
جەلال هۆرێنی
له مێژووی سیاسیی هاوچه‌رخی كوردستان و عێراقدا، بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ و سۆشیالیستی هه‌میشه هێزێكی كاریگه‌ر بووه له هۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا و داكۆكیكردن له مافی چه‌وساوه‌كان. به‌ڵام له ناو ئه‌م مێژووه‌دا، جیاوازییه‌كی جه‌وهه‌ری هه‌یه له نێوان ئه‌و تێڕوانینه‌ی كه فیکر ته‌نها وه‌ك "ده‌ق و دروشمێكی گریمانه‌یی لە ناو بازنه داخراوه‌كاندا" ده‌بینێت، لەگەڵ ئەو قوتابخانە ڕەسەنەی کە فیکر لە ناو ئازار، شوناس و مێژووی خەڵکدا پراكتیزه ده‌كات. خوێندنه‌وه‌ی پێگه‌ی حزبی شیوعی، نموونه‌ی هێزێكی مه‌یدانی و واقیعییه كه توانیویه‌تی هاوسه‌نگی له نێوان دۆزی چینایه‌تی، گۆڕانکاریی بنەڕەتیی کۆمەڵایەتی و شوناسی نه‌ته‌وه‌ییدا دروست بكات.
پێگەی ڕاستەقینەی هەر هێزێکی سیاسی بەوە دەپێورێت کە تا چەند توانیویەتی مێژووی وڵاتەکەی بگۆڕێت. حزبی شیوعی خاوەنی مێژوویەکە کە ئەندازیاری گۆڕانکارییە گەورەکان بووە؛ لە سەردەمی مەلەکایەتیدا، لە ڕێگەی ڕابەرایەتیکردنی خۆپێشاندانە ملیۆنی و بێوێنەکانی شەقام، بووە بزوێنەری سەرەکیی ڕوخانی سیستەمی کۆن و ڕاگەیاندنی کۆماری عێراق لە ساڵی ١٩٥٨دا. هاوکات، حزبی شیوعی تەنها لە ناو شارەکاندا نەمایەوە، بەڵکو چووە ناو قووڵایی گوندەکانی کوردستان و سەرپەرشتیی ڕاپەڕینی مێژوویی جوتیارانی کرد دژی چەوسانەوەی دەرەبەگەکان، کە سەرەنجام بووە هۆی تێکشکاندنی سیستەمی کۆنی دەرەبەگایەتی و ڕزگارکردنی ملیۆنان مرۆڤی چەوساوە.
ئەم مێژووە پڕ لە دەستکەوتە کۆمەڵایەتی و سیاسییە، جیاوازییەکی ڕیشەیی هەیە لەگەڵ ڕەوتە چەپەکانی دیکە کە تەنها کورت بوونەتەوە لە ناو کایە فیکرییەکاندا و لە سەر عەرزی واقیع نەبوونەتە هۆکاری هیچ گۆڕانکارییەکی مێژوویی و بنەڕەتی لە ژیانی هاووڵاتیاندا.
ناسنامه‌ی هه‌ر هێزێكی شۆڕشگێڕ، ئاستی ئاماده‌بوونیه‌تی لەسه‌ر عه‌رزی واقیع له سه‌رده‌مه سه‌خته‌کاندا. حزبی شیوعی مێژوویه‌كی پڕ له قوربانیدانی هه‌یه كه تێكه‌ڵ به خاك و خه‌ڵكی كوردستان بووه؛ له ناو جه‌رگه‌ی زیندانه دڕنده‌كان و لە ژێر دژوارترین ئەشکەنجەی ڕژێمی بەعسدا، لەسەر سێدارهكانهوه تا خه‌باتی كاریگه‌ری چه‌كداریی پارتیزانی (پێشمەرگە) له شاخه‌كانی كوردستاندا دژی دیکتاتۆریەت.
ئه‌م مێژووه مه‌یدانییه جیاوازییه‌كی گه‌ورە دروست ده‌كات لەگەڵ ئه‌و تێزه چه‌پانه‌ی كه ته‌نها له سه‌رده‌می فه‌زای كراوه و ناوچه‌ی ئارام‌دا ده‌ركه‌وتن و خه‌باتیان له چوارچێوه‌ی هۆڵه‌كان، كۆڕه تیۆرییه‌كان و سه‌كۆ میدیاییه‌كاندا كورت بووه‌وه. حزبێك كه له ناو دڕنده‌یی شه‌ڕ و ئازاری ڕاستەقینەی خەڵکدا ڕەگی داکوتاوە، جیاوازە لەوانەی تەنها بیردۆز دەکەن.
