سەرچاوەیەکی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە (٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦)، گەیشتنی ئیسماعیل قائانی ، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی بۆ بەغدا لە سەردانێکی ڕانەگەیەندراودا ئاشکرا کرد.

سەرچاوەکە ڕایگەیاندووە"لە سەردانێکی ڕانەگەیەندراو قائانی بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەیشتووەتە بەغدا، بەڵام بە فەرمی لەلایەن هیچ کام لە لایەنی عێراقی یان ئێرانییەوە ڕانەگەیەندراوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە "بەرنامەی سەردانەکە بریتیە لە ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان و کەسایەتییە دیارەکانی گروپە چەکدارەکان، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی بوونی سەربازی بیانی و ڕێکخستنی قۆناغی داهاتوو لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە."

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش دا کە "ئەو کۆبوونەوانەی قائانی ئەنجامیان دەدات، جەخت دەکەنەوە سەر هەڵسەنگاندنی پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ئەم دواییانە، دۆسیەی ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان گروپەکان و دەوڵەت، هەروەها تاوتوێکردنی ڕێڕەوی گفتوگۆی نێوان بەغدا و تاران و واشنتۆن و ئەگەرەکانی پەرەسەندنی گرژییەکان یان هێورکردنەوە لە مانگەکانی داهاتوودا." هەروەها وتیشی: "سەردانەکە بەهۆی هەستیاریی ئەو دۆسیانەی باسیان لێوە دەکرێت، هەوڵ دراوە دوور بێت لە چاوی میدیاکان."

ئیسماعیل قائانی ، فەرماندەی ئێستای فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانە و بەرپرسی ڕاستەوخۆی بەڕێوەبردنی دۆسیەی پەیوەندییەکانە لەگەڵ ژمارەیەک لە گروپە عێراقییەکان. ناوبراو لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار سەردانی بەغدای کردووە، کە زۆربەیان پەیوەست بوون بە پەرەسەندنە ئەمنی و سیاسییە هەستیارەکانی عێراق و ناوچەکە.

وتاری نووسەران