
ئەمریكا لە چوارچێوەی هەڵمەتی توڕەیی ئابوریدا سزا بەسەر حەوت سەرکردەی گروپە چەكدارەكانی عێراقییەکاندا سەپاند كە پێكهاتون لە سەرکردەكانی "کەتایبی حزبوڵا، عەسائیب ئەهلی حەق، حەرەكەی نوجەبا و کەتایبی سەیدلشوهەدا".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، نوسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکان (OFAC) حەوت فەرماندەی گروپە چەكدارەكانی عێراقی وەک بەرپرسی داڕشتن، ئاڕاستەکردن و ئەنجامدانی هێرش دژی کارمەندان، دامەزراوە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریكا لە عێراق دیاریکرد و سزای بەسەردا سەپاندن.
ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەو کەسانەی لە هەنگاوەکەی ئەمڕۆدا کراونەتە ئامانج، سەرکردەی هەندێک لە توندوتیژترین ڕێکخراوە چەكدارییەكانی عێراقن کە هاوپەیمانی ئێرانن، لەوانە، کەتائیب حزبوڵا، کەتائیب سەید ئەلشوهەدا، حەرەکەی نوجەبا و عەسائیب ئەهلی حەق".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، "ئەم گروپانە بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەک کار دەکەن، هێرش دەکەنە سەر کارمەندانی ئەمریکی و هاوڵاتیانی مەدەنی بێتاوان لە سەرانسەری عێراق، سامانی عێراق بۆ دابینکردنی دارایی چالاکییە تیرۆریستییەکانیان بەتاڵان دەبەن، و سەروەریی عێراق و پرۆسە دیموکراسییەکان تێکدەدەن".
لایخۆیەوە سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا وتی، "ڕێگە نادەین گروپە تیرۆریستەکانی عێراق کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، هەڕەشە لە ژیان یان بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بکەن. ئەو کەسانەی زەمینە بۆ توندوتیژی ئەم گروپانە خۆش دەکەن، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، سەركردەكان بریتین لە؛ "هوشام هاشم جەیسوم" ڕاهێنەری سەربازیی حەرەکەی نوجەبا، "عەممار جاسم کازم، ڕەزوان یوسف حەمید و حەسەن دیاب" لە کەتائیب حزبوڵا، سەفا عەدنان جەبار لە عەسائیب ئەهلی حەق، لەگەڵ خالید جەمیل و سەعید کازم موخەمیس لە کەتائیب سەید ئەلشوهەدا.
وەک ئەنجامێکی هەنگاوەکەی ئەمڕۆ، هەمو موڵک و بەرژەوەندییەکانی ئەو کەسە دیاریکراو یان بلۆککراوانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێکراوە کە لە ویلایەتە یەکگرتوەکاندان یان لەژێر دەسەڵات و کۆنترۆڵی کەسانی ئەمریکیدان، بلۆک دەکرێن و دەبێت ڕاپۆرت بۆ OFAC بکرێن. جگە لەوەش، هەر قەوارەیەک کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بە تاک یان بە کۆمەڵ، 50% یان زیاتری لەلایەن یەکێک یان زیاتر لە کەسە بلۆککراوەکانەوە خاوەندارێتی بکرێت، ئەویش بلۆک دەکرێت.