
ئەمڕۆ لە دادگای کەرخی رەسافە لە بەغداد، دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی عەجاج تکریتی ناسراو بە جەلادەکەی نوگرە سەلمان بەڕێوەدەچێت؛ پارێزەری دۆسیەکەش دەڵێت، بەهۆی ئەوەی تۆمەتبار دانی بە تاوانەکانیدا ناوە، ئەگەری هەیە هەر ئەمڕۆ بڕیاری کۆتایی بدرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٤ـی ئایاری ٢٠٢٦، دوای ئەوەی یەکەم دادگایی عەجاج حەوتی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، ئەمڕۆ لە ناو دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافە لە شاری بەغداد، دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی عەجاج تکریتی ناسراو بە جەلادەکەی نوگرە سەلمان بەڕێوەدەچێت.
لە دانیشتنی یەکەمدا کە حەوتی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، زیاتر لە ٢٠٠ شایەتحاڵ ئامادەبوون و لەو دانیشتنەدا سکاڵای یاسایی ٢٢ کەس رووبەڕووی عەجاج کرایەوە، کە هەموویان قوربانی و شایەتحاڵی ئەو تاوانانە بوون کە لە زیندانی (نوگرە سەلمان) ئەنجام دراون.
