سەرۆكی ئەمەریكا بەهۆكاری پشگیری نەكردنیان لە شەڕ، بیر لە سزادانی هەندێك لە وڵاتانی سەر بەناتۆ دەكاتەوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، پێشنیازەکە بریتییە لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی هاوپەیمان کە واشنتن بە ناهاوکاری دەزانێت لە شەڕی دژی ئێران و جێگیرکردنیان لەو وڵاتانەی کە پاڵپشتی زیاتریان بۆ هەڵمەتی سەربازی ئەمریکا کردوە.
ترەمپ پێشتر ئاماژەی بەوەدابو کە ڕەنگە ئەمریکا بیر لە کشانەوە لە ناتۆ بکاتەوە دوای ئەوەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ چاوپۆشییان لە بانگەوازەکەی کرد بۆ کردنەوەی گەروی هورمز کە هێڵێکی گرنگی کەشتیوانییە، دوای ئەوەی ئێران گەروەکەی داخست.
کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی کاتێک پێشتر ڕۆژی چوارشەممە پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا ترەمپ هێشتا بیر لە کشانەوە لە ناتۆ دەکاتەوە، وتی، "ئەمە بابەتێکە کە سەرۆک باسی کردوە و پێموایە دوای چەند کاتژمێرێک لەگەڵ مارک ڕوتە، سکرتێری گشتی ناتۆ دەبێتە بابەتێکی گفتوگۆ".
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە بەجیا لەگەڵ ڕوتە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆبوەوە، ئەمەش پێش دانوستانەکانی کۆشکی سپی.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە، ڕوبیۆ و ڕوتد باسی شەڕەکەیان لەگەڵ ئێران کردووە، لەگەڵ هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ دانوستان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیا و "زیادکردنی هەماهەنگی و دابەشکردنی بارگرانی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ناتۆ".
سەرەڕای ئەوەی کە رۆژی 28ی شوباتی ئەمساڵ هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیێکرد و دواتریش سوپای پاسداران وەڵامی هێرشەکانی دایە و گەروی هورمزی داخست، بەڵام وڵاتانی ناتۆ پشتیوانی هێرشەکەی سەر ئێرانیان نەکرد و داوایکرد شەر رابگیردرێت و بە گفتوگۆ پرسەکان چارەسەر بکرێت.

وتاری نووسەران