
گوڵاڵە ساڵح حەسەن
لە جەنجاڵستانی سۆشیاڵ میدیای ئەمڕۆماندا، دیاردەیەکی مەترسیدار و قێزەون سەری هەڵداوە کە تێیدا کەرامەتی مرۆڤ، بەتایبەت ئافرەت، کراوەتە سووتەمەنی بۆ بەرزکردنەوەی ژمارەی بینەر و "ئەکتیڤ"ی پەیجەکان. زۆرێک لە سەکۆ دیجیتاڵییەکان، دوور لە هەموو پرەنسیپێکی ئەخلاقی و مرۆیی، پەنا دەبەنە بەر شێواندنی وێنەی ئافرەتان و داڕشتنی سیناریۆی بێبنەما و هەڵبەستنی تۆمەتی ناڕەوا، تەنها بۆ ئەوەی سەرنجی بەکارهێنەران ڕابکێشن و لایک و کۆمێنتێکی زیاتر کۆبکەنەوە.
ئەم جۆرە لە بڵاوکراوانە، کە زۆربەی کات وێنەی دەستکاریکراو یان چیرۆکی دوور لە ڕاستییان لە پشتە، تەنها زیان بە کەسەکە ناگەیەنن، بەڵکو دەبنە هۆی تێکدانی دەروونی خێزانەکان و شێواندنی هۆشیاریی گشتی کۆمەڵگە. کاتێک پەیجێک بۆ گەورەکردنی ناوی خۆی، شکۆی دایکێک، خوشکێک یان کچێک دەخاتە ژێر پێ، ئەوە تیرۆرێکی کەسایەتیی ڕاستەقینەیە لە جیهانی مەجازیدا.
ئەرکی ئێمەیە وەک بەکارهێنەر، هۆشیارتر بین؛ هەر لایک و کۆمێنت و بڵاوکردنەوەیەک (Share) بۆ ئەم جۆرە بابەتانە، بەشداریکردنە لەو تاوانە ئەخلاقییە. بێدەنگی و بایکۆتکردنی ئەم پەیجانە، یەکەم هەنگاوە بۆ پاککردنەوەی ژینگەی سۆشیاڵ میدیا لەو بازرگانانەی کە دەیانەوێت لەسەر حیسابی کەرامەتی خەڵک، ناوبانگ بۆ خۆیان پەیدا بکەن. پێویستە تێبگەین کە هیچ "ئەکتیڤ" و لایکێک هێندەی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤێک بەهاو نرخی نییە.
