
مەسعود پزیشکیان مەرجی ئێران لابردنی گەمارۆكانە و بەپێچەوانەوە ناچینە هیچ دانوستانێكەوە.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی پاکستان، پزیشکیان وتی کە "ئامۆژگارییەکی ڕوونمان بۆ ئەمریکا ئەوەیە کە سەرەتا ئاستەنگەکانی ئۆپەراسیۆن، لەوانەش گەمارۆدان، لاببەن، بە مەبەستی دابینکردنی بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، "تا کردەوەی دوژمنکارانە و فشارە ئۆپەراسیۆنییەکانی ئەمریکا ڕانەگیرێت، دووبارە بنیاتنانەوەی متمانە و پێشکەوتن لەسەر ڕێگای گفتوگۆ ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبێتەوە”.
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە چەند کاتژمێرێک دوای سەفەری عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ ئیسلام ئاباد و وتووێژەکانی لەگەڵ بەرپرسانی پاکستان لەوان شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان بوو.
هەفتەی ڕابردوو و لە سەروبەندی تەواوبوونی ماوەی دیاریکراو بۆ ئاگربەست و دانوستانەکان، دۆناڵد ترەمپ جارێکی دیکە ئاگربەستەکەی درێژکردەوە تا تاران وەڵامێکی گونجاو بۆ داواکارییەکانی واشنتۆن وەردەگرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕایگەیاند کە دەرفەتی تاران بۆ دانوستان و گەیشتن بە ڕێککەوتن بێ سنوور نییە.
بڕیاربوو ڕۆژی شەممە تیمی دانوستانکاری ئەمریکی گەشت بۆ ئیسلام ئاباد بکات، بەڵام نەبوونی ئاسۆی دانوستان و ڕێککەوتن بووە هۆی ئەوەی دۆناڵد ترەمپ گەشتەکەی تیمەکە هەڵبوەشێنێتەوە.
میدیا ناوخۆییەکانی ئێران باس لەوە دەکەن کە عەباس عێراقچی کە بڕیارە بۆ ڕاوێژ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا گەشت بۆ عومان و ڕووسیا بکات، دوای گەشتەکەی بۆ شاری مەسقەت دەگەڕێتەوە ئیسلام ئاباد.
