
سوپای پاسدارانی ئێران،هەڕەشە لە خۆپێشاندان دەکات و ڕایگەیاندووە کە چیتر ڕێگە بە بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان نادرێت و چاوپۆشی لەو کەسانە ناکرێت کە بەهۆی دابەزینی نرخی دراوی نیشتمانی و خراپیی دۆخی ئابووریی وڵاتەکەوە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.
ماوەی چەند ڕۆژێکە ئێران شەپۆلێکی بەرفراوانی خۆپیشاندان بەخۆوە دەبینێت، ئەمەش بووەتە تەحەدایەکی نوێ بۆ دەسەڵاتدارانی ئەو ووڵاتە و لە سەرووی هەمووشیانەوە عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران کە لە ساڵی ١٩٨٩وە لە دەسەڵاتدایە.
خۆپیشاندانەکان زیاتر لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئێران چڕبوونەتەوە کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی لە نەتەوەکانی کورد و لوڕن.
لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن فەرماندەیی سوپای پاسداران لە پارێزگای لوڕستان (ڕۆژئاوای ئێران) بڵاوکراوەتەوە و ئاژانسی "ئیسنا" گواستوویەتیەوە، هاتووە: "ماوەی لێبوردەیی و چاوپۆشی بەرامبەر ئەنجامدەرانی ڕووداوەکانی ئەم دواییانە کۆتایی هات."
لە بەیاننامەکەدا،سوپای پاسداران خۆپیشاندەران بە "بەکرێگیراوی دوژمنانی دەوڵەتی ئێران" وەسف کردووە. هەروەها هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە "هاندەران و ڕێکخەران و سەرکردەکانی ئەم ڕووداوانە کە دژی ئاسایشن"، لە زووترین کاتدا و لە چوارچێوەی یاسادا ڕووبەڕووی سزای توند دەکرێنەوە.