
ماڵپەڕی (جریدة العرب) ڕاپۆرتێکی بە ناونیشانی ناکۆکییەکانی نێوان کورد و کورد ڕێڕەوی ڕێککەوتن لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆماری عێراق ئاڵۆز دەکەن بڵاو کردووەتەوە و تێیدا دەڵێت: دۆسیەی سەرۆکایەتی پەرلەمان یەکلاکرایەوە و پۆستەکە بە کەسایەتیەکی سوننەی عەرەب "هەیبەت حەلبوسی" سپێردراوە، لە کاتێکدا دیاریکردنی سەرۆکوەزیران و سەرۆک کۆمار هێشتا لە ناوەندی دانوستانە چڕەکان و تەنانەت مامەڵە و بازاڕکردنی سیاسی نێوان ئەو هێزانەدایە کە پەیوەندیدارن بەو دوو پۆستەوە هەیه.
بەپێی عورفی سیاسی، پۆستی سەرۆکوەزیران پشکی پێکهاتەی شیعەیە، لە کاتێکدا پۆستی سەرۆک کۆمار بەپێی هەمان عورف پشکی پێکهاتەی کوردە. بەڵام عورفێکی لاوەکی دیکە تا ئێستا وابووە کە پۆستەکە بۆ یەکێتیی بێت، ئەمەش ئەو بابەتەیە کە پارتی ڕکابەری گەورەی، پابەندنەبوونی خۆی پێوە ڕاگەیاندووە و ئاماژەی بەوە کردووە کە هیچ ڕێگرییەک نییە بۆ لادان لەو عورفە.
ماڵپەڕەکە دەڵێت ئەم بابەتە لە چوارچێوەی ئەو ململانێیانەدایە کە لە نێوان هەردوو پارتەکەدا (پارتی و یەکێتی) سەبارەت بە چەند پرسێک هەیە، کە لە سەرووی هەموویانەوە شێوازی دابەشکردنی دەسەڵات و پۆستەکانە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە هێشتا پێکهێنانی بە هەڵواسراوی ماوەتەوە بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوانیان لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم کە زیاتر لە ساڵێکە تێپەڕیوە.
چوونە ناوەوەی پارتی وەک ڕکابەرێکی جیدی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق -کە یەکێتی بە توندی دەستی پێوە گرتوو دەبێتە هۆی ئاڵۆزییەکی زیاتر لە پرۆسەی یەکلاکردنەوەی پۆستەکە، کە تەواوکردنی پێکهێنانی دەسەڵاتەکان لە وادە دەستوورییەکاندا بەوەوە بەستراوەتەوە.
بەپێی دەستووری عێراق، پێویستە لە ماوەی سی ڕۆژدا لە دوای بەڕێوەچوونی یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمان، سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت. ئەو دانیشتنە لە بیست و نۆی مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردوو (٢٠٢٥) ئەنجامدرا.
لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا هاتووە ، چوارچێوەی هەماهەنگیی لە کۆبوونەوەیەکیاندا لەگەڵ یەکێتی جەختیان لە گرنگی ئەوە کردووەتەوە کە پێویستە هێزە کوردییەکان یەک کاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هەبێت.
سەلام زوبەیدی لە هاوپەیمانی نەسڕ ڕایگەیاندووە، بۆچونی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ یەکێتی ئەوە بووە کە پێویستە لەگەڵ پارتی بگەنە ڕێککەوتن لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆمار، نەک بە دوو کاندیدەوە بچنە ناو پەرلەمان، چونکە هەبوونی زیاتر لە کاندیدێک چوارچێوەی هەماهەنگی تووشی شەرمەزاری دەکات لە دیاریکردنی ئەوەی دەنگ بە کێ بدەن".
دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لە سی و یەکی مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردوو کراوەتەوە و تا چواری ئەم مانگە (کانوونی دووەمی ٢٠٢٦) بەردەوام دەبێت، پێویستە کاندیدەکان لەو ماوەیەدا بە فەرمی ناوەکانیان لە پەرلەمان تۆمار بکەن.
زوبەیدی ئاماژەی بەوە کردووە کە یەکێتی لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی چەند کاندیدێکی پێشنیار کردووە کە دیارترینیان نزار ئامێدی بووە. وتیشی کە چوارچێوەی هەماهەنگی هیچ تێبینییەکی لەسەر ناوبراو نییە، چونکە ئاشنای پاشخان و کارەکانیەتی، نزار ئامێدی پێشتر وەک وەزیری ژینگە لە سەرەتای پێکهێنانی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی دەستبەکاربوو، پێش ئەوەی پۆستەکەی بۆ هەڵۆ عەسکەری بەجێبهێڵێت لە پشکی یەکێتی.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا (جريدة العرب) ئاماژەی پێدەکات، دەستپێکردنی دووبارە پێکهێنانەوەی پێکهاتەکانی دەسەڵاتی فیدراڵی عێراق لە ژێر تیشکی ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان و ئەو دابەشکارییەی کە پێویستە لە نێوان کارەکتەرە جیاوازەکانی پرۆسەی سیاسی هەبێت، ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو پارتە سەرەکییە ڕکابەرەکەی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە بە ئاشکرا گەڕاندەوە ناو گۆڕەپانی سیاسی. ئەم دوو پارتە ناکۆکییەکانی خۆیان سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەتی هەرێم گواستەوە بۆ بەغدا، کە لەوێدا بازاڕی ململانێ و مامەڵە و ڕێککەوتنەکان لەسەر دابەشکردنی پێگەکانی دەسەڵات و پۆستەکان گەرم بووە.
ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو پارتی فەرمانڕەوای هەرێمی کوردستان بووەتە هۆی پەککەوتنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنیدا، هەروەها پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمیشی پەکخستووە. ئەمەش بەهۆی ناکۆکی لەسەر پۆستەکان و داواکارییەکانی یەکێتی بۆ زیادکردنی پشکەکانی لە پێگە سەرۆکایەتیەکاندا، کە پارتی ئەمە وەک شکاندنی عورفەکان و تێپەڕاندنی سەنگی هەڵبژاردن و نوێنەرایەتی پەرلەمانی دەبینێت.