
ڕێگای کوردستان
سووریا دوای تێپەڕبوونی ساڵانێکی درێژ لە سایەی دیکتاتۆریەتی ئەسەد و پاشان ئەزموونکردنی توندڕەوی شەرع، ئێستا لە قۆناغێکی ئێجگار سەخت و هەستیاردا دەگوزەرێت.
بەپێی ووتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ژیانی خەڵک لەم سەردەمە نوێیەدا لە هەوڵێکی بێپسانەوەدایە تەنها بۆ مانەوە لە ژیاندا.
دابینکردنی نان وەک خەونێکی لێهاتووە، نانەواخانەکان جەنجاڵن و نرخەکان بەهۆی کەمبوونی گەنم و
نەبوونی پاڵپشتی حکومییەوە لە هەڵکشانی بەردەوامدان.
کەرتی خزمەتگوزارییەکان بە تەواوی داڕماوە، ئاو بە تانکەر و بە پارەیەکی زۆر دەکڕدرێت، هەروەها پچڕانی بەردەوامی کارەبا وڵاتەکەی خستووەتە ناو تاریکییەکی کوشندە، چونکە وێستگەکان لە جەنگە یەک لە دوای یەکەکاندا وێران بوونە، هاوڵاتیان بۆ ڕووناککردنەوە پشت بە وزەی خۆر و موەلیدە ئەهلییەکان دەبەستن،بەڵام بەشێکی زۆریشیان توانای دابینکردنی کرێی مانگانەی موەلیدەشیان نیە، بۆیە پشت بەچرا ئامرازە کۆنەکان دەبەستن.
لە ڕووی ئابوورییەوە، گرانبوونی سوتەمەنی بووەتە هۆی پەککەوتنی گواستنەوە و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان.
بازاڕی کار بە تەواوی ئیفلیج بووە و بێکاری گەنجانی بێ ئومێد کردووە.
ئەو کەمینەیەی کار دەکەن، مووچەکانیان تەنها بەشی بژێوی چەند ڕۆژێکی کەم دەکات و ناتوانن پێداویستی خێزانەکانیان دابین بکەن.
سەبارەت بە ئاسایش، هەرچەندە دەنگی چەک و بۆردومانەکان تا ڕادەیەک کەم بوونەتەوە، بەڵام ناسەقامگیری سیاسی و ترسی بەردەوام لە گۆڕانکارییە کتوپڕەکان هێشتا بڕستی لە خەڵک بڕیوە.
سووریا ئێستا لە نێوان پاشماوەی ڕژێمی پێشوو و ئاییندەیەکی ناڕووندا، بۆ گوزەرانی ڕۆژانە تێدەکۆشێت و چاوەڕێی گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینەیە بۆ ڕزگاربوون لەم چەقبەستووییە.