
چەسپاندنی بەها باڵاکانی حوکمڕانی و گەیشتن بە کرانەوەی ڕاستەقینە، لە تێپەڕاندنی فۆرمە ڕووکەشەکانەوە سەرچاوە دەگرێت؛ چونکە چەمکی دیموکراسی تەنیا لە چوارچێوەی گۆڕینی دەسەڵات یان سندوقی دەنگداندا کورت نابێتەوە، بەڵکو تێکەڵەیەکی ئاڵۆزە لە ڕێکخستنی یاسایی و بونیادی فەرهەنگی کە پێکەوە شوناسی کۆمەڵگەیەکی هاوچەرخ پێکدەهێنن. ههر بۆیه، کاتێک لەم دیدەوە دەڕوانینە بابەتەکە، زۆرجار ململانێیەک لە نێوان لایەنە "پێکهاتییەکە" و ڕەهەندە "ڕۆشنبیرییەکە" سەرهەڵدەدات. لێرەدا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە کە ئایا دەکرێت سیستمێکی سیاسیی پێشکەوتوو لەناو ژینگەیەکی دابڕاودا جێگیر بکرێت، یان ئەم پرۆسەیە بەر لەوەی دەزگایەک بێت، ڕەفتار و هۆشیارییەکی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییە؟ لەم ڕوانگەیەوە، لایەنە جیاوازەکانی ئەم هاوکێشەیە پەیوەستن بەو ئاستەنگە هەمەجۆرانەی بەرەوڕووی کۆمەڵگە نافەرمییەکان دەبنەوە؛ بەتایبەت لەو ناوەندانەی کە هێشتا بەستەرە خێڵەکی و ئایینی و نەریتییەکان تێیاندا کاریگەرترن لە چەمکی هاووڵاتیبوون و سەروەریی یاسا.
ئۆپۆزسیۆن وەک پایەی سیستەم
هێزی ڕاستەقینەی هەر سیستمێکی پێشکەوتوو، لە پتەویی ئەو دەزگا و ڕێکارانەوە سەرچاوە دەگرێت کە مافپەروەری بەرهەم دەهێنن؛ چونکە کاتێک لە ڕوانگەیەکی زانستی و پێکهاتەییەوە بۆ پایەکانی حوکمڕانی دەڕوانین، لەم ئاستەدا، دیموکراسی وەک کۆمەڵێک میکانیزمی کارا دەردەکەوێت کە ئامانجیان دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و ڕێگریکردنە لە ستەمکاری. ئەم ڕەهەندە پشت بە دەزگا فەرمییەکانی وەک پەرلەمان، حکومەت، دادگای سەربەخۆ و دووبارەبوونەوەی هەڵبژاردن دەبەستێت. لێرەدا دەوڵەت وەک پێکهاتەیەکی گەورە کار دەکات کە تێیدا دەستوور دەبێتە باڵاترین سەرچاوە بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێکان. بە جۆرێک گواستنەوەی ئاشتییانەی فەرمانڕەوایی و بوونی بەرەیەکی ڕەخنەگری کاریگەر، دوو پایەی سەرەکین کە وادەکەن ئەم مۆدێلە وەک سیستەم نیشان بدرێت. گرفتەکە کاتێک دەست پێ دەکات کە ئەم بنەمایانە تەنیا وەک ڕواڵەتێکی دەرەکی پیشان دەدرێن بێ ئەوەی ڕەگەکانی لەناو جەستەی کۆمەڵگەدا ئاوێتە بووبن، کە زۆرجار پێی دەگوترێت "فۆرمی کارتۆنی" یان ڕووکەش.
