
هەر یەک لە وڵاتانی (سعودیە، ئیمارات، کوێت، قەتەر، بەحرەین و ئوردن)، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕێگەی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشەوە، ناڕەزایەتییەکی توندیان بەرامبەر هێرشە بەردەوامەکانی ئێران و گروپە میلیشیاکانی سەر بە تاران لە ناوچەکە دەربڕی.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا بە تایبەت جەخت لەسەر ئەو هێرشانە کراوەتەوە کە میلیشیاکان لە ناو خاکی عێراقەوە ئاراستەی وڵاتەکانیانی دەکەن.
ئەم شەش وڵاتە وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا، داواکارییەکی ڕوونیان ئاراستەی حکومەتی عێراق کردووە تا دەستبەجێ ڕێکاری پێویست و جدی بگرێتەبەر بۆ ڕاگرتنی چالاکیی ئەو گروپانەی کە خاکی عێراق وەک سەکۆیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاردەهێنن. ئاماژەیان بەوەش کردووە کە ئەم هەنگاوە بۆ پاراستنی پەیوەندییە "برایانەکان" و ڕێگری لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان زۆر پێویستە.
لە لایەکی دیکەوە، وڵاتە عەرەبییەکە جەختیان لەوە کردەوە کە مافی تەواوی خۆیانە بەرگری لە سەروەریی خاکیان بکەن بەرامبەر هەر جۆرە دەستدرێژییەک. هاوکات، لە بەشێکی تری پەیامەکەیاندا، بە توندی سەرکۆنەی پلان و چالاکییە "تێکدەرانەکانی" ئەو شانە نوستووانەیان کرد کە سەر بە ئێرانن یان پەیوەندییان بە ڕێکخراوی (حزبوڵا)وە هەیە و هەوڵی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەدەن.