سه‌هه‌ند كۆیی

 

لەو ساتەوەی تەکنەلۆژیا بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان، پێکهاتەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییان بەسەردا هاتووە و ئەم گۆڕانکارییانە تەنها لە ئامرازەکاندا کورت نابنەوە، بەڵکو گەیشتوونەتە ناو جەرگەی بەها ئەخلاقی و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان. لەم چوارچێوەیەدا، دیاردەی گەڕان بەدوای ناوبانگی خێرادا لە ڕێگەی لایک و بینەرەوە، وەک نەخۆشییەکی سۆسیۆلۆژی سەری هەڵداوە کە تێیدا تاکەکان ئامادەن هەموو پیرۆزییەکی مرۆیی و خێزانی و نەتەوەیی بکەنە قوربانی چەند چرکەیەک لە دەرکەوتن. ئەم دۆخە نیشاندەری قەیرانێکی قووڵی شوناسە لە سەردەمی جیهانگیریدا، کە تێیدا مرۆڤ لە بوونەوەرێکی خاوەن بەهاوە دەگۆڕێت بۆ کاڵایەکی نمایشکراو لە بازاڕی میدیای جیهانیدا و ئەمەش وای کردووە کە پێوەری ڕەوشتی لای زۆرێک لە بەکارهێنەران لە "چی دروستە؟" بگۆڕێت بۆ "چی زۆرترین بینەری دەبێت؟".

مرۆڤ لە نێوان شوناسی ڕاستەقینە و وێنای ساختە

بۆ تێگەیشتن لەم داڕمانە ئەخلاقییانە، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ تیۆرە کلاسیک و مۆدێرنەکانی کۆمەڵناسی، چونکە ئەم ڕەفتارانە لە بۆشاییەوە دروست نەبوون. بۆ نموونە کاتێک سەیری دیدگای ئیمێل دورکایم دەکەین بۆ چەمکی "ئەنۆمی" یان سەرگەردانیی نۆرمی، دەبینین کاتێک کۆمەڵگە لە قۆناغێکی گواستنەوەی خێرادایە و بەها کۆنەکان دەسەڵاتیان نامێنێت و بەها نوێیەکانیش جێگیر نابن، تاک تووشی جۆرێک لە لادان دەبێت. لە جیهانی سۆشیاڵ میدیادا، ئەم سەرگەردانییە بە شێوەیەک ڕەنگ دەداتەوە کە تاک هیچ سنوورێکی ئەخلاقی نابینێت بۆ وەستان، چونکە پێوەرە گشتییەکان لێڵ بوون. لە لایەکی ترەوە، تیۆری "شانۆیی"لای ئێرڤینگ گۆفمان یارمەتیمان دەدات تێبگەین چۆن مرۆڤەکان لە پشتی شاشەکانەوە خەریکی "بەڕێوەبردنی وێنای خۆیانن" و بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەن ڕۆڵێکی دەستکرد و زۆرجار نائەخلاقی بگێڕن تەنها بۆ ئەوەی چەپڵەی جەماوەرێکی نەبینراو بەدەست بهێنن.
   
جەستە لە نێوان پیرۆزی و بەکاڵاکردندا

یەکێک لە مەترسیدارترین لایەنەکانی ئەم داڕمانە، شکاندنی حورمەتی خێزان و بەکارهێنانی جەستەیە وەک ئامرازێک بۆ ڕاکێشانی سەرنج. لە ڕوانگەی سۆسیۆلۆژیاوە، خێزان یەکەمین و گرنگترین ناوەندی پەروەردە و پاراستنی بەهاکانە، بەڵام کاتێک دەبینین دایک و باوکێک بۆ کۆکردنەوەی لایک منداڵەکانیان دەخەنە ناو بارودۆخی نەشیاو یان نهێنییەکانی ناو ماڵەکانیان بڵاو دەکەنەوە، لێرەدا ڕووبەڕووی جۆرێک لە "توندوتیژی سیمبولی" دەبینەوە. ئەم کارە نەک تەنها سووکایەتیکردنە بە مرۆڤبوون، بەڵکو تێکدانی سیستەمی پەروەردەیی نەوەکانی داهاتووشە. جەستەی مرۆڤ کە پێشتر وەک بابەتێکی پیرۆز و تایبەت سەیر دەکرا، ئێستا لە زۆرێک لە پلاتفۆرمەکاندا بووەتە ماددەیەکی خاو بۆ دروستکردنی "ناوەرۆک" و ئەمەش نیشانەی تێکچوونی هاوسەنگییە لە نێوان پێویستییە دەروونییەکان و داخوازییەکانی بازاڕی دیجیتاڵیدا.

مەترسییەکانی ترێند لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی

لە ڕابردوودا، مرۆڤەکان پێگەی کۆمەڵایەتییان لە ڕێگەی زانست، کار، ڕەوشت یان خزمەتکردن بە کۆمەڵگە بەدەست دەهێنا، بەڵام ئێستا سۆشیاڵ میدیا جۆرێکی نوێ لە "پێگەی وەهمی" دروست کردووە. ئەم پێگەیە کە لەسەر بنەمای ژمارەی فۆڵۆوەر بونیاد نراوە، وای کردووە کە زۆرێک لە گەنجان و تەنانەت تەمەنەکانی تریش هەست بکەن کە بەبێ ناوبانگ هیچ نین. ئەم هەستی کەمتربینییە پاڵیان پێوە دەنێت بەرەو ڕەفتاری نائاسایی وەک جنێودان بە کەسایەتییە ناسراوەکان، دروستکردنی کێشەی ساختە لەگەڵ کەسانی تر، یان ئەنجامدانی کارەساتە ترسناکەکان تەنها بۆ ئەوەی ببنە "ترێند". لێرەدا لادانی ئەخلاقی وەک تاکە هەوڵی خێرا بۆ گەیشتن بە لوتکەی دەسەڵاتی میدیایی دەبینرێت، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان.


