(( لەسەر ڕۆشنایی وتارەکەی بەڕێز زیرەک کەمال لە ژمارەی ١٤٧٢ی ههفتهنامهی ڕێگای کوردستان ))
***
(بۆ ((سۆنیا أنطوان)) ی فەڵەستینی)
((عبدالحمید ڕەسوڵ کەبابچی))
لە کۆنەوە بیستومانە دەڵێن بیری منداڵی تیژە، ئەوەی منداڵ تۆماری دەکا و لە قۆناغی هەرزەکاریشدا لە بیری ناکا.
لە سەرەتای ژیانم بە تایبەتی لە قۆناغی سەرەتاییم و دواتریش زۆر لە ڕووداوەکانم لەبیرە دەتوانم باسی بکەم وەکو خۆی.
یەکەم ڕووداوی شۆڕشی ١٤/ تەمموز /١٩٥٨ و سەرهەڵدانی دروشمی برایەتی کوردو عەرەب، ئەو برایەتییە وا چووبووە ناخم کە ئەو دوو برایە یەک جەستە و یەک ڕوح و گیانن بەڵام ڕۆژگار دەری خست کە ئەو برایەتییە زۆر لاوازە.
ئەو یادگاریانەی بەڕێز زیرەک کەمال باسی کردووە چەند شتێکی بە بیرهێنامەوە وە بووە هۆی ئهوهی کە دەست بۆ هەندێکیان ببەم ئەوەی لە دڵمە هەڵی بڕێژم.
ساڵی ١٩٦٣ دەسەڵات کەوتە دەست ڕژێمی بەعس هەر لە یەکەم ڕۆژی کودەتا بە سەدان هاووڵاتیان کوشت و کە له سێدارەدران بە هەزاران بە ناو ((حەرەس قەومی)) دەسوڕانەوە بۆ دەست گیرکردنی هاووڵاتیان.
ماوەیەک کورستان بە ناوی ((مفاوچات)) دوور بوو لە هێرش کردن لە لایەن ڕژێمەکە تا خۆیان بەهێز کردوو دەستیان بە هێرش کرد بۆ سەر کوردستان بە دەیان شار و شارۆچکە چۆڵکران و سەدان گوند و دێهات سوتێندراو چۆڵکران لە لایەن سوپا و به هاوکاری هەزاران جاشی عەرەب لە دوو عەشیرەتی بەناوبانگ پێیان دە گۆتن ((فرسان صلاح الدین)) یەکەم هاووڵاتی کە بەدەستی ئەو جاشانە کوژرا لە گوندی ((شیواوشۆک)) ناوی ((مام فڕهنسی)) بوو بە تۆمەتی کە کوردەو کریستیانە
((عێراق)) داوای یارمەتی کرد لە چەند وڵاتانی عەرەبی،کە یارمەتی سوپای عێراق بدەن بۆ هێرشکردن، ((سوریا)) لەو وڵاتانە بوو کە هێزێکی پڕ چەکی ناردە کوردستان بە فەرماندەی ((فهد المشاعر)) بەڵام ئەو لیوا سەربازییه بە شکست گەڕاوە زەرەر و زیانێکی زۆری پێکەوت.
ئەوەی زۆر سەیرە عەشیرەتە عەرەبەکان لە کاتی هێرشکردندا هۆسە و هاواریان دەکرد ((إحنا البدو وین العدو)) ئەو ڕستەم لە کەسێک بیست کە خۆی لە شەڕدا بوو بەرگری لە چەند دێهاتی دەورو پشتی کۆیە دەکرد.
لە هەمان ساڵی ١٩٦٣ هێزێک بە چەکی قوڕس و زریپۆش و جاش و سەرباز کۆیەیان داگیر کرد، ئەو چەند کەسانەی لە کۆیە مابوونەوە دەرنەچوو بوون لە ترسان پێشوازیان لە هێزەکە کرد بەڵام بە پێچەوانەوە دوای ماوەیەکی کەم چەند کەسایەتییەکی بێتاوان گیران و لەبەر چاوی خەڵک لە دینگەیان بەستن و گولەباران کران کە دوویان برا بوون.
یەکێکی زۆر نزیک شتێکی بۆ باس کردم ئەو کات خوێندکاری زانکۆ بووم وتی لە یەکێک لە وڵاتانی سەر بە سۆشیالیست بوو کۆنگرەیەک بە ناوی حیزبە چەپەکان بەسترا بە دەیان نوێنەری حیزبە چەپەکان بەشداربوون یەکێک لە ئەندامی حیزبێک ((عارەب)) بوو لە ئەنجامی وتارەکەی دوای زۆر بێشەرمانە دابەزییە سەر کورد هەر چەندە بە شێنەیی زۆر باسی برایەتی کورد و عەرەبی دەکرد لە ڕاستیشدا وانیە....
