سەدیق سەعید ڕواندزی


بە پێی ئاماری سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان بێت، سەرووی پێنچ هەزار ڕۆژنامەنووس لەو هەرێمە بچووكەی ئێمەدا هەن. لەو ژمارەیەدا، چەندییان پڕۆفیشناڵانە بە ڕەچاوكردنی ئیتیكی كاری ڕۆژنامەوانی، هەبوونی پاشخانێكی گەورەی ڕۆشنبیریی كار دەكەن، گەر لە مەحەكیان بدەین، ڕەنگە سەد ڕۆژنامەنووسێك بمێنێتەوە. بێگومان بە هۆی پێشكەوتنە ژیاریی و مرۆییەكانی سەردەم و هاتنە ئارای سۆسیال میدیا و دنیای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە زادەی پێشكەوتنە زانستییەكانی سەردەمن، لە كۆمەڵگەی ئێمەدا دۆخێك دروست بووە، كە هەرچی مایكێكی بە دەستەوە گرت، ئیدی پێی بگوترێت ڕۆژنامەنووس !  ئەم دۆخە وایكردووە بە هەزاران كەس، بێ هەبوونی هیچ پاشخانێكی زمانی و مەعریفی، بوێریی و خەسڵەتی كەسی و پیشەیی بێنە نێوەندەكە و بە داخەوە بە ئاسانیش بكرێنە بە ناو ڕۆژنامەنووس. بواری ڕۆژنامەنووسی بەر لەوەی ڕووبەری ڕووماڵكردنی هەواڵ و ڕووداوەكان و شڕۆڤە و ڕاپۆرتە هەواڵ و خستنە ڕووی كێشەكان بێت، هەڵگری شوناسێكی كولتووریی و مەعریفییە، ئەمەش ئەوە لە كارەكتەرەكانی نێو ئەو بوارە دەخوازێت، كە لە هەموو ڕووێكەوە توانایەكی گەورەی زمانەوانی و ڕۆشنبیرییەكی گشتییان هەبێت، بۆ ئەوەی لە سەرەتادا وەك ڕۆشنبیرێك و زمانزانێك دەربكەون، ئەوكات وەك ڕۆژنامەنووس، بەڵام لە هەرێمی كوردستاندا، بە داخەوە بە پێچەوانەوەیە، ئەمەش پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەو فەزا ئازاد و كراوەیە هەیە كە بوونی هەیە، بە جۆرێك ئازادی كە دەبێ بە یاسا ڕێكبخرێت،  تێكەڵ بە گەڕە لاوژێیی و بەڕەلایی بووە، كە ئەمەش گەورەترین مەترسییە بە سەر ئازادی خۆیەوە. هەڵبەتە وەك ناو، ڕەنگە هەزاران بە ناو ڕۆژنامەنووس هەبن، بەڵام ڕۆژنامەنووس كارەكتەرێكە، كە پێویستە هەڵگڕی چەند تایبەتمەندییەك بێت ئەوانیش:
 یەكەم:_ دەبێ زمانێكی پوخت و پاراوی هەبێت و بە كەمترین  وشە و دەربڕین، پەیامەكەی بگەیەنێت.
دووەم:_ دەبێ بوێر و ڕاشكاو، هاوكات  سەربەخۆ و  بێ لایەن بێت و لە ژێر هەر جۆرە سازشێك و مەراییكردنێكی ماددییانە و كەسییانە، ئەو شوناسە گرنگەی خۆی لە دەست نەدات، وەك ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین كە بەشێكی زۆری ڕۆژنامەنووسان هەر رۆِژە  بۆ پارەی زیاتر لە كەناڵێكن ، بێ ئەوەی بە بیریان دابێت كە ئەم پەت پەتێنە، چ زیانێك بە ناوبانگ و كەسیەتی كۆمەڵایەتی و پیشەیان دەگەیەنێت.
سێیەم:_ ڕۆژنامەنووس دەبێ ئینسكلۆپیدیایەك بێت لە ڕۆشنبیریی گشتی، بە تایبەتیش لە میانەی ڕاپۆرت و شڕۆڤەی ڕۆژنامەوانی و وردەكاریی گەیاندن لە سەر هەر پرس و بابەتێكی سیاسی و نەتەوەیی و مێژوویی بێت.
چوارەم:_ دەبێ لە میانەی كاركردن، ڕەچاوی هەموو ئەو ئیتیكانە بكات، كە جەوهەری كاری ڕۆژنامەنووسی پێكدەهێنن.
 پێنجەم:_ دەبێ سەركێشی و بزێوی، لە هونەری مامەڵكردن لەگەڵ ڕووداوە نەخوازراوەكان شارەزابێت. هیچ جوامێرییەك لەوە دانییە، ڕۆژنامەنووسێك كە هیچ لە هونەری شەڕ و بەرگریی نازانێت، بە پێش پێشمەرگەیەكی قارەمان بكەوێت  و ژیانی خۆی بخاتە مەترسییەوە، چونكە ژیان لە پیشە مەزنتر و پێویستترە.
