ئاراس سه‌عید

۱
یەکێک لە پڕ واتاترین بەشەکانی ژیاننامەی ئەفلاتوون، لەزاری پلوتارخەوە (Plutarch)، ئەوەیە کە پێمان ئێژێت؛ "دیۆنیسیۆس" بڕیاری دا ئەفلاتوون وەکوو "کۆیلە" بفرۆشێت، یا بیر لەوە بکاتەوە لە ڕێگەی دوورخستنەوە و سووکایەتییەوە لێی ڕزگار بێت. ئەم ڕووداوە، چ لە ڕووی مێژووییەوە ورد و درووست بێت یاخوود نا، بەها و واتایەکی سیمبوولی ڕوونی هەیە: (کاتێک دەسەڵات ناتوانێت بیرۆکەیەک پووچەڵ بکاتەوە کە بە دڵی نییە، پەنا دەباتە بەر زەلیلکردنی هەڵگرەکەی و سزادانی ئەو کەسەی بانگەشەی بۆ دەکات.)
لێرەدا سەرنجتان دەبەم بۆ پەرتووکێکی بیرمەندی مەغریبی (محەمەد عابد جابری) دەربارەی (ڕۆشنبیران و دەسەڵات) لە ژێر ناونیشانی (المثقفون في الحضارة العربية: محنة ابن حنبل ونكبة ابن رشد) کە لە کۆتایی ساڵەکانی ژیانیدا بڵاوی کردەوە، یەکێک لە گرنگترین ئەو تێکستانەی کە دەیەوێت وەڵامی ئەوە بداتەوە کە چی پاڵ بە ڕۆشنبیران و بە تاییبەت فەیلەسووفەکانەوە دەنێت، کە هەوڵ بدەن ڕۆڵێک لە دەسەڵاتی هەبوودا بگێڕن تا دەگاتە پایەی شایەتی، وەک لە دەربڕینە ئەفلاتوونییەکەدا هاتووە دەربارەی (فەیلەسووف شا) و لقە زۆرەکانی تری وەک ڕۆڵی (وەلی فەقیهـ: واتە حوکمڕانیی زانای ئایینی) کە نزیکەی نیو سەدەیە لە کایەی ڕامیاریی ئیسلامیدا باسی لێوە دەکرێت، بێ ئەوەی لە ڕاستیدا هیچ بنەمایەکی لە ئاییندا هەبێت. هەر کەسێک بەراورد بکات لە نێوان دەربڕینە ئەفلاتوونییەکە بۆ ئەو ئەرکەی کە ڕۆشنبیر لە خۆیدا وێنای دەکات، و ئەو پێگەیەی کە (وەلی فەقیهـ) لە ڕامیاریی ئێرانی هاوچەرخدا داگیری کردووە، بە خێرایی ئەوە هەڵدەهێنجێنێت کە ئەم دەربڕینە لە هیچ تیۆرییەکی ئایینییەوە نەهاتووە، بەڵکوو لە دەقە ئەفلاتوونییەکانەوە هاتووە، بە تاییبەت وەک ئەوەی جابری باسی کردووە دوای ئەوەی گواستییەوە بۆ ناو جیهانی عەرەبی و مامەڵەی لەگەڵ بیرۆکەی بیرمەندانی وەک ئیبن خەلدون، ئیبن حەنبەل و ئیبن ڕوشد کرد. 
جێگەی سەرنجە کە جابری لە دەقەکەیدا بە دەگمەن ئاماژە بە ئەفلاتوون دەکات، جگە لەوەی مەیلی بەلای (سەرزەنشتکردنی) ڕۆشنبیراندایە لەسەر ئەو خواست و تەمەنایانە، تەنانەت ئەگەر لە تەنیشتیشیان بوەستێت وەک ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەو ڕووداوە تاڵانەی تووشیان دەبێت. 
