
میدیای فەرمیی ئێران مەرجەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ سەربازییەکان و ڕاگرتنی شەڕ بڵاوکردەوە، کە پێنج خاڵی سەرەکی و ستراتیژی لەخۆدەگرێت.
تاران لە یەکەم هەنگاودا داوای ڕاگرتنی تەواوەتی "دەستدرێژی و تیرۆركردن" دەکات و جەخت لە دروستکردنی میکانیزمێکی نێودەوڵەتی دەکاتەوە تا ڕێگری بکات لە سەپاندنەوەی هەر شەڕێکی دیکە بەسەر وڵاتەکەیدا.
بەپێی مەرجە بڵاوکراوەکانی تاران، دەبێت زیانەکانی شەڕ بە شێوەیەکی گەرەنتی کراو قەرەبوو بکرێنەوە. هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە ڕاگرتنی شەڕ تەنها ئێران نەگرێتەوە، بەڵکو دەبێت لە هەموو بەرەکاندا بۆ هەموو ئەو گروپانەی "بەرگری" (مقاوەمە) کە لە ناوچەکەدا بەشدارن، کۆتایی بە شەڕ بهێندرێت.
لە کۆتا خاڵی مەرجەکاندا، ئێران داوای گەرەنتی و دانپێدانانی نێودەوڵەتی دەکات بۆ پیادەکردنی دەسەڵاتی تەواو و مافی سەروەریی خۆی بەسەر گەرووی هورمزدا، کە ئەمەش وەک یەکێک لە مەرجە هەرە ستراتیژییەکان دەبینرێت بۆ هەر جۆرە ئاگربەستێک لە داهاتوودا.