
زەڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق ڕایگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە واشنتۆن توانای سەربازیی ئەو گرووپە چەکدارانەی عێراق لەناو ببات کە وەک بریکاری ئێران کاردەکەن.
خەلیلزاد ئاماژەی بەوە کرد، ئەم گرووپانە بەردەوام هێرش دەکەنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و بەرژەوەندییەکانیان لە هەرێمی کوردستان. هەروەها ڕەخنەی توندی لە حکومەتی عێراق گرت و گوتی: بەغدا تەنها بەیاننامەی سەرکۆنەکردن دەردەکات، بەڵام پێدەچێت توانای نەبێت، یان زیاتر خواستی نەبێت ئەو هێرشانە ڕابگرێت.
لە کۆتاییدا، ئەو دیپلۆماتکارە ئەمریکییە داوای کرد فشار بخرێتە سەر محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆ ئەوەی هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە و توند دژی ئەو گرووپانە بگرێتەبەر کە ناوبراو بە تیرۆریست وەسفی کردن.