ساڵی ١٩٦٧ لە قۆناغی دووی زانکۆ بووم ((زانکۆی بەغدا)) یەکێتی گشتی قوتابیانی عێراق و یەکێتی قوتابیانی کوردستان.پەیوەندیان باش هەبوو زۆر کارەکانیان پێکەوە ئەنجام دەدا.
بێینە سەر باسی ((سۆنیا أنگوان)) خوێنکار بوو لە کۆلێجەکەمان فەڵەستینی بوو لە توندڕەوەکان بوو لەسەر مەسەلەی فەڵەستین،چەند قوتابیەکی کورد بڕیارماندا کە هەرچۆنێک بێت یادی نەورۆز بکەینەوە حکومەتی عێراق ئەو کات زۆر بەهێز نەبوو خوێندکارە بەعسیەکان بە ئاشکرا جموجۆڵیان هەبوو بەڵام بە سیاسەتی خۆیان دەیانویست ئێمە لە خۆیان نزیک بکەنەوە.
دەست مان کرد بە ئامادە کردن بۆ ڕۆژی نەورۆز هەریەک لە ئێمە کارێکی پێڕاسپێردرا،لە کافتریای کۆلێج گردبووینەوە چەند کورتە وتارێک خوێندرایهوه ئەو کارەی پێمڕاسپێردرا دابەشکردنی شیرینی بوو، دەستم بە دابەش کردن کرد. تا گەیشتمە لای ئەو کچە فەڵەستینیە ((سۆنیا)) بۆم باسکرد کە ئەوە بە بۆنەی یادی ((نەورۆز))ە، یەکسەر ڕەتی کردەوەو گوتی ئێوە مەجوسن کە وای گۆت خۆم پێنەگیرا قسەکی مزرم پێگۆت سۆنیا یەکسەر چووە لای جێگری ڕاگری كۆلیج جێگر ناوی ((یعرب فهمی سعید)) بوو دایکی کورد بوو کە چومە لای زۆر بە توندی هێرشی کردە سەرم گوتی ئیسڕائیل شەڕ دەکا ئێوەش شیرینی دابەس دەکەن هەر چەندە شێرو ڕێویم بۆ هێنا بێ سوود بوو سزای خۆم وەرگرت هەر لەم ڕۆژە هێشتا لە کافتریاکە دەرنەچووبووین شەڕێکی گەورە ڕویدا لە نێوان قوتابیە بەعسییەکان و کوردەکان وا دیار بوو پیاوانی ئەمن یارمەتی بەعسیەکانیان بە ئاشکرا دەدا هەر لەم شەڕە خوێندکارێک بە ناوی ((مگشر)) کوژرا ئێمەش وردە وردە پاشەکشەمان کردوو تا دوو ڕۆژ نەمان وێرا لە ترسی پیاوانی ڕژێم بچینەوە کۆلێجەکەمان.
ئەم بابەتە زۆر هەڵدەگرێ و زۆر شتی بەبیرهێنامەوە و دەڵێن قسە قسە ڕادەکێشی و گۆم هەتا قوڵتربێ مەلەی خۆشترە...
بە بڕیاری میری لە ساڵی ١٩٦٩ دەبوایە دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان ماوەیەک سەربازی بکەن، ئەو بڕیارە لە ساڵی ١٩٧٠ جێبەجێکرا ئێمەش یەکەم وەجبە بووین ئەو بڕیارە گرتینیەوە و ڕەوانەی سەربازگەی((عمارە))کراین دوای چەند ڕۆژێکی کەم بەیانی ١١/ ئازار خوێندراوە ئێمەش لە خۆشیان وەک سۆفی باڵمان گرتبوو ڕێپێوانێکمان ڕێکخست بۆ شەقامی کۆڕنیش ((عمارە)) بە گۆرانی و چەپڵەلێدان، لە ناکاو چەند کەسانێک بەرەو ڕوماندا هاتن بۆ ئەوەی ئەو خۆپێشاندانەمان تێکبدەن دەستیان کرد بە هۆسە و هەڵا وەک عادەتی خۆیان هاواریان دهكرد ((هژی قرارات البعس موتو یا رجعیە)) پاش وەڵامدانەوە ((هژی قرارات البعس موتو یا رجعیە)) نزیک بوو شەڕ ڕوبدا بەڵام نازانم چۆن لە یەکتری دورخراینەوە.
وا ٢١/ ئازار نزیک دەبێتەوە ئایا بۆ نەورۆز چی بکەین باشە چەند کەسانێک بڕیارماندا هەرچۆنێک بێت نەورۆز لە عمارە بکەین ئەوانەی بەو کارە هەڵساین،شەهید زاهر حەمە تەها، محمد بەکر بەنا و، بەندە و چەند کەسانی تریش وە ئەفسەرێكی کوردیش لە سەربازگەی عەمارە وابزانم لە عەشیرەتی((چەرمەگا))زۆر یارمەتی داین و نابێ ڕۆڵی ئەویش لەبیر بکەین.