هەژموونی سەرمایە لە بازاڕی دیجیتاڵیدا

 

لە پشتی هەر لایک و بینینێکەوە، سیستەمێکی دارایی فراوان هەیە کە بە "ئابووریی سەرنج" ناو دەبرێت. دامەزراوە زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا هاوکێشە ژیرییەکانیان: (ئەلگۆریتم)، بە جۆرێک داڕشتووە کە هەرچی ناوەرۆکەکە نامۆتر و توندتر و دوورتر بێت لە بەها باوەکان، بە شێوەیەکی بەرفراوانتر بڵاو دەبێتەوە. ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی بنەما ئەخلاقییەکان لەبەردەم هەژموونی سەرمایەدا پاشەکشە بکەن. کاتێک بەکارهێنەرێک تێبینی دەکات کە خستنەڕووی بابەتێکی زانستی یان بەهادار تەنها پەسندکردنێکی کەم بەدەست دەهێنێت، بەڵام بە نمایشێکی نادروست دەبێتە خاوەنی سەرمایەیەکی زۆر، لێرەدا کێشمەکێشێکی قورس لە نێوان "ویژدان" و "بەرژەوەندی" سەرهەڵدەدات. زۆرجار لە نێو چینە کەمدەرامەتەکاندا یان ئەو ناوچانەی قەیرانی ئابوورییان تێدایە، ئەم داڕمانە بە خێراییەکی زیاتر ڕوودەدات، چونکە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان وەک تاقە ڕێگەی دەربازبوون لە نەداری دەبینرێن.
 

زمانی بازاڕی لە کێبڕکێی بینەردا

جگە لە ڕەفتار، زمانیش یەکێکی ترە لەو کایانەی کە دوچاری داڕمان بووەتەوە. بۆ ڕاکێشانی بینەر، زۆرێک لە بەکارهێنەران پەنا بۆ بەکارهێنانی وشەی زبر و بازاڕی و دوور لە ئەتەکێتی گفتوگۆ دەبەن. زمانی کوردی کە پارێزەری ناسنامەی ئێمەیە، لەم گۆڕەپانەدا کەوتووەتە ژێر هێرشێکی بێبەزەییانەی ئەو کەسانەی کە تەنها بۆ پێکەنین یان گاڵتەجاڕی، وێنەیەکی شێواوی زمان و فەرهەنگەکەمان پیشان دەدەن. ئەمە نەک تەنها داڕمانێکی ڕەوشتییە، بەڵکو هەڕەشەیەکی کولتووریشە چونکە نەوەی نوێ لە ڕێگەی ئەم "ترێندانەوە" فێری زمان دەبن و هێدی هێدی زمانی پاراو و ئەکادیمی پێگەی خۆی لەدەست دەدات لە بەرژەوەندی زمانێکی پۆپۆلیستی و ڕووکەش.

پاراستنی شکۆی مرۆڤ لە سەردەمی ژمارەکاندا

لێرەوە دەگەینە ئەو بڕوایەی کە پاشەکشەی یاسا کۆمەڵایەتییەکان لە پێناو بەدەستهێنانی پەسندکردن و ڕێژەی بینین، تەنها نیشانەیەکی کاتی نین، بەڵکو گوزارشتن لە وەرچەرخانێکی بنەڕەتی لە دیدگای مرۆڤی هاوچەرخدا. ئەم قەیرانە گشتگیرە پێویستی بە هەڵوێستێکی پتەو هەیە لە لایەن ناوەندە پەروەردەییەکان و ڕاگەیاندنە فەرمییەکان و ناوماڵی خێزانەکانەوە، تاوەکو هۆشیاریی تەکنەلۆژی لای تاکەکان سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە. پێویستە ئەو تێگەیشتنە بچەسپێندرێت کە ئامرازە نوێیەکان دەبێت لە خزمەت مرۆڤایەتیدا بن، نەک مرۆڤ ببێتە پاشکۆی هاوکێشە ژیرییەکان. پاراستنی بنەما بەرزەکان لەم سەردەمەدا جۆرێکە لە خۆڕاگریی کولتووری و پاسەوانیکردنی شکۆی کەسایەتی، چونکە ئەگەر دەستکەوتە ژمارەییەکان ببنە تاقە پێوەری ڕاستی و چاکە، ئەوا کۆمەڵگە بەرەو دارستانێکی ئەلیکترۆنی هەنگاو دەنێت کە تێیدا تەنها ئەو کەسانە دەمێننەوە کە ئامادەن زۆرترین سەرمایەی مەعنەویی خۆیان بکەنە قوربانی. لێرەدا دەبێت جەخت لەوە بکەینەوە کە گەڕانەوە بۆ عەقڵانییەت و بونیادنانی فیکری، تاقە دەرچەیە بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی لەم تەنگژەیە ڕزگاری بێت و جارێکی تر بەها باڵاکان ببنەوە بە کۆڵەکەی سەرەکی ژیانی پێکەوەیی.

وتاری نووسەران