
ڕێگای کوردستان
لەگەڵ ڕاگەیاندنی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، پێکهاتەی تورکمان نیگەرانی خۆیان دەربڕی لە بەرانبەر پەراوێزخستنیان لە حکومەت.
سەرباری ئەوەی تورکمان وەک سێهەم پێکهاتەی سەرەکی لە عێراق دەناسرێت، بەڵام لە دابەشکاریی وەزارەتەکاندا هیچ پۆستێکی وەزارییان پێنەدراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ساڵی ۲۰۲۰ و لە کابینەکەی مستەفا کازمی، پۆستی وەزیری دەوڵەت بە تورکمان درا، بەڵام لە دوای ئەو و لە حکومەتەکانی سوودانی و زەیدی، ئەم پێکهاتەیە بە تەواوی پەراوێزخراوە.
ئەم دۆخە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و نیگەرانی قووڵی لەناو لایەنە سیاسییەکان و شەقامی تورکمانیدا دروست کردووە.
بەراوردکارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای کەمیی ڕێژەی دانیشتووانی تورکمان و بەشدارییان لە ڕێگەی کورسیی کۆتاوە، بەڵام پێگەیان پارێزراو بووە، جگە لەوەی وەزارەتیان لە حکومەتدا هەبووە، هاوکات پۆستی سکرتێری پەرلەمانیان پێدراوە. بەڵام لە بەغدا، تورکمانەکان وەک نەتەوەیەکی سەرەکی، خۆیان بە قوربانیی هاوکێشە سیاسییەکان دەبینن و داوای گەڕانەوەی مافە دەستوورییەکانیان دەکەن.
