
ئۆلیڤیە پیرونە
لە فارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن
جۆرج پولیتزەر، ڕۆشنبیرێکی دیار و پرۆفیسۆری فەلسەفە، دەیتوانی هەمووژیانی لەجیهانی ئەبستراکتی هزر و ئەندێشەدا بەسەرببات، بەڵام ئەم چالاکوانەی کۆمۆنیست بەباشی زانی بنەما سەرەتاییەکانی فەلسەفە لەزانینگەی کرێکاری بخوێنێت کە حزبی کۆمۆنیستی فەرەنسە، بۆ پەروەردەکردنی پرۆلیتاریا لە ساڵی١٩٣٢ دامەزرابوو. ساڵانی دواتر، نازییەکان پۆلیتزەریان لەسێدارەدا.
لە سییەکان، حزبی کۆمۆنیستی فەرەنسە بڕیاریدا زانینگەیەکی فرەبەشی، بێبەرامبەرو ئازاد بۆ هەموان بکاتەوە کە خوێندنی مارکسیزم، بنەمای سەرەکی پێکدەهێنا. ڕۆشنبیران ئەرکەکەیان گرتە ئەستۆ: دواتر، حزبی کۆمۆنیستی فەرەنسە بەخستنەلاوەی پەیتا پەیتای ستراتیژی "چین لەبەرامبەر چین"(١٩٢٤-١٩٣٤) [سیاسەتی ئینتەرناسیۆنالی کۆمۆنیست بوو لەنێوان ساڵەکانی ١٩٢٨ بۆ ١٩٣٥ و بە "قۆناغی سێیەم"یش ناسرابوو]، ئامانجی سودوەرگرتن بوو لەشارەزایی ڕۆشنبیران. گەرچی تایبەتمەندیئەم دۆخە، "جیهانگەرایی" خۆی بوو، -بانگەشەی دەکرد کە کۆمەڵە بێلایەنەکان دەگرێتەوە- ئەمە پێشنیازێکی زۆر نوێ نەبوو. ئەم بەرنامەیە بەئاقاری فێرکردنی سەرەتایی بوو بۆ چالاکوانانی بنەڕەتی کەم خوێندەوار و پەیمانگەیەکی کادرانی حزبی بوو کە لەبیستەکان دامەزرابوو. لەژێر چەتری پاڵپشتی نووسەرە بەناوبانگەکانی ئەوکات (هێنری باربوس و ڕۆماین ڕۆڵان)، دەرگاکانی زانینگەی کرێکاری پاریسUO، کە (پاوڵ بۆترۆنیەر، جۆرج کونێۆ و جۆرج پولیتزەر) دایانمەزراند، لە ساڵی١٩٣٢ بەڕووی هەمواندا کرایەوە.
زانینگەی کرێکاریی لەڕاگەیەنراوی دامەزرانیدا ڕەخنەی لەفێرکردنی باو گرت، کە بۆرژوازی بۆخۆی ڕێکیخستبوو، خۆی بەهۆکارێک دەناسێنێت کە ئامانجی گواستنەوەی "مەعریفەی مارکسیستی"یە بۆ پەروەردەکردنی [پرۆلیتاریا] بەئامانجی ڕزگارکردنی. پەیوەندیکردنی ڤیگەرەکانی دیکەی حزبی کۆمۆنیست (پۆل نیزان)، فەیلەسوف و نووسەر بۆ خوێندن لەم زانینگەیە، هەموان پێشوازییان لێکرد. لە ساڵی١٩٣٧، دووهەزارکەس لەم زانینگەیە ناویان نووسیوە کە بەگشتی کرێکار و کارمەند بوون، بەڵام لەنێویاندا مامۆستا، خوێندکار و هیتریش هەبوو. ئەم زانینگەیە فێری ڕاپۆرتنووسینیشی دەکردن. زانینگەی کرێکاری تر لەشارەکانی دیژۆن، مارسیلیا، سیدان و ... کرایەوە.
