هێرۆ هەڵەبجەیی

  ئەو دەمەی کە ئایدۆلۆژیا ئازادی و بوێری لە جەستەی ژنانی شارەکەدا بەرجەستەکرد و بەپراکتیک ڕەنگی دەدایەوە.

*پێشکەشە بە ژنانی سوورپۆشی هەڵەبجە

* بۆ ئەو مێژووە پڕ شانازیەی کە بە دەستی دایکانمان نووسرانەوە.

[٣١]ی ئازار بۆ ئێمەی ژنانی شیوعی تەنیا ڕۆژژمێر یان رۆژێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو ڕۆژێکی جیاوازبوو، هەڵگری چەندین دەلالەتی قوڵ بوو. جەژنی ئاڵای سوور و وەرزی نوێبوونەوەی هیواکانمان بوو. لەو ڕۆژەدا هەڵەبجە ڕەنگی "سوور"ی تێکۆشانی دەپۆشی و کردی بە رەنگی ژیان.

دایکم و ژنە شیوعییەکانی تری شار، بە کراسە سوورەکانی بەریان کە وەک مەشخەڵی ئازادی دەدرەوشانەوە هێمابوون بۆ هزری پێشکەوتن و نیشانەی شارستانییەت و بوێری و خەباتگێڕی.

سەرچۆپییەکەی دایکم لەهەڵپەڕکێدا لەسەر هێڵی قەدەغەکراو

یەکێک لە خۆشترین و پڕشکۆترین دیمەنەکان کە هەرگیز لە یادم ناچێت، ئەو کاتە بوو کە دایکم بە شانازییەوە سەرچۆپییەکەی دەگرت و لە پێشەوەی هەڵپەڕکێکەدا دەوەستا و شێرانە پەیامی شۆڕشگێرانەی دەدا بە هەموو لایەک. ئەوە تەنیا هەڵپەڕکێ نەبوو، بەڵکو ڕاگەیاندنی وجود و هەبوونی ژن بوو لە کایەی گشتیدا، بەڵێ دایکم بەو هەڵپەڕکێیە، بێدەنگیی ئەو سەردەمەی دەشکاند و بەدنیای دەوت ژنانی کورد هەمیشە سەرمەشقن.

وتارەکەی مامۆستا سنەوبەر؛ دەنگێک کە هەمووانی بێدەنگ دەکرد.

لەو یادەدا، هەموو دەنگەکان کپ دەبوون کاتێک مامۆستا سنەوبەر دەچووە سەر سەکۆ. ئەو بە دەنگە زوڵاڵ و پڕ لە متمانەکەی، وتارێکی دەخوێندەوە کە کەس نەیدەتوانی بجوڵێت، ئێمە بە کراسە سوورەکانمانەوە، بەو پەڕی شانازییەوە گوێبیستی دەبووین و پڕ دەبووین لە جۆش و خرۆشی شۆڕشگێڕانە. وشەکانی مامۆستا سنەوبەر وەک گولە وابوون بۆ سەر سنگی کۆنەپەرستان و وەک بارانیش بوون بۆ سەر جەستەی تینووی ئازادیخوازان.

باجی ئازادی؛ سوکایەتی ماڵە مەلاکان بۆ دایکم

هیچ تێکۆشانێک بێ باج نەبووەو نابێت، ئێمەی شیوعی بەردەوام باجی بیروباوەڕو هەڵوێستی مرۆڤدۆستی خۆمان داوە. پاش کۆتاییهاتنی ئاهەنگی یادی دامەزراندنی حیزب و گەڕانەوەمان بۆ ناو ماڵەوە لەنێو واقیعە کۆمەڵایەتییەکە، دەبووینە ئامانجی قسە و سوکایەتیی ماڵە مەلاکان و کەسە کۆنەپەرستەکان. تەنها تاوانمان ئەوەبوو کە وەک ژنێکی شیوعی بەشداریمان لە جەژنی حزبەکەماندا کردبوو، یان لەبەر ئەوەی دایکم سەرچۆپی گرتبوو، ئەو کۆنەپەرستانە لەتوخمی مەلاو هاوشێوەکانیان دەیانویست بمانشکێنن ئیرادەمان لاواز بکەن، چونکە بۆیان هەرس نەدەکرا ڕەگەزی مێ شانبەشانی پیاو سیاسەت بکات و بوونی کۆمەڵایەتی و جڤاکی خۆی بسەلمێنێت و هەڵپەڕێت، پۆشاکی جوان بپۆشێت. ئەوانە ژنێکیان دەویست و دەوێت کە خاوەنی کەسایەتیەکی لاوازبێت وتەنها فەرمانی پیاوەکەی بەجێ بهێنێت. بەڵام ئەو سوکایەتییانە نەک هەر نەیانشکاندین، بەڵکو وای لێکردین زیاتر شانازی بە ڕێبازەکەمان و بەو ڕۆژە مێژووییانەوە بکەین.

داخەکەم ئەمڕۆ زۆرکەم باسی ئەو ژنە تێکۆشەرانەی هەڵەبجە دەکرێت، بۆیە ئەرکی ئێمەیە یادگارییەکانیان بپارێزین، بەسەریان بکەینەوە، خەباتیان بەرز بنرخێنین.

ئەو ژنانە لەوسەردەمانەدا کە سەردەمێکی دواکەوتووبوو، هاتنە مەیدان وهەوڵی هۆشیارکردنەوەی ئافرەتانی هەڵەبجەیان دەدا، ئەو کۆمەڵە ئافرەتە پێشڕەو و (ئەندازیاری) کولتوورێکی نوێ بوون لە باژێڕەکەماندا کە تائێستاش ئێمە پێویستمان بەو زیندووکردنەوەی ئەو رەوتە هەیە لە تەواوی کوردستان نەک تەنها هەڵەبجە.

یادی ٣١ی ئازار و یادی ئەو کراس سوورانە، بۆهەمیشە وەک ناسنامەیەکی گەش لە دڵماندا دەمێنێت.

ناوی ژنانی رێکخەر و بەشداربووی ئەو رۆژگار و مەراسیمە زۆرن بۆیە ناوناهێنم، بەدەیەها ژنی تێکۆشەری هەڵەبجەیی خاوەنی ئەو شکۆمەندییەی ئەو سەردەمەن.

سەری ڕێزونەوازشم دائەنەوێنم بۆ هەموویان…

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا