
🔻زیانەکان ٢٠ ملیار دۆلار تێدەپەڕێنن
🔻نەوتدا کە سەرچاوەی سەرەکی ٪٩٠ی داهاتی دەوڵەتە
ڕێگای کوردستان
کەرتی نەوتی عێراق بەدەست لێکەوتە قورسەکانی گرژییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەوە دەناڵێنێت، کە بووەتە هۆی پەککەوتنی هەناردەکردن و دروستبوونی کورتهێنانی بەرچاو لە بودجەی گشتی وڵاتدا بۆ ساڵی ٢٠٢٦.
بەپێی ڕاپۆرتە ئابوورییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، لە دوای دەستپێکردنی شەڕەکەوە لە ٢٨ی شوبات و تهنانهت دوای ڕاگرتنی فەرمی هێرشەکان لە ٨ی نیسانی ڕابردووشدا، عێراق نەیتوانیوە ئاستی هەناردەی پێشووی خۆی کە ڕۆژانە زیاتر لە ٣.٣ ملیۆن بەرمیل بوو بپاریزێت. داخستنی ڕێڕەوە دەریایییەکانی کەنداو و پەککەوتنی گەرووی هورمز، کە شادەماری سەرەکی گواستنەوەی نەوتی بەسرەیە، زیانێکی دارایی گەورەی بە وڵاتەکە گەیاندووە کە بە نێوان ١٦ بۆ ٢٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
ئەم پەککەوتنە تەنها پەیوەست نەبوو بە ماوەی گرژییە سەربازییەکانەوە، بەڵکو لێکەوتە لۆجستییەکانی وەک تێکچوونی بەشێک لە ژێرخانەکان و بەرزبوونەوەی تێچووی دڵنیایی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و دوودڵی کۆمپانیا جیهانییەکان، تا ئێستاش ڕێگرن لە گەڕانەوەی تەواوەتی هەناردە بۆ دۆخی ئاسایی.
لە لایەکی تریشەوە، هێڵی بۆری (کوردستان - جەیهان) نەیتوانیوە وەک جێگرەوەیەک بۆ قەرەبووکردنەوەی بەشێک لەو داهاتە کار بکات.
بەبۆچوونی شارەزایان و پسپۆڕانی ئابووری، بەردەوامبوونی ئەم سستییە لە کەرتی نەوتدا کە سەرچاوەی سەرەکی ٪٩٠ی داهاتی دەوڵەتە، فشاری قورسی خستووەتە سەر یەدەگی دراوی بیانی لە بانکی ناوەندی عێراق. پسپۆڕان هۆشداری دەدەن ئەگەر بە زوویی پرۆسەی هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت ئاسایی نەبێتەوە، دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و بودجەی وەبەرهێنان لە مانگەکانی داهاتوودا ڕووبەڕووی قەیرانێکی ڕاستەقینە دەبێتەوە.