شەهید زاهیر چووە بەغداد جلی کوردی و دەهۆڵ و زوڕنای پەیدا کرد تیپی مۆسیقای عمارە زۆر بە پیاوانە یارمەتیان داین بە ماوەیەکی کورت چەندین گۆرانی وەک نەورۆز و بەهار و پێشمەرگەیان تۆمار کرد پاش نیوەڕۆی ٢١/٣ لە هۆڵی عمارە یادی نەورۆز کرایەوە زۆر لە لێپرسراوانی حکومی و سەربازی ئامادە بوون ئەوەی زۆر سەیر بوو نەمان زانیبوو هێندە خێزانی کورد هەن لە عمارە بە چەپڵە و هەلهەلە لێدان لێپرسراوەکان سەرسام بووبوون بۆ یەکەم جار بوو ئاهەنگێکی ئاوا لە عەمارە ساز بکرێ و لە ڕۆژانی دوای ئەو ئاهەنگە لە زۆر چایخانەکاندا گۆرانییە کوردیەکانیان لێدەداوە.
با بێینە سەر باسی ((هەیاسە بزانین لە غەزە چ باسە)) شەڕ لە نێوان ئیسڕائیل و غەزەی فەڵەستین دەستی پێکرد بزانین هەڵوێستی کورد چۆن بوو لەو شەڕە.
هەر لە یەکەم ڕۆژی داگیرسانی شەڕ، کورد خاوەن ڕەوشتەو بە پێی دابونەریتی لە کاتی تەنگانە هەڵوێستی جوامێرانەی هەیە، دوور لە هەموو دین و ڕەگەز و زمان، بە هەزاران دۆلار بۆ غەزە کۆکرایەوە جگە لە بڕێکی زۆر لە کۆمەک کردن لە خواردن و پێداویستی بۆ ئەو خێزانانەی خەریکە لە برسان بمرن، کورد وای دەزانی ئەگەر ڕۆژەک کورد لە هەر شوێنێک کە لێی قەوما ئەو برایانە پاڵپشتیان دەبن بە ناوی مرۆڤایەتی و برایەتی.
عەرەب دەڵێت: ((اتقی شر من احسنت الیه )) بەڕاستی ئەوقسەیان زۆر ڕاستە. چاوەڕوانی شەر بکە لەو کەسەی چاکەت بەرامبەر کردووە.
دوای ئەو گۆڕانکاریەی لە سوریا ڕوویدا، کورد بە ئومێد بوو کە بگاتە جۆرێک لە ماف دوور لە شەڕ و ناخۆشی بەڵام ئەوەی ڕوویدا ڕوویدا، شەڕی خوێناوی لە شارە کوردیەکان ڕوویدا وەک حەسەکە، ڕەققە، قامیشلو، کۆبانێ گێرە هەڵوێستی عەرەبەکان دیارکەوت کە تا بە شێنەیی لەگەڵ کورد بوون وازیان لە کورد هێنا بەتایبەتی عەشیرەتە عەرەبەکان شەڕ بەردەوام بوو کوردیش خۆڕاگر بوو ئەوەی چاوەڕوان نەدەکرا (( برای بە درۆ )) فەڵەستینیەکان بوون کە لە غەززە بە بۆنەی لێدانی کورد لە سووریا بە هەلهەلە شیرینیان دابەش دەکرد ئێمەش فرمێسکمان بۆ دەڕژاندن دەمانگووت لە برسان مردن.
ئەوانەی باسمان کرد لە هەڵوێستی عەرەبە شۆڤێنیەکان لەسەرووی هەمووان شێخی شۆڤینیەکان (( فیصل قاسم )) کە لە کەناڵی جەزیرە وەک پیستریین ئاژەڵ بەرەنگاری کورد دەبێت.
مرۆڤی شۆڤێنی و ڕەگەز پەرست لە هەموو جیهان هەیە بەڵام کەسانیش هەیە بەرامبەر شۆڤینیەکان ڕۆلی بەرچاویان هەیە بۆ نموونە:
کچێک بەناوی (( سلامی )) بەرەگەز عەرەبە و خەلکی (( ناصریە) یە لەگەل خێزانەکەی لە پازدە ساڵیەوە ڕوو لە ئەوروپا دەکەن بە زیرەکی و چالاکی خۆی دەبێتە ئەندام لە پەرلەمانی سویدی لەسەر لیستی حزبی ناوەندی سویدی ڕۆژێک لەکاتی کۆبوونەوەی پەرلەمان بە جلی کوردی دێتە ناو هۆڵی پەرلەمان زۆر بە ڕاشکاوانە دەڵێ ((هەموو ئەوروپا قەرزاری کوردە )) داعش ئەوروپای هەژاند و کوردیش بۆتە قەڵغان بۆ ئێوە هەمووتان قەرزاری کوردن چەند جارێک دوویارەی کردەوە.
ئەوە نموونەیەک بوو لە هەڵوێستی ژنێکی عەرەب، بەڵام بەداخەوە عەرەب لەو جۆرەیان زۆر کەمە بیری شۆڤێنی بەسەر زۆر بەیان دا زاڵە.
((کۆتایی))