فەلسەفە، بەشێکی ئەم زانینگەیە بوو کە جۆرج پۆلیتزەر لە ساڵی١٩٣٤ بۆ١٩٣٨، دەربارەی مارکسیزم-لینینیزم و ماتریالیزمی دیالەکتیک وانەی دەوتەوە و زۆر خۆشەویست بوو. ئەم مامۆستا گەنجەی فەلسەفە، ساڵی١٩٠٣ لەهەنگاریا هاتبووە دنیاوە و ئەندامی حزبی کۆمۆنیستی ئەو وڵاتە لە ١٦ساڵیدا دوای بەشداریکردنی لەکۆمۆنەی بۆداپست (مانگی ئازار بۆمانگی ئابی١٩١٩)، لە ساڵی١٩٢١ چووە فەرەنسە، لە ساڵی١٩٣٠ پەیوەندیکرد بەحزبی کۆمۆنیستی فەرەنسە، لەبازنە ڕۆشنبیرییەکانیفەرەنسە ناوبانگی زۆر بوو. لە ساڵەکانی١٩٢٤-١٩٢٥، گروپی فەلسەفە و بڵاوکردنەوەی دامەزراندو لەگەڵ (هێنری لێفێڤرێ، جۆرج فریدمان) وانەیان وتەوە.
گەنجانی خاوەن بزووتنەوەی فەلسەفی باڵادەست کە (هێنری بێرگسۆن) نوێنەرایەتی دەکرد، بەرخودان و ڕەخنەیان لێدەگرت کە بۆچی لەچوارچێوەی ڕامانی میتافیزیکی گیربووە و لەبیرکردنەوە لەکردەگەرێتی و ڕزگاریی هەموان لاوازە، ئەویش "لەکاتێکدا (...) خەڵک بەهەمووشێوەیەک کۆیلە بوون" (گۆڤاری ئەورووپا، کانونی دووەمی١٩٢٥). ئەم تیۆرسێنە گەنجانە یەکلاببوونەوە کە بیر لەڕزگاربوون لەکۆیلایەتی بکەنەوە. لە ساڵی١٩٢٤ پۆلیتزەر دەنووسێت: "چارەسەرکردنی پرسی ڕزگاریی (...) لە لەناوبردنی ڕاستەقینە [ئامرازەکانی پەرستن] جیاناکرێتەوە".
ئەم کۆمەڵەیە پێش جیابوونەوەیان لەهاوینی ١٩٢٩، گۆڤاری مارکسیستییان بڵاوکردەوە کە ئامانجی هۆشیاری گشتی مارکسیزم-لینینیزم بۆ کرێکاران "و ڕۆشنبیرانی زیرەک بوو کە خوازیاری هاتنەناو ڕیزەکانی پرۆلیتاریا و چەمکە مارکسیستییەکەی" بوون. بەهاوتەریبی، پۆلیتزەر ماندوونەناسانە گۆڤاری دەروونناسی دەرکردووە و بەڕێوەیبردووە، ڕەخنەی بنەماکانی دەروونناسی بڵاودەکردەوە: هەرچەندە ئەو شێواز و بانگەشەی زانستە کلاسیکییەکان ڕەتدەکاتەوە، ڕەخنەی لەهەندێک چەمکی دەروونشیکاریی فرۆید گرت، چەمکی "نەست" کە پلیتزەر پێیوابوو، فرۆید بەجووڵە لە "تۆی ڕۆشنبیرگەرایانە"بونیاتی ناوە.بەجۆشوخرۆشەوە نامیلکەی مشتومڕی "کۆتایی نمایشی فەلسەفی: بێرگسۆنیزم"ینووسی(١٩٢٩، کە جان-جاک پوور لە ساڵی١٩٦٧ چاپیکردەوە). پۆلیتزەر ڕیشەکانی ئایدۆلۆژیای هزری "ئاغا"، "هاوپەیمانی دەمارگیری حکوومەت و چینێک کە ئامرازیەتی" ڕووندەکاتەوە "ئەمڕۆ فەیلەسوفێک هەیە کە ناوی لەهەمووشوێنێک زایەڵەیەتی..." ئەم دوونووسینە کاریگەرییەکی زۆری هەبوو بەسەر (جۆرج کانگویلهێم و ئاڵتۆسێر و سارتەر یان جاک لاکان)ەوە.
جۆرج پۆلیتزەر لەساتی بوونی بەئەندامی حزبی کۆمۆنیستی فەرەنسە، کاتەکانی بۆ چالاکی حزبی تەرخانکرد. بارودۆخی ڕۆژ، قەیرانی دارایی و فاشیزم، قەناعەتییان پێکرد تەنیا بەڵێنی یەکجارەکی دەتوانێت خزمەت بەئامادەکاری شۆڕش بکات کە ئامانجەکەی سەقامگیریی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی نوێ و مۆدێلی سیستمی سۆڤیەتە. بۆیە بێباکانە خۆی تەرخانکرد بۆخزمەتکردن بەڕۆڵی هۆشیاری گشتی زانینگەی کرێکاریی.
