
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، دۆناڵد ترەمپ فەرمانی کردووە ئامادەکاری بکرێت بۆ سەپاندنی گەمارۆیەکی درێژخایەن بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا لە گەرووی هورمز. ئامانجی سەرەکی ئەم بڕیارە، لێدانە لە سەرچاوە داراییەکانی ئێران و ناچارکردنیەتی بۆ بەتەواوی دەستبەرداربوون لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
ترەمپ پێی وایە بژاردەی گەمارۆ سەلامەتترە لە هێرشی سەربازی یان کشانەوە. هاوکات پێشنیارێکی سێ قۆناغیی ئێرانی بۆ دواخستنی دانوستانەکان ڕەتکردووەتەوە و بە نیشانەی "نەبوونی نیازپاکی" تارانی داناوە، بۆیە فشارەکانی ئەمریکا تا هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەردەوام دەبن.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی ٢٨ی نیسان ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروت سۆشیال" ڕایگەیاند کە ئێران لە دۆخێکی "داڕماندایە" و داوای کرد بە زووترین کات گەرووی هورمز بکرێتەوە.