ئاگایی گشتی و مانەوەی حوکمڕانی
پشتبەستن بە توانا و ئاگایی تەبای گشتی، ڕەسەنترین مەرجی مانەوەی هەر فەرمانڕەواییەکی گەلپەسەندە؛ کاتێک لە لایەنە فیکری و مرۆڤایەتییەکانی ئەم چەمکە ورد دەبینەوە، دەبینین کە ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی ئەم شێوازە لە ژیان قووڵترە لە سندوقی دەنگدان، چونکە پەیوەندی بە بیرکردنەوە و ئاستی تێگەیشتنی کۆمەڵگەوە هەیە. ئەم مۆدێلە وەک فەرهەنگ واتە قبووڵکردنی ئەویتر، بڕوابوون بە فرەیی، ڕێزگرتن لە مافی کەمینەکان و چەسپیاندنی گفتوگۆ لەبری ململانێ. لهم ڕوانگهیهوه، کاتێکدا کلتوورێکی کراوە و پێشکەوتوو لەناو خەڵکدا باڵادەست بێت، تاکەکان هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن و ڕەخنە وەک ئامرازێکی چاکسازی دەبینن نەک وەک هێرش بۆ سەر پیرۆزییەکان. چونکە بەبێ بوونی ئەم جیهانبینییە، پایە فەرمییەکان تەنیا دەبنە بەرگێکی بەتاڵ کە بە ئاسانی لەلایەن پۆپۆلیستەکان یان هێزە کلاسیکییەکانەوە کۆنترۆڵ دەکرێن. بە واتایەکی دی، ڕەوتی گەشەکردنەکە پێویستی بە پەروەردەیەکی درێژخایەن هەیە کە لە خێزانەوە سەرچاوە دەگرێت و لە ناوەندەکانی خوێندندا گەشە دەکات.
دادپەروەری؛ دروشم یان واقیع
شکۆمەندیی هەر سیستەمێکی ڕەسەن، لە توانای هێنانەکایەی چەمکی هاووڵاتیبووندایە نەک تەنیا سەپاندنی یاسا؛ ئەم واقیعەش کاتێک بە قووڵی درکی پێدەکرێت کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەسەڵات و دەزگا حکومییەکان سەیری بونیادی پەیوەندییەکان دەکەین، بەو پێیەی لەوێدا کۆمەڵگە نافەرمییەکان وەک پێکهاتەیەکی گشتیی خاوەن دەزگای نیشتمانیی لاواز دەردەکەون. لە بەرانبەردا، ئینتیما بۆ گرووپە بچووکەکانی وەک خێڵ، تیرە یان ناوچەگەری زۆر بەهێزترە. ئەم بارودۆخەش وادەکات لەو جۆرە ژینگانەدا، پیادەکردنی دیموکراسی ڕووبەڕووی بەربەستی گەورە ببێتەوە؛ چونکە کاتێک دەنگدەر سۆزی هۆزگەرایی و خزمایەتی دەخاتە پێش بەرنامەی سیاسی و بەرژەوەندیی گشتی، پرۆسەی هەڵبژاردن جەوهەرە فیکرییەکەی لەدەست دەدات و تەنیا وەک سەرژمێریی هێزە کۆمەڵایەتییەکان دەردەکەوێت. هەر بۆیە لەم کۆمەڵگایانەدا، یاسا زۆرجار بەرانبەر نەریتەکان پاشەکشە دەکات و برەو بەوە دەدات کە دادپەروەری، کە یەکێکە لە ئامانجە باڵاکانی دیموکراسی، تەنیا وەک دروشمێکی ڕووکەش بمێنێتەوە.
شۆڕشی هێمن لە تێڕوانین و دیدگادا
گۆڕانکاریی ڕاستەقینە کاتێک دەست پێ دەکات، کە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی ببێتە داینەمۆی جووڵانەوە جەماوەرییەکان؛ چونکە مەحاڵە دیموکراسی لە کایەیەکی ڕواڵەتییەوە ببێتە ڕاستییەکی بەرجەستە لەناو جومگەکانی ژیانی گشتیدا، هەر بۆیە، پێویستمان بە شۆڕشێکی هێمن لە تێڕوانین و دیدگادا هەیە کە لە سەرەوەی هەرەمەکە دەست پێ بکات. کە ئەمەش تاکە بژاردەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە؛ لێرەشەوە پێویستە ڕێبەرانی بیری نوێ ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕن لە بەرەوپێشبردنی ئاگایی گشتیدا. چونکە تەنیا لادانی دەسەڵاتدارەکان بەس نییە، بەڵکو دەبێت کار بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو تێگەیشتنە بکرێت کە ئازادی وەک مەترسی بۆ سەر نەریتەکان دەبینێت. لەم ڕوانگەیەوە، پەرەپێدانی ئەم هەنگاوە، ئەرکی ڕۆشنبیرانە کە چەمکە نوێیەکان بە زمانێکی سادە و گونجاو بگەیەننە ناو توێژە جیاوازەکان و هەوڵ بدەن پردێک لە نێوان فەرهەنگ و نوێگەریدا دروست بکەن. کەواتە ئەگەر کایەی دەسەڵات خۆی نوقمی ناو بەرژەوەندییە تایبەتەکان بێت، ئەوا پرۆسەی دیموکراسی تەنیا وەک ئامرازێک بۆ چەسپاندنی ستەمکاریی نوێ دەمێنێتەو، ئەمەش وادەکات خەڵک زیاتر بەرەو بێ ئومێدی، دابڕان و گۆشەگیری هەنگاو بنێت.