زۆربەی وانەکانی بزربوون، بەڵام لە ساڵی١٩٣٥-١٩٣٦ دەقی وانەکانی لەکتێبی "بنەما سەرەتاییەکانی فەلسەفە"، یاداشتی (مۆریس لو گایۆ)ی خوێندکارێکی وانەکانی بوو و لە ساڵی١٩٤٦ بڵاوکرایەوە،کە دامەزرێنەری زانینگەی نوین و دوای شەڕی[دووەمی جیهان] شوێنی زانینگەی کرێکاریی گرتەوە. فێرکردنی فەلسەفە لەڕوانگەی پۆلیتزەرەوە تەنیا تایبەت نییە بەدەستەبژێران. "زۆرجار چاوەڕوان دەکرێت فێرکردنی فەلسەفە بۆ کرێکاران، زۆرئەستەمە، پێویستییان بەزانیاری تایبەتە. دەبێت ڕاشکاوانە بڵێین، بەشێوەیەک کتێبە وانەییەکانی بۆرژوازی نووسراون، تا خوێندکاران بەڕاستی قەناعەت بەم بیرۆکانە بکەن، بەڵام نائومێدییان دەکات". هەوڵدەدات بۆئەوەی بنەماکانی ماتریالیزمی دیالەکتیک بەردەستی هەموانبێت کە کراوەتە قوربانی "کەمپەینی بێدەنگی" یان "بەلاڕێدابردن و ساختە".
پۆلیتزەر بەپێداچوونەوە بەمێژووی فەلسەفەی خۆرئاوا، لەگۆشەی جیاوازیی نێوان ئایدیالیزم و ماتریالیزم لێیدەکۆڵێتەوە. ئایدیالیزم کە "زادەی نەزانی"یە، بەڵگەنەویست ئەو ئایدیایە وەردەگرێت کە هزر و زەینی مرۆڤ، سەرچاوەی ڕاستییەکانەو بۆ ڕوونکردنەوەی جیهان، "پشتدەبەستێت بە یەک یان چەندسروشتێکی بەرز، هێزەکانی ئەودیوسروشت". ئەم کارە بە "تێڕوانینی نازانستی لەجیهان"، بەیەک "خاڵ-ڕوانگەی میتافیزیکی" باوەڕی بەئەبەدی بوونی شتەکانەو لەئاکامدا، دووپاتەی دەکاتەوە کە بەلۆژیکی، "هەمیشە دەوڵەمەند و هەژار هەبووە"، بەپێچەوانەکەی، ماتریالیزم بەرەنجامی "بەرخودانی زانستە بەنەزانی یان بیرکردنەوەی دۆگما" و بۆیە بەگژیداچووەتەوە کە بوونی مادە وەک ڕاستی یەکەمین دەخاتەڕوو.
ماتریالیزمی دیالەکتیک بەرهەمی پێشکەوتنە لەبواری زانست. بەگژداچوونەی ئایدیالیزم: ماتریالیزم نیشانیدەدات کە "کۆمەڵگەی سەرمایەداری یەکلاکەرەوە نییە" و "بنەمای بەڵگەیی نییە"، ئەم کۆمەڵگەیە تەنها "ڕاستی کاتی"یەو "هیچ شتێک لەبەردەم گۆڕانکارییەکانی مێژوو خۆی ناگرێت". پێویستە وەک "کۆتایی پرۆسەیەک" لەسەرمایەداریی بڕوانین کە مرۆڤەکان ڕۆڵی تێدادەبینن. ئەنجامگیری دەکات کە ئەرکی کرێکاران بەرمەبنای "بەستنەوەی کارە بەتیۆرەوە" بۆئەوەی بتوانێت "لەسەر شەقامیش هاوشێوەی شوێنی کار، لەبواری ئایدۆلۆژیادا بەرخودان بگەیەنێتە ئەنجام". وانەنامە بەبێ زمانی تایبەتی فەلسەفی، چەمکە بنەڕەتییەکان بەجووڵان لەنموونەکانی بەرەنجامی ژیانی ڕۆژانە "کارگە، پرسی باجوخەراج و هتد" یان ڕووداوەکانی ڕۆژانە ڕووندەکاتەوە. بەمشێوەیە، دەقەکە ئاماژە بەبزووتنەوەیەکی جەماوەری لەکاردانەوە بە ئاژاوەی فاشیستەکان لە ٦ی شوباتی١٩٣٤ لەپاریس دەکات. بەکردنەوەی بەرەی جەماوەریی (١٩٣٦-١٩٣٨) کۆتاییهات.