یه‌كێك له خاڵه هه‌ره به‌هێزه‌كانی حزبی شیوعی، تێگه‌یشتنی بوو بۆ ئه‌وه‌ی كه ناكرێت پرسی چینایه‌تی و مافی كرێكاران له شوناسی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لێكی بنده‌ست داببڕدرێت. ئه‌م حزبه هه‌میشه باوه‌ڕی چه‌سپاوی به مافی دیاریکردنی چارەنووس و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان هه‌بووه، و هه‌میشه داكۆكی له ئاڵای كوردستان وه‌ك سیمبولی شوناس و ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌یه‌كی سته‌ملێكراو كردوه و لایەنگرانی هەمیشە بە شانازییەوە بەرزیان کردووەتەوە.
ئه‌مه ڕێگری كرد له‌وه‌ی حزب بكه‌وێته ناو ئه‌و هه‌ڵه تهكتیکی و ساردانه‌ی كه هه‌ندێك ڕه‌وتی چه‌پ ته‌نها وه‌ك "گرفتێكی ئیداری" یان "ڕێگرێك له به‌رده‌م شۆڕش" سه‌یری كێشه‌ی كوردیان ده‌كرد. حزبی شیوعی سه‌لماندی كه چه‌پ بوون واتای نكۆڵی‌كردن له بوون و شوناسی نه‌ته‌وه‌ی خۆت نییه، به‌ڵکو هاوئاهەنگکردنی پرسی نەتەوەییە لەگەڵ دۆزی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا.
فه‌زای سیاسیی ئه‌مڕۆ پێویستی به كاریگه‌ریی ڕاسته‌قینه هه‌یه له‌سه‌ر ئاستی جیهان. حزبی شیوعی هه‌میشه به‌شێك بووه له تۆڕێكی جیهانیی فراوان؛ لە ئێستاشدا، پاراستنی په‌یوه‌ندیی فه‌رمی و گه‌رم له‌گه‌ڵ هێزه گه‌وره‌كانی وەک حزبی شیوعی چین (وه‌ك دووه‌م كۆڵه‌كه‌ی ئابووری و سیاسیی جیهان) و حزبە چەپ و شیوعییه‌كانی تری جیهان، قورساییه‌كی دیپلۆماسی و واقیعی پێ ده‌به‌خشێت کە دەتوانێت دەنگی گەلەکەی بگەیەنێتە ناوەندە جیهانییەکان.
ئه‌م كرانه‌وه نێوده‌وڵه‌تییه، جیاوازه له دۆخی ئه‌و گروپه چهپە جۆراوجۆرانه‌ی كه ته‌نها له ناوخۆدا ده‌خولێنه‌وه و بە تەواوی لە هاوکێشە جیهانییەکان دابڕاون. ئەم گروپانە هیچ جۆرە پێگە، کاریگەری و دەنگێکیان لە ناوەندە فەرمییەکانی دەرەوە و تەنانەت لە میدیا دەرەکی و جیهانییەکانیشدا نییە. بێ په‌یوه‌ندیی جیهانی و بێ تێگه‌یشتن له هاوكێشه‌ی هێزه‌كان، فیکری سیاسی ده‌بێته ئایدیۆلۆژیایه‌كی گۆشه‌گیر كه ته‌نها توانای ململانێی ناوخۆیی و بازنەیی هەیە.
مێژووی سیاسی پێمان ده‌ڵێت كه پێگه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ر هێزێك، به نوسینی دروشمی ڕادیكاڵ له سه‌ر كاغه‌ز دیاری ناكرێت، به‌ڵكو به‌و کاردانەوە مێژووییانە دیاری دەکرێت کە سیستەمە کۆنەکان دەگۆڕێت. جیاوازیی نێوان حزبی شیوعی و ڕەوتە چەپە کاتییەکان، جیاوازیی نێوان "چەپی مەیانی و مێژووسازە کە ڕوخانی مەلەکایەتی و تێکشکاندنی دەرەبەگایەتی تۆمار دەکات و لە جیهاندا دەنگی هەیە"، لەگەڵ "چەپێکی گریمانەیی کە کات و وزەی خۆی تەنها لە دژایەتیكردنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و ململانێی ناوخۆییدا به‌فیڕۆ ده‌دات". ڕەسنایەتی هەمیشە لە ناو ئەنجام و واقیعدا دەمێنێتەوە