یاسای فەرمی و تەبایی کۆمەڵایەتی
بنیادنانی ژینگەیەکی پڕ لە متمانە، ڕەوتی هەر گەشەکردنێکی ڕەسەنی ناو کایەی گشتییە؛ بەو پێیەی ئەم پڕۆژە سیاسییە، ڕێڕوێکی بەردەوامە و نابێت وەک کاڵایەکی ئامادەکراو سەیر بکرێت کە تەنیا بە هاوردەکردنی دەستوور و یاساکان جێگیر ببێت. ئەزموونەکان دەریانخستووە کە سەرکەوتنی ئەم شێوازە، بەندە بە تەبایی نێوان یاسا فەرمییەکان و بنەما کۆمەڵایەتییەکان. لەم ڕووەوە، گەورەترین هەنگاو گۆڕینی تاکە لە لایەنگیری بۆ خێڵ و گرووپە بچووکەکانەوە، بۆ سەرپەیوەستبوون و دڵسۆزی بۆ تەواوی نیشتمان. لەم سۆنگەیەوە، فەرمانڕوایی تەنیا دەسەڵات نییە، بەڵکو شێوازێکی ژیانە کە تێیدا شکۆ و مافی هەمووان پارێزراو بێت؛ لێرەشەوە، متمانە لە کایەیەکی سیاسیی ساردەوە دەبێتە پەیمانێکی ئەخلاقیی زیندووی نێوان تاکەکان. کاتێکیش ئەم متمانەیە دەبێتە بیروباوەڕ، ئیتر هاووڵاتی لە چاودێرێکی بێدەنگەوە دەگۆڕێت بۆ پارێزەری ڕاستەقینەی دادپەروەری، ئەمەش تەنیا ڕێگایە کە ناهێڵێت لوتکەی دەسەڵات ببێتە مۆڵگەی بەرژەوەندیی تایبەت و ڕێگا لە هەر پاشەکشەیەکی فیکری، کۆمەڵایەتی و مێژوویی دەگرێت، کە ئەمەش تەنیا زامنی مانەوەی شکۆی مرۆڤ و بەردەوامیی ژیانی سیاسییە. لەگەڵ گۆشەی هاوڕێ هوشیار سەرچاوەی هەڕەشەكان لێرەن یان لەوێ
ئەبوو كاروان
قەوارەی هەرێمی كوردستان بەری ڕەنج، خەبات و قوربانیدانی گرانبەهای خەڵكی كوردستانە. تاوەكو ئەم قەوارەیە دروست بوو، كەم جۆری توندوتیژی هەیە بەرامبەر میللەتەكەمان ئەنجام نەدرابێت؛ هەر لە ئەنفال و كیمیاباران و ڕاگواستن، تا تاوانەكانی جەنگ و كاولكردنی هەزاران گوند و چەندین شار و شارۆچكە. كەچی لە سایەی ململانێی ناڕەوا، پۆست، بەشبەشێنەی حزبی و كورسیی دەسەڵات، كۆی قەوارەكەیان خستووەتە مەترسییەوە و خۆیان باسی پارچەپارچەكردنی دەكەن.