ئەم کتێبی وانەییە بوە سەرچاوەیەک بۆنەوەکانی داهاتوی بەرخودان، ڕۆشنبیران... و سەرەتاییەکان. هەروەها وانەکان یارمەتیدەربوون بۆخوێندنی مارکسیستی لەخولەکانی زانینگە دوای کۆتایی پەنجاکان.
پۆلیتزەر دواوانەی لە ئایار-تەموزی ١٩٣٨ "هزری فەرەنسی و مارکسیزم" لەزانینگەی کرێکاریی وتەوە. لەم وانانەدا "ئەماتۆریزم(ڕواڵەتگەرایی)" "فەلسەفەی فەرمی" کە خۆی "بەشێوەی یارییەک" دابڕاو لەواقعیەت دەناسێنێت، سەرزەنشتی کردوە، باوەڕیوایە ئەم ڕواڵەتە "دەرگا بەڕووی تەسکبینی عیرفانی" پشتبەستوو بەخستنەلاوەی مارکسیزم دەکاتەوە. پۆلیتزەر و کانیۆ بۆساڵی داهاتو، گۆڤاری پانس (هزر)-گۆڤارێکی ڕۆشنگەریی و پێویست- دادەمەزرێنن. لەڕۆژەکانی کۆتایی ئەیلولی١٩٣٩، کەمتر لەمانگێک دوای چوونەناو شەڕەوەی فەرەنسە، زانینگەی کرێکاریی وەک ڕێکخراوەکانی سەر بە حزبی کۆمۆنیستی فەرەنسە کە حکومەتی ئێدوارد دالادیە قەدەغەی کردبوو، هەڵدەوەشێتەوە.
پۆلیتزەر لەگەڵ مای خێزانی لەئابی١٩٤٠ ژیانی نهێنی هەڵدەبژێرن و تۆڕێکی بەرخودانی ئەکادیمی لەگەڵ گابرێل پەری (١٩٠٢-١٩٤١) و ... دادەمەزرێنن. لەیەکەم ژمارەی "هزری ئازاد" (١٩٤١-١٩٤٢)، پۆلیتزەر نامیلکەیەک لەوەڵامدانەوەی وتاردانی ئەلفرێد ڕۆزنبێرگ تیۆرسێنی نازی بەناونیشانی "خوێن و ئاڵتوون" لەئەنجومەنی نوێنەران لە ٢٨ی تشرینی دووەمی١٩٤٠ بڵاودەکاتەوە. پۆلیتزەر بە ڕەخنەیەکی توند لەپلانی گۆڕینی "خەباتی چینایەتی بەخەباتی نێوان نەژادەکان"، دووپاتەی دەکاتەوە کە "'ناسیۆنالیزم' و 'ئایدیۆلۆژیا'کەی (...) پەیوەندی نزیکیان بە سەرمایەداری [لەئامادەبووندا] هەیە". لەبەرامبەر "ئیرادەی سەرسەختانەی سەرمایەی گەورە بۆهینانەکایەوەی ڕەوتی پاشەکشە"، بانگهێشتی گەلی فەرەنسە دەکات بۆ ڕابپەڕن: "بەڕووخاندنی سەرمایەداری لەوڵاتەکەماندایە کە دەتوانین جارێکی تر ئازادی و سەربەخۆیی وەربگرینەوە"، چونکە "ڕزگاری کۆمەڵایەتی ڕێگە بەرەو ئازادی نیشتمانی دەکاتەوە".
ڕۆژی ١٥ی شوباتی ساڵی١٩٤٢، جۆرج و مای پۆلیتزەر دەستگیرکران. نازییەکان "جۆرج"یان لە ٢٣ی ئازاری ساڵی ١٩٤٢ لەسێدارەداو بۆساڵی داهاتوو، خێزانەکەیان ڕەوانەی ئاوشڤیتز کردو لەوێ مرد. گیولا ئیلیاسی هاوڕێی، شاعیری هەنگاری نووسی: "هەرچەندە، بەهۆی هێزی فەلسەفەکەیەوە بوو کە پولیتزەر بوو بە پاڵەوانێکی ئەفسانەیی بەنرخ"،ئازایەتی تیۆری و ئاکاری بەرپرسیارهەڵگری پۆلیتزەر، ورەبەرزیی بەرخودانەکەی بوو، کە کونێو بیرمان دەهێنێتەوە، بەردەوام بزەی لەسەر لێو بوو: "بزەی بەرخودانخوازانە، نەک ئەنارکیست، بەڵکو مارکسیستێک کە گاڵتە بە بەرخۆدانی جیهانی کۆن دەکات بۆئەوەی لەئیدانەکردنی مێژوو ڕزگاری بێت".
لوموند دیپلماتیک، مە ٢٠٢٦
