
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاشکرای کرد، ئۆپۆزسیۆنی ئێران گومانیان لە بەڵێنەکانی واشنتن هەیە و ترسی ئەوەیان لێنیشتووە لە ناوەڕاستی جەنگدا ئەمریکا پاشەکشە بکات، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەو کارە ناکەن.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" ڕایگەیاند، ستیڤن ویتکۆف و جارید کۆشنەر دانوستانی چڕوپڕ لەگەڵ لایەنی ئێرانی بەڕێوەدەبەن و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نزیک بوون لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ دانوستانی ڕاستەوخۆ، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە گەیشتن بە "هێڵی کۆتایی" لەگەڵ ئێرانییەکان کارێکی قورسە.
سەبارەت بە پەیوەندییان لەگەڵ نەیارانی ناوخۆی ئێران، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە پشتیوانی لە لێدان لە دامەزراوەکانی وزە و کارەبای ئێران دەکەن، بەڵام گەورەترین نیگەرانییان ئەوەیە کە ئەمریکا لە نیوەی ڕێگادا بە تەنیا بیانهێڵێتەوە.
ئەم لێدوانانەی ترەمپ دوای ئەوە دێن کە ناوبراو هەستی کردووە لایەنی ئێرانی لە دانوستانەکاندا جدی نین، ئەمەش وای کردووە واشنتن فشارەکانی بۆ سەر تاران زیاتر بکات و هاوکات لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن و دانوستانکارانیشدا لە پەیوەندیدا بێت.