ململانێ و ناكۆكییە سیاسییەكانی نێوان جەمسەرەكانی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان، تەنیا كێبڕكێیەكی حیزبیی ئاسایی نین، بەڵكو گەیشتوونەتە قۆناغێكی قەیراناوی مەترسیدار كە ڕاستەوخۆ دامەزراوە شەرعی و فەرمییەكانی پەكخستووە؛ ژیان، بژێوی و سەقامگیریی دەروونی و كۆمەڵایەتیی هاووڵاتیانی ڕووبەڕووی شڵەژان و مەترسی كردووەتەوە. بەتایبەت كاتێك سەركردەیەك ڕاستییەكان دەدركێنێ و دەیسەلمێنێ كە هەرێمی كوردستان لە چ دۆخێكدایە؛ وەك ئەوەی كە بەڕێز قوباد تاڵەبانی بە ڕاشكاوی ڕایدەگەیەنێت كە ئێستا واقیعی تاڵی "دوو ئیدارەیی" لە ئارادایە و سنوور و گومرك لە نێوان زۆنی سەوز و زۆنی زەرددا هەیە.
ئەم ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە، هاوتایە بەو حەقیقەتەی كە بەڕێز مەسعود بارزانی لە پرسی پێشمەرگەدا داكۆكی لێدەكات و وەك هێمایەكی پیرۆزی خەبات و قوربانیی نیشتمانیی نەتەوەیی وەسفی دەكات و چەكدانانی ڕەت دەكاتەوە. ئەم دوو دەربڕینە كە گوزارشت لە ڕاستییەكی مێژوویی قووڵ دەكات، هاوئاهەنگی ئەو دۆخە مەترسیدارەیە كە سەراپای دۆخی سیاسیی ئێمەی داپۆشیوە. بەڵێ، هەردوو سەركردە لەم دەستنیشانكردن و تێگەیشتنەیاندا تەواو ڕاست دەكەن، بەڵام ئەم دەربڕینانە تەنیا نیوەی حەقیقەتەكەن؛ چونكە نیوەكەی تری حەقیقەتەكە و بەرپرسیارێتییە مێژووییەكە، ڕاستەوخۆ لای خودی ئەوان و حیزبەكانیانە.
بۆیە گەر كەمێك بە دیقەتەوە لە پرسی دوو ئیدارەیی بڕوانین و كەمێك لە بابەتەكە وردبینەوە، ئەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی كە ڕاستە ئێستا هەرێمی كوردستان لە لێواری دابەشبوونێكی قووڵی كارگێڕی و ئابووریدایە، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەكە لێرەدا ئەوەیە: كێ ئەم سنوورە دەستكردانەی نێوان شارەكانی دروست كردووە؟ دوو ئیدارەیی لە دەرەوەی سنوورەكانەوە نەهاتووە، بەڵكو بەرهەمی ڕاستەوخۆی پۆلێنكردنی داهات، قۆرخكاریی زۆنەكان و ململانێی سیاسیی نێوان یەكێتی و پارتی خۆیانە لەسەر دەسەڵات. ناكرێت لە لایەكەوە لە لووتكەی دەسەڵاتی حكومەتدا بیت و هەموو جومگەكانی بڕیارت بەدەست بێت، و لە لایەكی تریشەوە وەك لایەنێكی بێگوناه خۆت نمایش كەیت و پێتوابێت ئەوی تر تۆمەتباری پلە یەكە لە بەرجەستەكردنی ئەم دۆخەدا.
ئەم دۆخە چەقبەستووە تەنها ئاراستەیەك نییە بۆ دوو ئیدارەیی، بەڵكوو گەیشتووەتە ئاستێك دامەزراوە نیشتمانییەكانی ئیفلیج كردووە و متمانەی نێوان شەقام و دەسەڵاتی بە تەواوی سڕیوەتەوە؛ بووەتە هۆكار بۆ زیاتر ئاڵۆزی و تێكچوونی هەلومەرجە گشتییەكە. وایلێهاتووە كاتێك گوتاری فەرمی حیزبەكان لە لووتكەی دەسەڵاتدا تەنیا دەبێتە گێڕانەوەی كێشەكان و لۆمەكردنی لایەنی بەرامبەر، قەیرانەكە قووڵتر دەبێتەوە و كەس متمانە ناكات؛ چونكە كۆمەڵگە گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی كە ئێوە وەك هەردوو حزب، خۆتان ئەندازیار و نەخشەداڕێژەری ئەم دابەشبوونە ئابووری و دڵەڕاوكێیە كۆمەڵایەتییەن.
لە لایەكی ترەوە، بەرگریكردن لە هەیبەت و پیرۆزیی پێشمەرگە وەك هێزێكی پارێزەری نیشتمان، كارێكی شیاو و پێویستە؛ چونكە پێشمەرگە مێژوویەكی پڕ لە سەروەری و قوربانیدانە. بەڵام ئەوەی لەم گوتارە فەرمییەدا فەرامۆش كراوە، چارەنووسی نادیاری هەزاران پێشمەرگەی ڕاستەقینەی حیزبەكانە. كاتێك وتاری سیاسی باس لە قوربانییەكانی پێشمەرگە دەكات، لە واقیعدا دەبینین هەزاران تێكۆشەری دڵسۆز كە تەمەنی خۆیان لە پێشمەرگایەتیدا بەخشی -ئەی پێشمەرگەكانی حیزبی شیوعی و حیزبەكانی شاخ شۆڕەسواری خەباتی شاخ نەبوون و دونیایەك قوربانییان نەدا و خوێنیان نەبەخشی؟- كەچی هاوڕێكانیانتان بە بێدەنگی نێردراونەتە ماڵەوە لە ژێر ناو و پاساوی جیاجیادا كە خۆتان سەدا یەكی جێبەجێ ناكەن و هیچ موهیمەیەكیان نییە. لە بەرامبەریشدا، پلە و پۆست و ئیمتیازاتە گەورەكان بەخشراونەتە پێشمەرگە تایبەتەكانی خۆتان كە بەشێكی زۆریان كەمترین مێژوویان لە خەباتدا هەبووە و هەیە. هێزی پێشمەرگە كاتێك بە تەواوی پیرۆز دەبێت كە لە ژێر چەتری نیشتماندا یەكبخرێتەوە و ژیانی شایستەیان بۆ دابین بكرێت؛ پێشمەرگەی كوردستان بن نەك موڵكی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار بن و وەك كارتێكی سیاسی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی حیزبی و شەڕی ناوخۆیی بەكاربهێنرێن.
بەردەوامیی ئەم شەڕە ساردە و قووڵبوونەوەی زۆنبەندی، تەنها مەترسی نییە لەسەر هەردوو حزب، بەڵكوو گەورەترین هەڕەشە لەسەر ئاییندەی قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی كوردستان دروست دەكات. لەو بارودۆخە هەرێمایەتی و ناوچەییە پڕ لە گۆڕانكارییەدا، ئێمە خاوەنی ناوخۆیەكی پەرتەوازە و هێزێكی چەكداری حزبی و دابەشكراوین؛ ئەمەش باشترین پاساوە بۆ بەغدا و وڵاتانی دەوروبەر تا قەوارەكە لەبارببەن و بمانگەڕێننەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم، كە دووبارە كۆنترۆڵكردنەوەی هەرێمە لە بازنەیەكی حوكمڕانیی تەسكدا.
ئەمەش پێویستی بە گێڕانەوە و شیكردنەوەی كێشەكان نییە، بەڵكو پێویستی بە ئیرادەیەكی ڕاستەقینە و كردار هەیە بۆ كۆتاییهێنان بە دوو ئیدارەیی، یەكخستنی هێزەكان و گێڕانەوەی كەرامەت بۆ پێشمەرگە و شەرعیەتی یاسایی حوكمڕانی كە قوربانییەكی یەكجار زۆری بۆ دراوە.
