ڕێگای کوردستان


بڕیارە ڕۆژی شەممە، ١١ی نیسان، پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کۆببێتەوە، بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوە لەم وادەیە، ناكۆکییە سیاسییەکان قووڵتر دەبنەوە. 
فراکسیۆنی پارتی  ڕەتیدەکاتەوە بەشداری دانیشتنەکە بکات و وەک خۆیان دەڵێن هۆکاری بایکۆتەکە نەبوونی کۆدەنگی نیشتیمانیە.
فەرهاد ئەترووشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان، ڕایگەیاند کە بەهۆی نەبوونی کۆدەنگیی نیشتمانی و سیاسی، دژی کارنامەی دانیشتنەکەن و سیاسەتی سەپاندنی ئەمری واقیع ڕەتدەکەنەوە. پارتی جەخت دەکاتەوە کە دەبێت ڕایان لەسەر کاندیدی سەرۆک وەزیرانیش هەبێت.
لە بەرامبەردا، هەریەکە لە هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەت بە سەرۆکایەتی عەمار ئەلحەکیم ، حزبی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبووسی و فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی ڕایانگەیاند، کە بە سەرجەم ئەندامەکانیانەوە لە دانیشتنەکە بەشدار دەبن. 
ئەم لایەنانە دانیشتنەکە بە ئیستحقاقێکی دەستووری ناو دەبەن و دواخستنی ڕەتدەکەنەوە، بە ووتەی ئەوان ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە چەقبەستوویی سیاسی و تەواوکردنی بونیادی دامەزراوەکانی دەوڵەت. 
ئەم دابەشبوونە نیشانی دەدات کە هێشتا لێکتێگەیشتنی کۆتایی لەنێوان جەمسەرە سەرەکییەکاندا نییە و ئەگەری هەیە جارێکیتر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دوابخرێت.

وتاری نووسەران