
چەند ڕۆژێکی کەم بەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلایەن هەیبەت حەلبووسی تێنەپەڕیوە، کە دەنگی ناوەندە مافپەروەرەکان بەرزبووەوە و تۆمەتباری دەکەن بە پێشێلکردنی دەستوور و هەڕەشەکردن لە ئازادیی ڕا و دەربڕین؛ ئەمەش لەسەر بنەمای ئەوەی کە دەگوترێت "پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی سیاسی کردووە و هەڕەشەی ڕاستەوخۆی لێ کردوون" بەهۆی ڕەخنەگرتنیان لە ئەدای کارەکانی.
حەلبووسی کە سەرکردەیە لە حزبی "تەقەدوم"، لە ٢٩ی کانوونی یەکەمی ڕابردوودا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی گرتە دەست. پێشتریش چەندین جار ڕەخنە لە سەرکردەکانی ئەو حزبە گیراوە کە (محەمەد حەلبووسی) سەرۆکایەتی دەکات، سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی ئۆپۆزسیۆن.
ناوەندی عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەو کارانەی سەرۆکی پەرلەمانی بە "پێشێلکاری" ناوبرد و ئیدانەی کرد، و ڕایگەیاند کە ئەمە دەستدرێژییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئازادیی ڕا دەربڕین و پێشێلکردنێکی ڕوونی دەقەکانی دەستووری عێراقە، بەتایبەتی ماددەی (٣٨)، هەروەها بە پێشێلکارییەکی مەترسیدار بۆ سەر پرەنسیپەکانی سیستەمی دیموکراسی و ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان دایە قەڵەم.
ناوەندی عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەڵگەی ئەوەیان لایە کە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران "بە شەخسی پەیوەندیی بە چەندین ڕۆژنامەنووس، چالاکوان و چاودێرانی سیاسییەوە کردووە و ڕاستەوخۆ هەڕەشەی لێ کردوون"، ئەمەش بەهۆی ئەوەی مافی ڕەوای خۆیان بەکارهێناوە لە ڕەخنەگرتنی ئاشتییانە و باسکردنی ئەدا و ڕەفتارە گشتییەکانی، لەوانەش تێبینییەکان سەبارەت بە پڕۆتۆکۆڵی فەرمی، وێنەی گشتیی دامەزراوەی پەرلەمان و شێوازی نوێنەرایەتیکردنی سەرۆکی پەرلەمان بۆ دەوڵەتی عێراق وەک پۆستێکی سەروەری.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "بەکارهێنانی زمانی هەڕەشە، چ لە ڕێگەی یاساوە بێت یان هەژموونی کۆمەڵایەتی و خێڵەکی، ڕەفتارێکی ڕەتکراوەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە دەوڵەتی دامەزراوەیی یان پرەنسیپی سەروەریی یاساوە نییە"، جەختیشی کردەوە کە ئەم ممارەسانە وەک "یەکەمین پێشێلکاریی ئاشکرا و ڕاستەوخۆی ئازادیی ڕادەربڕین" ئەژمار دەکرێن کە لە لوتکەی دەسەڵاتی تەشریعییەوە دەرچووبێت، ئەمەشی بە کارێکی "زۆر مەترسیدار" ناوبرد.
ناوەندەکە ئاماژەی بەوەش دا کە ڕوودانی ئەم پێشێلکارییانە "تەنها ماوەیەکی کەم دوای وەرگرتنی پۆستەکە، ڕەنگدانەوەی شکستی ئاشکرایە لە یەکەم تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە بۆ ڕێزگرتن لە ئازادییە گشتییەکان"، کە نە لەگەڵ سروشتی سیستەمی دیموکراسی دەگونجێت و نە لەگەڵ ئەو ڕۆڵە دەستوورییەی کە چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکی پەرلەمان بیگێڕێت وەک پارێزەری فرەیی و دیالۆگی ئازاد.
ناوەندی عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ جەختی کردەوە کە "ڕەخنەی ئاشتییانە، هەرچەندە توند یان ناخۆشیش بێت، بەشێکی ڕەسەنی کاری دیموکراسی و ئامرازێکە بۆ چاکسازی و لێپرسینەوە"، هۆشداریشی دا کە هەر هەوڵێک بۆ بێدەنگکردنی دەنگە ڕەخنەگرەکان یان ترساندنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان، پێشێلکارییەکی ڕاستەوخۆی ماددەی (٣٨)ی دەستووری عێراقە، جگە لەوەی دژی ماددەی (١٩)ی پەیمانی نێودەوڵەتیی تایبەت بە مافە مەدەنی و سیاسییەکانە.
بەیاننامەکە جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوامبوون لەسەر ئەم ڕێچکەیە "تەنها سوکایەتی بە کەسەکان نییە، بەڵکو سوکایەتییە بە خودی دامەزراوەی پەرلەمان، متمانەی هاووڵاتیان بە ڕێڕەوی دیموکراتی لاواز دەکات و پەیامی نیگەرانکەر سەبارەت بە داهاتووی ئازادییە گشتییەکان لە وڵاتدا دەنێرێت."
ناوەندە مافپەروەرەکە، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی بە "بەرپرسیاری تەواوی ئەم پێشێلکارییانە" دانا، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامبوون لە بەڵگەنامەکردن و بەدواداچوونی یاسایی و میدیایی و ڕەوانەکردنیان بۆ لایەنە نیشتمانی و نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان، بۆ بەرگریکردن لە ئازادیی ڕادەربڕین وەک "هێڵێکی سوور کە نابێت ببەزێندرێت."
پێشتریش ڕێکخراوە مافپەروەرە ناوخۆییەکان نیگەرانیی خۆیان نیشان دابوو لە سەرکەوتنی ئەو دەنگانەی کە بە هەڵوێستە دوژمنکارانەکانیان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی سیاسی ناسراون بۆ گەیشتن بە پەرلەمان، و داوایان کردبوو کە پێویستە میکانیزمەکانی لادانی پارێزبەندیی پەرلەمانی بەپێی ڕێسا و مەرجی ڕوون کارا بکرێن، بۆ دەستەبەرکردنی مافی دادگاییکردن.