هەرێمی كوردستان بەبێ گۆڕانكاری و چاكسازیی ڕاستەقینە، توانای بەردەوامیی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لاوازتر دەبێت. ئەوەی ئەمڕۆش هەڕەشەیە لەسەر ئەزموونەكەمان، پێش ئەوەی بەغدا و ئەنقەرە و تاران و دیمەشق بێت، سیاسەتی ناوخۆ و عەقڵیەتی بەڕێوەبردنی هاوپەیمانیی فەرمانڕەوایە. دەسەڵات وەک دێوەزمەیکی ڕوتەڵ
هۆشیاری عەبدولعەزیز
لە زۆر لە کۆمەڵگە دواکەوتوو و داتەپیوەکاندا، دەسەڵات وەک یەکەیەکی پشتئەستوور بە ڕەهەندەکانی بەرژەوەندیی تایبەت و بۆ مانەوە و درێژەدان بە فەرمانڕەوایەتی و کەڵەکەکردنی هەرچی زیاتری سەروەت و سامان و فراوانکردنی بازنەکانی هێز، هەمیشە پێویستی بە پۆشاکێکی چڕ لە هێما، ئایدیۆلۆژیا و گوتاری بریقەدار هەیە تا بتوانێت فەزای گشتیی پێ داگیر بکات و ڕەوایەتیی مانەوەی خۆی بپارێزێت. بەڵام کاتێک لە ناوەڕۆکە ئەخلاقی و نیشتمانییەکەی بەتاڵ دەبێتەوە و دەکەوێتە دۆخێکی شلۆقی "ڕووتەڵبوونەوە"، کە تێیدا هەموو میکانیزمەکانی شاردنەوەی عەیب و شکستە پێکهاتەییەکان کاراییی خۆیان لەدەست دەدەن، ژینگەی سیاسی تووشی جۆرێک لە پەرتەوازەیی و داخوران دەبێت و چیتر ناتوانێت هاوسەنگیی هاوکێشە باوەکان لە بەرژەوەندیی خۆیدا ڕابگرێت؛ چونکە لێکەوتە و دەرهاوێشتە واقیعییەکانی بێدەرامەتی و پاشکۆیی، دەسەڵاتەکە بەتەواوی لەبەردەم کۆمەڵگەدا ڕووت دەکەنەوە. بەمەش دەسەڵات ڕووبەڕووی کۆڵێک گرفت و ئیشکالییەتی دەسەڵاتدارێتیی جۆراوجۆر دەبێتەوە و دواجار هەوڵدەدات بە ڕێگە و شێوازی مەترسیدار و قەیراناوی چارەسەریان بکات، بەمەش قەوارە و سیستمە حوکمڕانەکان لە لوتکەی شانازیی شۆڕشگێڕییەوە، دەبنە دەسەڵاتێکی ڕووتەڵ و بێبڕیار لەبەردەم گۆڕانکارییەکانی مێژوودا.
لێرەوە هۆشیاریی گشتی لە قۆناغی گومانەوە بەرەو یەقین هەنگاو دەنێت؛ یەقین بەوەی کە دروشمە گەورەکان تەنیا پەردەیەک بوون بۆ شاردنەوەی پەککەوتەیی سیستەمی سیاسیی حوکمڕان و ئەو مەترسییە ناهاوسەنگانەی کە پرۆسەی سیاسی پێیدا تێپەڕ دەبێت.
واتا مەترسیی گەورە لە جیهانی سیاسەتدا ئەوە نییە کە سیستمێک نەیار یان ئۆپۆزسیۆنی هەبێت، بەڵکو مەترسیی ڕاستەقینە ئەوەیە کاتێکە کە دەسەڵات لە ناوەوە چۆڵ و پووچ دەبێتەوە و لەسەر ئاستی جیاوازی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، ناوخۆی تووشی جۆرەها ڕەهەندی قەیراناوی دەبێت. ئیدی هیچ بەهایەکی نامێنێت و دەبێتە دەسەڵاتێکی ڕووتەڵی کارتۆنی و جگە لە مەترسییە دەرەکییەکان و ترسی کاتیی کۆمەڵگەوە نەبێت، هیچ ڕایناگرێت.
چونکە ئەو چیتر خاوەنی «هێزی نەرم» نییە و ناتوانێت میکانیزمێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردن و ڕازیکردنی جەماوەر دابهێنێت؛ ناتوانێت قەناعەت بە چاوەڕوانییەکانی نەوەی نوێی کۆمەڵگە بهێنێت، ناتوانێت خەون بفرۆشێتەوە و تەنانەت لە داڕشتنی درۆیەکی پیشەگەرانەشدا شکست دەهێنێت. کاتێک عەیب و درزەکانی سیستمەکە هێندە گەورە دەبن کە بە هیچ هێمایەکی نەتەوەیی یان دروشمێکی بریقەدار داناپۆشرێن، دۆخەکە لە کێشەیەکی سیاسیی ئاساییەوە دەگۆڕێت بۆ عەیب و عارێکی مێژوویی کە بە ئاسانی پاک نابێتەوە. دەسەڵات لەم کاتەدا وەک جەستەیەکی ڕووتوقووت و بێبەرگری لێدێت کە لەبەردەم ڕەشەبای ڕاستییەکاندا دەلەرزێت و توانای وەڵامدانەوەی هیچ پرسێکی نابێت.