ڕاستی ئەوەیە کە ئەمانە هەمووی کرۆکی بابەتەکەمان نین لێرەدا، بەڵکوو کرۆکی باس چیرۆکی ئەفلاتوونە لەتەک دەسەڵات و ئەو سەرچاوەیەی کە بیرۆکەی (فەیلەسووف شا)ی لێ وەرگرتووە. ئەمەش بە پلەی یەکەم  دیداری نێوان ئەفلاتوون و دیۆنیسیۆسی سیسیلی، فەرمانڕەوای دوورگەی سیسیلیا کە لە لایەکەوە بووە هۆی ڕوودانی کێشە لە نێوان هەردوولایان و لە لایەکی تریشەوە بووە هۆی ئەوەی ئەفلاتوون نامەی حەوتەم (The Seventh Letter) بنووسێت کە تەواوی چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە، و پلوتارخـیش پشتی پێ بەستووە لەو بەشەی کە بۆ ئەفلاتوونی تەرخان کردووە لە پەرتووکی (ژیاننامە بەراوردکارییەکان/Parallel Lives) کە لێرەدا وەک سەرچاوە پشتی پێ دەبەستین.
۲
ئەو دیدارەی کە پلوتارخ لە گێڕانەوەی ژیانی فەیلەسووفە دامەزرێنەرەکەدا باسی دەکات، یەکێکە لە چڕترین دیمەنەکان لە مێژووی پەیوەندییە تەمومژاوییەکەی نێوان فەلسەفە و دەسەڵات. پلوتارخ ئەمە وەک ڕووداوێکی ئاسایی پێشکەش ناکات، بەڵکوو وەک پێکدادانێکی بنەڕەتی لە نێوان گوتاری دانایی و پەیڕەوکردنی حوکمڕانی دەیبینێت. لە نێوان نموونەییبوونی "شاری ئایدیاڵ" (The Ideal City) و واقیعی حوکمی زۆرداری و تاکڕەوی (تایران).
بەگوێرەی مێژوونووسە ڕۆمانییەکە، ئەفلاتوون کە گەیشتە (سیراکۆسا) لەسەر بانگهێشتی (دیۆن) کە زاوای دیۆنیسیۆسی یەکەم بوو، ئەو کەسەی کە خۆشی لە دانایی دەهات و کاریگەر بوو بە فەلسەفەی ئەفلاتوونی و باوەڕی وابوو دەکرێت فەرمانڕەوا لە ڕێگەی داناییەوە پەروەردە بکرێت. ئومێدەکە ئەوە بوو کە دیۆنیسیۆسی فەرمانڕەوای بەهێز، بگۆڕێت بۆ شتێک هاوشێوەی ئەو (فەیلەسووف شا)یەی کە ئەفلاتوون لە پەرتووکی کۆمار (The Republic)دا خەونی پێوە دەبینی. بەڵام زۆری نەبرد ئومێدەکە بەربەستی هاتە بەردەم کە (سروشتی دەسەڵات خۆی بوو)، و کەسایەتی زۆردار کە بەرگەی وتارێکی نەدەگرت کە وای دەبینی بنەماکانی دەسەڵاتەکەی تێکدەدات. پلوتارخ دەگێڕێتەوە چۆن ئەفلاتوون دوودڵ نەبووە لەوەی بە بوێرییەکی دەگمەن ڕەخنە لە زۆردارییەکەی بگرێت و باسی دادپەروەری بکات وەک هەماهەنگییەک لە نێوان دەروون و شاردا، نەک تەنیا هێزێک کە بە زەبری چەک بسەپێنرێت. بەڵام فەرمانڕەوای سیسیلی قسەکانی ئەفلاتوونی وەک بانگەوازێک بۆ چاکسازی نەدەبینی، بەڵکوو وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر پایەکەی دەبینی. لێرەدا کرۆکی کێشەکە دەردەکەوێت: فەلسەفە کاتێک لە ئەکادیمیاوە دەگوازرێتەوە بۆ ناو کۆشک، بێلایەنییەکەی لەدەست دەدات و دەبێتە کارێکی ڕامیاریی مەترسیدار.
۳
ئەوجا دیۆنیسیۆس بڕیاری دا ئەفلاتوون وەک کۆیلە بفرۆشێت. ئەم ڕووداوە واتایەکی سمبوولی ڕوونی هەیە: کاتێک دەسەڵات ناتوانێت بیرۆکەیەک پووچەڵ بکاتەوە، پەنا دەباتە بەر زەلیلکردنی خاوەنەکەی. 
