٢: ڕەگەز و جەنگ

د.ساماڵ عرفانی

 

مرۆڤناسان دەریانخستووە کە زۆربەی کات جەنگەکان دەرفەتی زۆرتر دەدەن بە کۆمەڵگە بۆ گەشەکردنی زۆرتری ڕەوشە ڕەگەزییەکانی کۆمەڵگە. واتا ئەگەر لە کۆمەڵگەیەک ئافرەت نایەکسان بێ بەرانبەر بە پیاو، ئەوا لە کاتی جەنگدا ئەو نایەکسانییە زۆر زیاتر دەبێ، ئەگەر لە کۆمەڵگەیەک توندوتیژی هەبێ بەرانبەر ئافرەت لەبەر ئەوەی مێیینەیە ئەوا لە کاتی جەنگدا توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان زۆر زیادتر دەبێ. هەڵبەت بیرمان بێت ئەمە تەنها تایبەت بە ئافرەت نییە و بەڵکوو هەر نایەکسانیەک لە کاتی جەنگدا زۆرتر گەشە دەکا ئیتر بەرانبەربە ئافرەت بێ، منداڵ بێ یان بەرنابەر ئاژەڵان و سروشت و … بێ. ئەڵێی کۆمەڵگە ناشرینییەکانی خۆی بە ڕەنگێکی تۆختر و بەرچاوتر پیشان دەدا کە لێرەدا ئێمە بەس باس لە ئافرەتان دەکەین.

پرسیارێک کە لێرەدا دێتە ئاراوە ئەوەیە کە بۆ جەنگ وا دەکا کە ژنانی هەمان کۆمەڵگە لە کاتی جەنگدا چەوساوەتر و زۆڵم لێکراوەتر بن؟ مەگەر ئەمە هەر هەمان کۆمەڵگە نییە و هەر هەمان مرۆڤەکانی پێش جەنگ نین کە تێیدا دەژین؟ بەڵی مرۆڤەکان هەر هەمان مرۆڤن بەڵام لە کاتی شەڕ و پێکدادان، کۆمەڵگەکان بە بیانووی شەڕ هەندێ لایەن و ماف کەمتر بە گرینگ دەزانن و ئەوانە وەلا دەنێن بۆ کاتی "ئاشتی"  و پێیان وایە شتی گرینگتر هەیە بۆ پارێزگاریکردن، بۆیە تەنانەت لە شۆڕشە ئازادی خوازییەکان و شۆڕشە ناسیۆناڵیستییەکانیش، بەردەوام وا وتراوە کە دەبێت یەکەمجار شۆڕش سەر کەوێ و دواتر باس بکرێ لە یەکسانی ڕەگەزی و ژینگەپارێزی و مافی نەتەوە بچووکەکان و … بەداخەوە زۆربەی ئەزموونەکانیش پیشان دەدەن کە دوای سەرکەوتنی شۆڕش یان جەنگ، ئەوەی مافی پێشێل کرابوو هەر بە پێشێلکراوی دەمێنێتەوە.

جەنگ بە زۆری دیاردەیێکی پیاوانەیە. نە بەو مانایەی کە قەد ئافرەتی شەڕکەر نەبووە یان سەداسەدی کۆمەڵگەکان شەڕکەر و سەربازەکانیان پیاوانن، بەڵکوو بەو مانایەی کە زۆربەی هەرە زۆری وا بووە. جگە لەوەش دەنگی ژنان لە گێڕانەوەی جەنگ زۆربەی کات بزرە و ریوایەتەکان، ریوایەتی پیاوانەن لە زاری پیاوانەوە. هەر وەک چۆن مێژوو و گێڕانەوەی سەربوردەکانی لەسەدا نەوەد نێرانە بووە.

هەر بۆیە زۆرجار باس لەوە دەکرێ دونیا و سیاسەت و ڕابەرایەتی کردن دەبێ بڕوا بەرەو مێیینەبوون هەتاکوو ئاشتی و پێکەوەژیان و لێبوردەیی لە کۆمەڵگەی مرۆڤ پەرە بستێنێ. بیرمان نەچێ ئەمە بەو مانایە نییە کە هەموو ئافرەتێک پڕە لە میهرەبانی و لێبوردەیی، بەڵکوو ئەمە مانایێکی قووڵ و سەروو ئەو بیرکردنەوە ڕەگەزییانەیان هەیە کە دەیەوێ ئافرەت بەس وەک پەرستار و دایک و میهرەبان نیشان بدا. (باسکردنی ئەم فەلسەفەیە دادەنێین بۆ نووسینێکیتر).

گەر بێینەوە سەر باسەکەی خۆمان، شەڕ دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕەوشە رەگەزییەکان دووپات بکرێنەوە واتە پیاو شەڕەنگێز و ئافرەتیش ڕاگری ماڵ و میهرەبانی بێت و لەکاتی شەڕدا ژنان زۆرتر دەنێردرێنەوە ماڵەوە و چاوەڕوانی ئەوەیان لێ دەکرێ کە هەموو شتێک قبووڵ بکەن و دەنگیان دەرنەیێ و دیسان بچنەوە سوچی ماڵەوە (جگە لەو کاتانەی کە پیاوانێکی زۆر لە شەڕەکان دەمڕن و کارخانە و شوێنی ئیش کارمەندی پیاویان دەس ناکەوێ وەک جەنگی جیهانی یەکەم و دووهەم).

جگە لەوەی کە دەسڕێژی سێکسی بۆ سەر ئافرەتان لە لایەن دوژمنانیشەوە بەکار دەهێنرێ وەک ئامرازێکی سووکایەتی کردن. واتا لە کاتی شەڕەکاندا، هەم خودی کومەڵگەکە و هەم دوژمن بەشێک لە ڕق و توندوتیژی خۆیان بەسەر ئافرەتان دادەڕێژن و ئافرەت لە هەر دوولاوە زوڵمی لێدەکرێ. هەربۆیەش ژەنگ وادەکا کە کۆمەڵگەکان لە ڕووی مافە مەدەنییەکانەوە بەرەو دواوە بڕۆن و لە کۆتاییدا تەنانەت گەر براوەی جەنگەکەش بێت بەڵام کۆمەڵگەکە بەرەو پاش دەڕوا.

جەنگ جگە لەوەی کە توندوتیژییە، نمایشی شۆناسی کۆمەڵایەتی و شۆناسی ڕەگەزییە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا