لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا، ڕاپۆرتە میدیاییەکان لە سۆشیاڵ میدیای عێراقی و کەناڵە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران باس لە گەیشتنی هێزە بژاردەکانی ئەمریکا ناسراو بە "دەڵتا فۆرس" (Delta Force) بۆ عێراق یان جێگیربوونیان لە نزیک سنوورەکانی ئێران دەکەن. ئەم هەنگاوە لە لایەن چاودێرانەوە بە هەنگاوێکی زۆر هەستیار دادەنرێت ئەگەر پەیوەندی بە بڕیارێکی سەربازییەوە هەبێت دژی تاران.

خاڵە سەرەکییەکانی ڕاپۆرتەکە:

١. جووڵە لەسەر سنوور

هەندێک سەکۆی میدیایی ئاماژە بەوە دەکەن کە یەکەکانی "دەڵتا" لە دەوروبەری سنووری عێراق-ئێران جێگیرکراون، ئەمەش بەستراوەتەوە بە سیناریۆی ئەگەری لێدانی دامەزراوە گرنگەکانی ناوخۆی ئێران بەهۆی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران.

٢. سەرچاوەکان: "بەهنام غولی پور" ڕۆژنامەنووسی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە هەژماری خۆی لە (X) بڵاویکردووەتەوە کە گەیشتنی هێزەکانی دەڵتا بۆ عێراق "دڵنیاییە و پشتڕاستکراوەتەوە"، بەڵام وردەکاری لەسەر ژمارە و شوێنەکەیان نەداوە.

٣. بۆچوونی شارەزایان

ئەحمەد شەریفی، شارەزای ئەمنی، پێیوایە جووڵاندنی هێزی جۆری وەک دەڵتا لە نزیک عێراق نیازی "ئۆپەراسیۆنیی" هەیە نەک تەنها نمایش، هۆشداریش دەدات کە بەکارهێنانی خاک یان ئاسمانی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران، بەغدا دەخاتە ناو ململانێیەکەوە کە بەرگەی ناگرێت.

٤. مێژووی ئەم هێزە لە عێراق

 سەرچاوەیەکی ئەمنی دەڵێت دوایین جار هێزی دەڵتا لە عێراق بینرابێت، دوای ئۆپەراسیۆنی کژرانی (سولەیمانی و موهەندیس) بووە، کە بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ لە بنکەی عەین ئەسەد ماونەتەوە و دواتر ڕۆیشتوون.

٥. ڕەتکردنەوەی فەرمی

سەرچاوەیەکی تر بە "بغداد الیوم"ی ڕاگەیاندووە کە دەنگۆی هەبوونی ئەم هێزانە لە ئێستادا لە بەغدا یان بنکەکانی عەین ئەسەد و هەریر "ورد نییە" و بە فەرمی هیچ ئاماژەیەکی متمانەپێکراو نییە کە هەبوونیان پشتڕاست بکاتەوە، هەرچەندە جووڵەی ئەمریکییەکان لە نێوان باڵیۆزخانە و بنکەکاندا بەردەوامە بەڵام ناسنامەی هێزەکان دیار نییە.

٦. پەیوەندی سیاسی

 «ئەم زانیارییانە لە کاتێکدا دێن کە زمانی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران توندتر بووە، و چەندین جار هەڕەشەی "وەڵامێکی توند"ی کردووە ئەگەر تاران بەردەوام بێت لە فراوانکردنی چالاکییە ئەتۆمی و موشەکییەکانی، یان پەنا بباتە بەر   سەرکوتکردنی خوێناوی" خۆپیشاندانە ناوخۆییەکان. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە گواستنەوەی هێز و فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆ بنکەکانی ئەوروپا وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری بژاردە سەربازییەکان.

شارەزایان پێیان وایە کە هەر جێگیربوونێکی پراکتیکی هێزەکانی "دەڵتا" لە عێراق یان وڵاتانی دراوسێی، لەلایەن تاران و بەرەی هاوپەیمانەکانیەوە وەک ئاماژەیەک بۆ ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت یان ورد لێکدەدرێتەوە. ئەمەش ڕەنگە دەرگا بۆ وەڵامدانەوەی ئێران و گرووپە چەکدارە ناوچەییەکان بکاتەوە و جارێکی تر خاکی عێراق بکاتەوە بە گۆڕەپانی فشار و ململانیەکانی نێوان واشنتن و تاران. ئەمە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەلایەن حکومەتی عێراق یان وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پەنتاگۆن) دەرنەچووە کە ئەم هەواڵانە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە پشتڕاست بکاتەوە یان ڕەتیان بکاتەوە.

وتاری نووسەران