزبدا، مەعریفەی ئەو بەهۆی خوێندنی ئابووری سیاسی لە پەیمانگای (کارڵ مارکس) لە بولگاریا و پاشان نوێنەرایەتیکردنی حزب لە گۆڤاری جیهانیی (ئاشتی و سۆشیالیزم) لە پراگ، دەوڵەمەندتر ببوو. دواتریش لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو ڕووی لە کوردستان کرد بۆ بەشداریکردن لە بزووتنەوەی پێشمەرگایەتی و سەرکردایەتیکردنی ڕێکخستنەکانی حزب لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.
​لە سایەی ئەو قەیرانە فکرییە قووڵەی کە بەهۆی ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە بەرۆکی بزووتنەوەی شیوعی گرتبوو، ئەبو داود ڕووگەی خۆی ون نەکرد، بەڵکو بە پتەوی پەیوەست بە میتۆدی مارکسیزمەوە مایەوە.
بەشدارییەکانی ئەو ڕوون بوون لە بانگەشەکردن بۆ نوێکردنەوەی ئامرازەکانی و وەرگرتنی وانە لەو ئەزموونانەی بە ناوی سۆشیالیزمەوە ئەنجامدرابوون، بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی پەیڕەوکردنی بەهاکانی دیموکراسی ڕاستەقینە و مافەکانی مرۆڤ، نەک تەنها لەسەر ئاستی کۆمەڵگا، بەڵکوو لە ناو ژیانی ناوخۆیی حزبیشدا.
​هەروەها هاوڕێ ئەبو داود سەرکردایەتی حزبەکەی کرد لە قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣، کە یەکێک بوو لە ئاڵۆزترین و سەخترین قۆناغەکانی کارکردنی حزب و بژاردەکانی. لە کاتێکدا حزب جەختی لەسەر ڕەتکردنەوەی جەنگ وەک بژاردەیەک بۆ ڕووخانی ڕژێم دەکردەوە، بەڵام بەشداری لە پرۆسەی سیاسی دوای ٢٠٠٣ هەڵبژارد، ئەمەش لەبەر پێویستییەکانی دووبارە بونیادنانەوەی حزب و گۆڕینی لە ڕێکخراوێکی نهێنییەوە بۆ حزبێکی ئاشکرای یاسایی و بۆ کاراکردنی ڕۆڵ و کاریگەریی لە ڕەوتی ڕووداوەکان و چەسپاندنی ژیانێکی دیموکراسی ڕاستەقینە لە عێراق و دابینکردنی سەربەخۆیی و سەروەرییەکەی.
​لە کاتێکدا یادی کۆچکردوو ئەبو داود دەکەینەوە، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی زۆر ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت بەهۆی جەنگی ئەمریکی-ئیسرائیلی دژی ئێران.
ئێمە وێڕای ڕەتکردنەوەی جەنگ و داواکردنی ڕاگرتنی، جەخت دەکەینەوە لەسەر پێویستی پەلکێش نەکردنی عێراق بۆ ناو ئەو جەنگە و سەرنج خستنە سەر ئەو تەحەدییانەی ڕووبەڕووی وڵات دەبنەوە، لەگەڵ کاراکردنی دامەزراوە فەرمییەکان، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، پێکهێنانی حکومەت، بوونی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت، گەڕاندنەوەی ژیان بۆ پەرلەمانی کوردستان، پێکهێنانی کابینەی دەیەم و پەیڕەوکردنی میکانیزمێکی ڕوون بۆ پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم لەسەر بنەمای دەستوور و بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیان و پێداویستییە سەرەکییەکانیان بکات.
​بەو شێوەیە یادی کاروانی هاوڕێ حەمید مەجید موسا دەکەینەوە، نەک تەنها وەک سەرکردەیەکی سیاسی، بەڵکو وەک ئەزموونێکی زیندووی تێکۆشان و ڕێچکەیەکی فکری کە شوێنەواری قووڵی لە مێژووی بزووتنەوەی چەپی عێراقیدا بەجێهێشتووە.
ئەبو داود بە ​جەستە کۆچی دوایی کرد، بەڵام ئەو بەهایانەی چاندنی —لە تێکۆشان و باوەڕبوون بە مرۆڤ و هەوڵی بەردەوام بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی— لە ویژدانی هاوڕێکانی و هەموو ئەو کەسانەی باوەڕیان وایە ئەم نیشتمانە شایستەی ژیانێکی باشترە، بە زیندوویی دەمێننەوە.
ناوی ئەبو داود هەمیشە بە ئارامی و سەرکەشییە جوانەکەیەوە دەمێنێتەوە و بە گرەوکردنی هەمیشەیی لەسەر هۆشیاری خەڵک و توانای گۆڕانکارییان، هەرچەندە مەینەتییەکان سەخت و تەحەدییەکان گەورە بن.
​هاوڕێ، بەڵێنت پێ دەدەین کە ڕێگاکەت ئاوەدان بێت و ئاڵای تێکۆشان کە هەڵتگرتبوو بە بەرزی بمێنێتەوە، لە پێناو عێراقێکی دیموکراسی، فیدراڵی و ئازاد، کە گەلەکەی لە سایەی دادپەروەریدا بژین.
​شکۆ بۆ یادت، نەمری بۆ بەهاکانت، و سەرەخۆشی بۆ هاوڕێیان و خۆشەویستانت.
سوپاس
​ئەبو کاروان
سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعی کوردستان
بەغداد / ٢٠٢٦/٤/٣

وتاری نووسەران