شەشەم :_ ڕۆژنامەنووس دەبێ كەسێك بێت، بە ئاسانی دەستبەرداری بەها باڵاكانی مرۆیی و پیشەیی نەبێت و نابێ كەسێك بێت ڕووپامایی و سازش، پۆست و دەسكەوت، بەرژەوەندی تایبەتی لە پێشەوەی كارەكەی ببینێت. بەشێكی زۆری ڕۆژنامەنووسان، لافی ئەوە لێ ئەدەن كە ئەوان بۆیە لە دەزگایەك دەڕۆن دەچنە دەزگایەكی دیكە، چونكە مەبەستیان خزمەتكردنی زیاتری بوارەكەیە، بەڵام شۆخییەكە لەوەدایە، هەر ئەوانە كاتێ لە دەزگاكەی خۆیان دەڕۆن، دەچنە ئەو كەناڵانەی زۆرترین مووچە و بودجەی بۆ كارمەندەكان تەرخان كردووە، تا ئەو ڕادەیەی مووچەی بێژەرێكی ئافرەت كە هەموو سەرچاوەكەی تەنها جوانیەكەیەتی و ڕەنگە نەزانێت هاوەڵكار و هاوڵناو چین بە دەیان گەڵابێت، كە ئەمەش هەر خۆی لە خۆیدا، ناڕاستی گوتەكەی ئەوان دەردەخات، كە ئەمانە بە دوای بەرژەوەندی كەسییەوەن نەك خزمەتكردنی گشتی.
 هەفتەم:_ ڕۆژنامەنووس دەبێ زۆر بە وردی بواری كاركردنانەی خۆی پۆلێن بكات و لەو سنوورە دیاریكراوە كار بكات، كە لەگەڵ ئاستی تێگەیشتن و توانست و ڕۆشنبیریی گشتی ئەو یەكدەگرێتەوە. بۆ نموونە: ڕۆژنامەنووسێك كە لە هەموو ژیانیدا ڕۆمانێكی نەخوێندۆتەوە، نابێ دیمانەی ئەدەبی لەگەڵ ڕۆماننووسێك بكات كە شارەزایی لە بواری ئابووری و بۆرسەی دراو و بەرزیی و نزمی نرخ و بەهای دراوەكان نەبێت، نابێ لە سەر پرسی قەیرانی ئابووری و بازاڕی ئازاد و كایەی ئابووری دیمانە بكات. ئەمە لە نێو ئێمەدا بە پێچەوانەوەیە، ڕۆژنامەنووس هەیە نازانێت دوو پرسیار لە بارەی ئەو بوارەی كە گوایا دیمانەی لە بارەوە دەكات بپرسێت و زانیاریی هەبێت، كەچی دیمانەش دەكات. بێگومان ئەمەش دەرەنجامی تێكەڵكرنی ناپسپۆڕییانەی بوارەكەیە.
هەشتەم:_ ڕۆژنامەنووس دەبێ دڵنیا بێت لەوەی دەیڵێت و ڕووماڵی دەكات، بە تایبەتیش لە پەخشی زیندیدا، كە بوارێكی بۆ مۆنتاژو بڕین و سڕینەوە تێدا نییە.
نۆیەم:_ ڕۆژنامەنووسی حزبی، كاتێ لە دەزگایەكی ئۆرگانیشدا كاردەكات، دەبێ ئەوەی لە بەرچاوبێت كە ئەو سەرەتا ڕۆژنامەنووسە دواتر حزبی، بۆیە دەبێت بە یەك مەودا لە نێوان  ڕووداوەكان، هەواڵ و كار و ڕووماڵەكان بووەستێت و نابێ ئایدیای سیاسییانەی خۆی تێكەڵ بە كاری پیشەییانەی بكات و ئیدی لە پەراوێزییەوە لایەنگیریی بكات، چونكە ئەمە بەهاو بڕوای ڕۆژنامەنووسەكە لە نێو خەڵك و میدیادا ناهیڵێت. دیارە مەبەستی ئێمە لێرەدا، هەواڵ و ڕووماڵی دەرەوەی كاری حزبییانەیە. هەڵبەتە ئەستەمە ئەو هەموو تایبەتمەندییانە بەیەكەوە لە ڕۆژنامەنووسێكدا هەبن، بەڵام گەر پیشەییانە بڕوانینە كارەكە، دەبێ ڕۆژنامەنووس خەسڵەتی زۆر لەوە زیاتریشی هەبێت، كە ڕەنگە ئێمە پەیمان پێ نەبردبێت.

وتاری نووسەران