
ڕێگای کوردستان
دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی عێراق بڕیارێکی هەستیاری دەرکرد و تێیدا دەسەڵاتی مافی وەڵامدانەوە و بەرگریکردن لە خۆی بەخشییە حەشدی شەعبی و دەزگا ئەمنییەکان، وڵات بەرەو قۆناغێکی نادیار و پڕ لە مەترسی هەنگاو دەنێت.
بە بۆچونی چاودێرانی سیاسی، ئەم بڕیارە کە وەک وەڵامێک بۆ هێرشە دەرەکییەکان بۆ سەر بارەگاکانیان دێت، زەنگێکی مەترسیدارە بۆ ئەگەری تێوەگلانی ڕاستەوخۆی عێراق لە ململانێ هەرێمییە گەورەکاندا.
زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی ئەم بڕیارە وەک جۆرێک لە نیمچە ڕاگەیاندنی جەنگ دەبینن، کە ڕەنگە عێراق بکاتە ئامانجی ڕاستەوخۆی هێرشە قورس و کوشندەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.
چاودێران دەپرسن، ئایا وڵاتێکی ماندووی وەک عێراق لە جەنگێکدا کە بەرژەوەندییەکانی بۆ هێزە دەرەکییەکانە، چی دەستدەکەوێت؟ بێگومان هیچ، جگە لە تێکچوونی ئاسایش و پاشەکشەی ئابوورییەکی فشەڵ.
شارەزایانی سەربازی دەڵێن، لە ڕووی هاوسەنگی هێزەوە، عێراق خاوەنی ئەو توانایە نییە کە بتوانێت بەرگەی جەنگێکی مۆدێرنی تەکنەلۆژی بەرامبەر زلهێزێکی وەک ئەمریکا و ئیسرائیل بگرێت،
پێشیان وایە، تێوەگلانی گروپە چەکدارەکان لەم رەوڕووبوونەوەیەدا، تەنها دەبێتە هۆی وێرانبوونی ژێرخانی وڵات و لەدەستدانی ئەو دەستکەوتە کەمە ئابوورییانەی لە ساڵانی ڕابردوودا بەدەستهاتوون.
هەروەها جەختی لەسەر دەکەنەوە، ئەم بڕیارە ئەگەر بە ژیرییەکی سیاسیی قووڵ مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت، دەبێتە هۆی کارەساتێکی مرۆیی و ماڵوێرانییەکی گەورە بۆ عێراقییەکان، گەلێک کە تینووی ئاشتییە، ئێستا لەبەردەم مەترسی گەمارۆی نێودەوڵەتی و هەڵاوسانی دارایی و ئاوارەیی نوێدایە.
چاودێران ئەوەش دەڵێن، عێراق لەبری ئەوەی ببێتە پردی چارەسەر، خەریکە دەبێتە ناوەندی ئاگری جەنگێک کە تەنها هاووڵاتیانی بێتاوان باجە قورسەکەی دەدەن و داهاتووی نەوەکانیش دەخاتە ناو تەمومژێکی ترسناکەوە کە هیچ ڕێگەیەکی گەڕانەوەی تێدا نییە بۆ باری ئاسایی.