
نووسینی دەشتی بەرزەواری
لە هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، زۆرجار چەمکی «سەرکەوتن» تەنها بە واتای تێکشکاندنی لایەنی دژەبەر نایەت، بەڵکو بە واتای مانەوە و پاراستنی کارتەکانی فشار و ڕێگریکردن لە هەژموونی سەرتاسەری لایەنە بەهێزترەکە دێت.
لە ئێستادا ناوچەکە لەناو ئاگرێکی گەورەدایە، زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، کە ڕاوەستانی شەڕ بە هەر شێوەیەک بێت لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی ئێراندایە.
لە گەڵ ئەو هەموو زیانە مادەی و گیانییەی لە ئیران کەوت، وەك کوشتنی ئەو هەموو سەرکردە سەربازی و ئەمنیە پلە بالایانە لەسەرەوەی هەمووشیان کوشتنی خامنئی، بۆ تێگەیشین لەو سەرکەوتنەی ئێران،چەند خالێکی سەرەکی دەخەینە ڕوو:
یەکەم : پاراستنی گرووپە بریکارەکان.. ئێران لە چەند دەیەی ڕابردوودا سەرمایەگذارییەکی یەکجار گەورەی کردووە بۆ دروستکردن و چالاك کردنی گرووپە چەکدارەکانی وەک حیزبوڵڵا، حەماس، حوسییەکان و گرووپە شیعییەکانی عێراق.
بەو ماناییەی ڕاوەستانی شەڕ لە هەر خاڵێکدا، دەرفەت دەدات بەم گرووپانە بۆ خۆڕێکخستنەوە و مانەوە وەک هێزێکی کارا و پاڵپشتیکاری ئێران، ئەمەش بە واتای مانەوەی هەژموونی ئێران دێت لە وڵاتانی ناوچەکەدا.
بە پێچەوانەوە ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت تا ئاستی تێکشکانی تەواوەتی، ئەوە ئەم گرووپانەی باسمان کردن بە تایبەتی (حیزبوڵڵا)کە گرنگترین قەڵغانی ئێرانە، بە تەواوی سڕ دەبن تا ئاستی نەمان، ئەمەش وا دەکات ئێران دەستەبژێرێکی گەورەی ستراتیژی لەدەست دەدات، کە نەتوانیت جارێکی تر لە ژێنگەیکی تری سیاسی هەناسەیەکی ئارام هەڵمژیت.
دووەم: دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر ناوخۆی ئێران..
گەورەترین ترسی تاران ئەوەیە، کە شەڕەکە پەرەبسەنێت و ڕاستەوخۆ بگاتە ناو خاکی ئێران و بنکە ئەتۆمی و ئابوورییەکانی بکاتە ئامانج. تەختی زەوی بکرێت، هاوکاری هێزە ئۆپزیسۆنرکان نە تایبەتی هێزی هاوپەیمانی رۆژهەلاتی کوردردستان بکرێت، بەلایەنی کەمەوە ناوچەکوردستانییەکانی لەدەست بچێت، لە شارەگەورەکانیشدا خۆپیشاندان سەرتاسەری سەرهەڵبداتەوە، بەتەواوی دەستیان لەبنی هەمبانەکە بێتەدەرەوە، ڕاوەستانی شەڕ، ئەو مەترسیانە ڕاستەوخۆیە لەسەر تاران لادەبات و ڕێگری دەکات لەوەی ئیسرائیل یان ئەمریکا بیانوویەکی گەورەتریان دەستبکەوێت بۆ لێدانی سەری مارەکە وەک لە ئەدەبیاتی سیاسی ئیسرائیلدا دەوترێت.
سێیەم: سەرکەوتنی خۆڕاگری لە ڕووی پڕوپاگەندەوە..
لە دیدگای ئێرانەوە، تەنیا مانەوەی ناوی کۆماری ئیسلامی ئێران بەواتای سەرکەوتن دێت بەسەر ئەمریکاو ئیسرائیل، کە پێیان وابوو لە ماوەیەکی دیارکراوی زۆر کورت کۆماری ئیسلامی ئێرانی دەڕووخێنن!
ئەگەر ئیسرائیل بە هەموو توانای سەربازی و پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکانەوە نەتوانێت حیزبوڵڵا یان حەماس بە تەواوی لەناو ببات و شەڕەکە بوەستێت، ئێران ئەمە وەک شکستی پڕۆژەی زایۆنیستی و سەرکەوتنی بەرەی خۆڕاگری دەفرۆشێتەوە بە شەقامی ئیسلامی و ناوخۆیی خۆی.
ئەمەش شەرعیەتێکی زیاتر دەدات بە سیاسەتە دەرەکییەکانی تاران، کە دواتر ئێران بەهێزتر لەگەڵ دۆست و دوژمنەکانی مامەڵە دەکات.
چوارەم: رەخسانی دەرفەتی ئاساییبوونەوەی باری ئابووری..
ئێران لە هەردوو شەری یەکەم و دووەم زیانێکی یەکجار گەورەی کرد بە هۆی تێچوونی شەڕەوە.
وەک دەزانین ئێران لە ژێر سزایەکی قورسدایە و بەردەوامی شەڕ ، فشاری دارایی لەسەر تاران زۆر زیاتر دەکات. ڕاوەستانی شەڕ ڕێگە خۆش دەکات بۆ جۆرێک لە سەقامگیریی کاتی، کە ئێران پێویستییەتی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانە ناوخۆییەکانی و باشترکردنی دۆخی ئابووری لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە.
پێنجەم: گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ لە پێگەیەکی بەهێزەوە..
ئەگەر شەڕ بوەستێت، ئێران دەتوانێت جارێکی تر کارتە سیاسییەکانی بەکاربهێنێتەوە. تاران دەزانێت کە هیچ چارەسەرێکی درێژخایەن لە ناوچەکەدا بەبێ ڕەزامەندی یان بەشداریکردنی ئەو سەرناگرێت. ڕاوەستانی شەڕ واتە گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆی دیپلۆماسی، کە تێیدا ئێران دەتوانێت سازش لەسەر هەندێک خاڵ بکات لە بەرامبەر دەستکەوتی سیاسی و هەڵگرتنی هەندێک سزا.
لە کۆتاتدا دەتوانین بڵێین شەڕ بۆ ئێران ئامرازێکە نەک ئامانج. ئامانجەکە پاراستنی ڕژێم و فراوانکردنی هەژموونی کۆماری ئیسلامییە مانەوەی وەک مەرجعی شیعە لە ناوچەکەدا؛ لە کاتێکدا کە ئێران دەزانێت بەردەوامی شەڕ هەڕەشە لەم دوو ئامانجە دەکات، بۆیە ئێران لە ئێستادا وەستانی شەڕ بە هەر نرخ و شێوەیەک بێت، وەک سەرکەوتنێکی تاکتیکی و ستراتیژی دەبینرێت. چونکە لە کۆتاییدا ئێران، مانەوەی هێزەکانی خۆی لە گۆڕەپانەکەدا بەسەرکەوتن پێناسە دەکات.