کاتێک لەم هاوکێشەیە ورد دەبینەوە، ناتوانین چاو لەو واقیعە تاڵە بپۆشین کە ئەمڕۆ هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت. فەرمانڕوایی کوردی کە ڕۆژانێک لەسەر پشتی شەرعییەتی شۆڕشگێڕی و قوربانیدانی ڕابردوو و خەونی قەوارەیەکی سەربەخۆ ڕاوەستابوو، ئێستا زیاتر لە هەمیشە وەک نموونەیەکی بەرجەستەی ئەم دەسەڵاتە ڕووتەڵە دەردەکەوێت. ئەم گۆڕانکارییە نەرێنییە لێکەوتەی ڕاستەوخۆی تێکچوونی ئەو ژینگەی سیاسییە ناوخۆییەیە کە تێیدا بەرژەوەندیی خێزانی و حزبی خراوەتە پێش بەرژەوەندیی نیشتمانییەوە. سیستمی حوکمڕانی لە کوردستان، بەهۆی دابەشبوونی زۆنەکان، ناکۆکیی ناوخۆیی و گەندەڵییەکی قووڵی پێکهاتەییەوە، هێندە لە ناوەڕۆک داماڵدراوە کە لە ئاست سادەترین ئەرکی خۆی —کە دابینکردنی بژێوی و شکۆی هاووڵاتییانە— پەککەوتە بووە. ئەم لایەنە وەک گەورەترین دەرهاوێشتەی غیابی دەوڵەتداریی کەرامەتپارێز سەیر دەکرێت.
ئەمە جگە لەوەی کە ئێستا زۆر پرسی چارەنووسساز لە پایتەختەکانی دەوروبەرەوە ئاڕاستە دەکرێت، و حکومەت و حیزبە دەسەڵاتدارەکان هیچ ڕۆڵێک نابینن. ئەمەش گەورەترین لێکەوتەی سیاسی و دەروونی لەسەر تاک دروست کردووە و بووەتە هۆکاری شلۆقییەکی مەترسیداری ناوخۆیی.
ئەمە لەکاتێکدایە کە دەسەڵاتی ئەحزابی حوکمڕان بۆ شاردنەوەی شکستەکانی و مانەوەی خۆی، کایەی گشتیی پڕ کردووە لە گوشاری دەروونی و میدیایی؛ و دەیانەوێت تەواوی ئەو فەزا گشتییە کۆنترۆڵ بکەن کە پێشتر هیوای ئازادیی تێدا بەرهەم دەهات و ئێستا بووەتە گۆڕەپانی بڵاوکردنەوەی نائومێدی. لە هەمان کاتدا بووەتە پاشکۆیەکی بێبڕیار لەبەردەم بەغدا و ئەجێندا هەرێمایەتییەکاندا. ئەو قەوارەیەی کە دەبوو فۆرمێکی مۆدێرن و دیموکراتی لە حوکمڕانیی کوردی پێشکەش بکات، ئێستا هێندە ڕووت بووەتەوە لە شەرعییەتی جەماوەری، کە تەنیا سێبەرێکی لێ بڕاوەتەوە. ئەم گۆڕانکارییە نەرێنییە تەواوی ئەو هاوکێشە هاوسەنگانەی تێکدا کە ڕۆژانێک گەلی کورد وەک کارەکتەرێکی سەرەکی لە ناوچەکەدا پێناسە دەکرد.
بەکورتی، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت ڕێک دوا قۆناغی ڕووتەڵبوونی سیستەمی حوکمڕانی و ئیدارەدانە، و دوا وێستگەی داڕمانی هۆشیاریی دەسەڵاتە پێش داڕمانی یەکجارەکی. چونکە کاتێک گەل چیتر بڕوای بە سیناریۆکانی فەرمانڕوایی نامێنێت و سوڵتانەکان بە ڕووتی دەبینێت، پەردەی ترس دەدڕێت و بێدەنگی دەشکێت و هەموان کۆک دەبن لەسەر ئەوەی کە ئەم هاوکێشە باوە، شایستەی بەردەوامی نییە و مۆدێلی دەسەڵاتی ڕووتەڵ ناتوانێت داهاتووی گەل بپارێزێت.