پلوتارخ وەک مێژوونووسێک، ئەم ڕووداوە بەکاردەهێنێت بۆ دوپاتکردنەوەی ئەوەی کە زۆرداری بەرگەی هەقیقەت ناگرێت، نەک لەبەر ئەوەی نایزانێت، بەڵکوو لەبەر ئەوەی لە مەترسییەکەی تێدەگات.
دیداری نێوان ئەفلاتوون و دیۆنیسیۆسی دووەم-یش هەمان ئەنجامی هەبوو؛ ئەویش تەنیا وا خۆی نیشان دەدا کە ویستی ببێتە فەیلەسووف، بەڵام ئامادە نەبوو باجی گۆڕانکاری بدات و دەستبەرداری دەسەڵاتە ڕەهاکانی ببێت. پلوتارخ وێنەیەکی پێشوەختەمان پێشکەش دەکات بۆ ئەوەی دواتر دەبێتە پرسیارێکی ناوەندی: ئایا دەکرێت فەرمانڕەوا فەیلەسووف بێت، یان فەلسەفە کاتێک لە حوکمڕانی نزیک دەبێتەوە مەحکوم دەبێت بە شکست؟ 
وەڵامەکە ئەوەیە، لۆژیکی هەر یەکێکیان لەسەر بنەمایەک دامەزراوە کە دژ بە لۆژیکی ئەوەی تریانە؛ چونکە فەلسەفە بە دوای هەقیقەتدا دەگەڕێت، بەڵام دەسەڵات بە دوای بەردەوامیدا دەگەڕێت. بەم جۆرە ئەفلاتوون لە ڕووبەڕووبوونەوە ئەقڵییەکەدا بە دۆڕاوی ڕامیاری دەردەچێت، بەڵام بە براوەی ئەخلاقی، لە کاتێکدا دەسەڵات بە دەستەوسانی دەمێنێتەوە چونکە ناتوانێت بگۆڕێت بێ ئەوەی بە تەواوی خۆی هەڵوەشێنێتەوە.
٤
لە ڕووی هزرییەوە، ئەم دیدارە تاقیکردنەوەیەکی کردەیی توند بوو بۆ ئەوەی ئەفلاتوون لە پەرتووکی (کۆمار)دا دەربارەی بیرۆکەی فەیلەسووف شا تیۆریزەی کردبوو. لەو بەرهەمەدا، فەیلەسووف وەک تاقە کەسێک نیشان دەدرێت کە توانای حوکمی دادپەروەرانەی هەیە، چونکە زانینی بۆ چاکە وای لێ دەکات باڵا تربێت لەوەی بکەوێتە ژێر کاریگەری ئارەزووەکان و بەرژەوەندییەکان.
بەڵام گواستنەوەی ئەم بیرۆکەیە بۆ واقیع، ئەو درزە قووڵەی نێوان "نموونە" (The Form) و جێبەجێکردنی دەرخست. وەهمە ئەفلاتوونییەکە لێرەدا دەرکەوت: ئەو باوەڕەی ئێژێت کە زانین بە تەنیا بەسە بۆ گۆڕینی پێکهاتەی دەسەڵات. دیۆنیسیۆس ڕەنگە سەرسام بێت بە زمانی فەلسەفە، بەڵام لە کۆتاییدا دەستەوسانە لە ملکەچکردنی ئارەزووەکانی بۆ هەقیقەت. بەم جۆرە فەلسەفە لە کۆشکدا تەنیا دەبێتە ڕازاندنەوەیەکی گوتاری نەک بنەمایەک بۆ حوکمڕانی. 
دیداری ئەفلاتوون و دیۆنیسیۆس دەبێتە گەواهیدەرێکی مێژوویی لەسەر مەرگەساتی فەلسەفە کاتێک هەوڵ دەدات لە جیاتی ئەوەی دانایی لە فەرمانڕەوا بخوازێت، خۆی حوکم بکات.

وتاری نووسەران