سەرچاوەیەکی ئاگادار،  ڕایگەیاند کە فەرماندەی فەیلەقی قودس لە سوپای پاسدارانی ئێران، ئیسماعیل قائانی، لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا لە سەردانێکی ڕانەگەیەندراودا گەیشتووەتە بەغدای پایتەختی عێراق.
سەرچاوەکە بە ئاژانسی شەفەق نیوزی ڕاگەیاندوە ، قائانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەی گروپە چەکدارەکان ئەنجامداوە، دوای ئەوەش دیداری جیاوازی لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەبووە، کە تێیاندا پەرەسەندنەکانی دۆخی سیاسی وڵاتیان تاوتوێ کردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، گفتوگۆکان جەختیان لەسەر دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ چەقبەستوویی سیاسی کردووەتەوە، لەگەڵ تاوتوێکردنی داهاتووی گروپە چەکدارەکان، لەوانە ئەگەری تێکەڵکردنیان لەنێو دەزگا ئەمنییە فەرمییەکاندا، جگە لە تاوتوێکردنی پرسی جیاکردنەوەی هەندێک لە سەرکردە سیاسییەکان لە باڵە چەکدارەکانیان.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشدا، کۆبوونەوەکان باسیان لە مەلەفی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانیش کردووە، بە جۆرێک باس لە میکانیزمەکانی یەکلاکردنەوەی و کارکردن بۆ لێکنزیککردنەوەی تێڕوانینەکان لەنێوان هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە دیاریکردنی کاندیدێکی سازان کراوە.

وتاری نووسەران