
لە تاوانێکی دڕندانەدا کە کۆمەڵگەی عێراقی هەژاند، کچێکی تەمەن ١٥ ساڵ بە ناوی (کەوسەر بەشار) لە ناحیەی نەهروانی ڕۆژهەڵاتی بەغدا، لەسەر دەستی مام و ئامۆزاکەی بە شێوەیەکی پڕ لە کینە و دڕندانە کوژرا.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، هۆکاری کوشتنی کەوسەر تەنها ئەوە بووە کە ڕەتیکردووەتەوە، هاوسەرگیری لەگەڵ ئامۆزاکەیدا بکات.
بکوژەکان بە شێوازێکی زۆر دڕندانە تاوانەکەیان ئەنجامداوە، کار گەیشتووەتە ئەوەی هەردوو دەستی بڕنەوەو بە تەور لە کەللە سەری بدەن و بەوەش دڵیان تێر نەخواتەوە، سێ فیشەک لە دڵی بدەن.
ئەوەی بووەتە جێی سەرنج و تووڕەیی چالاکوانان و کەسانی ئازادیخوازو پارێزەرانی مافی ئافرەتان، ئەوەیە کە هۆزەکەی ئەو کچە دوای تاوانەکە ئاهەنگیان گێڕاوە بە ناوی شوشتنەوەی شەرمەزاری. ئەم ڕووداوە دووبارە دۆسیەی توندوتیژی دژی ئافرەتانی لە عێراق کردەوەتەوە، کە ئامارە فەرمییەکان باس لەوە دەکەن ساڵانە ١٥٠٠ ئافرەت لە عێراق بە شێوازی جۆراو جۆر دەکوژرێت ، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت ئامارە نافەرمییەکان زۆر لەو ژمارەی بەرزتر و زیاتر بن.
چالاکوانان داوا دەکەن یاسا سەروەر بێت تاوانباران و و بکوژانی ئەم کچە لە پێش چاوی هاووڵاتیان توندرین سزا بدرێن، تا ببنە پەند بۆ هەر کەسێک کە بیر لە توندوتیژی و کوشتنی ئافرەتان دەکاتەوە لەژێر پەردەی دابونەریتی هۆزایەتیدا.
داواش دەکەن ئەو کەسانەی بەناوی شوشتنەوەی شەرمەزاری ئاهەنگیان گێڕاوە، لە سزای یاسایی دەرباز نەکرێن.
