نووسینی/ زیرەک کەمال
 ئۆباڵ بە ئەستۆی ئەو کەسەی ئەو بەسەرهاتەی بۆ گێڕامەوە. ماوەیەک لەمەوبەر لە وڵاتی سوارەی حەمیدی و جلخوارەکان، لە وڵاتی قەتلوعامی ئەرمەنەکان و لە مەملەکەتی لە سێدارەدانی شێخ سەعیدی پیران و سەید ڕەزای دەرسیم، لەو وڵاتەی بە کوردستان دەڵێن: شەرقی ئەنادۆڵ و بە کورد دەڵێن تورکی شاخاوی، بەڵێ ئا لەم وڵاتەدا قوماندارێکی سیاسی تووشی بەرزبوونەوەی شەکرە و گوشاری خوێن دەبێت. ئیدی ئەو دوو نەخۆشییە توانا و بڕستی لێ دەبڕن، بۆیەش بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ هەردوو نەخۆشیەکەی، قوماندار سەردانی چەندین پزیشکی مەملەکەتی بابی عالی دەکات و سەر دەکات بەسەر چەندین نەخۆشخانەدا،  پەیڕەوی چەندین ڕەچەتە و ڕێنوێنی جۆراوجۆری پزیشکی دەکات. چەندین حەب و دەرمانی دژ بە هەردوو نەخۆشیەکە بەکار دەهێنێت، تەنانەت لە دەرەنجامی نائومێدبوونی لە پزیشکەکان، پەنا بۆ بەکارهێنانی گژوگیای سروشتی و شێوازی چارەسەری میللیش دەبات. پارێزێکی ورد و بە بەرنامە لەهەر جۆرە خواردمەنیەک دەکات، کە پەیوەندی بەشەکرە و گوشاری خوێنەوە هەبێت. دەچێتە سەر چەندین مەرقەد و پەرستگا ئاینییەکان، تەنانەت نوشتەی چەندین شێخ و مەشایێخ بە قۆڵی خۆیەوە دەکات، بەڵام تادێت هەم شەکرە هەم فشاری خوێنی زیاتر بەرز دەبنەوە و زیاتر مەلوول و پەرێشان دەبێت. دوای ئەوەی سەردانی پزیشکێکی تر دەکات، کە هەم پسپۆڕی بواری هەردوو نەخۆشییەکەیە و هەم پسپۆڕ و شارەزای بواری دەروونیش بووە، دوای ئەوەی کۆمەڵێک پشکنینی وردی بۆ دەکات و دواتریش لەسەر بنەمای دەروونناسی کۆمەڵێک پرسیاری لێ دەکات، ئەو قەناعەتەی لا دروست دەبێت، کە نەخۆشییەکەی قوماندار هیچ پەیوەندی بە جۆری خواردن و خواردنەوەوە نییە و بگرە بۆی بەدیار دەکەوێت، کە ئەم دەردە شتێکی دیکەیە، بۆیە پێی دەڵێت: بڕۆوە ماڵێ و چاودێریەکی وردی خۆت بکە بزانە بەچی وات لێدێت؟ لەسەر بنەمای ڕێنوێنی پزیشک قوماندار دەگەڕێتەوە و هەست لەخۆی ڕادەگرێت، پاش یەکدوڕۆژ بۆی بەدیار دەکەوێت، هەر کاتێک لە میدیا جیهانییەکان گوێبیستی ناوی کورد و سەربەخۆیی کوردستان دەبێت، تووشی بەرزبوونەوەی شەکرە و گوشاری خوێن دەبێت. قوماندار دەگەڕێتەوە لای پزیشکەکەی خۆی و ڕاستی و دروستی حاڵەتەکەی بۆ دەگێڕێتەوە، بۆیە پزیشکەکە ڕوو دەکاتە قوماندار و پێی دەڵێت: چارەسەری تۆ نە دەرزیە و نەدەرمانە، بەڵکوو با من پێت بڵێم: هەرکاتێک گوێبیستی وشەی کورد و کوردستان بووی، سێ جار لەسەر یەک بڵێ کورد نەتەوە نییە،وتورکە شاخاویە، دواتر سێ جار لەسەر یەک بڵێ نابی کوردستان سەربەخۆبێت، دوای ئەوە قوماندار بە وردی ڕێنوێنی و ئامۆژگاری پزیشکەکەی کرد، ئیدی هەر جارێک گوشاری خوێن و شەکرەی بەرز دەبووە و ئەو قسانەی دووبارە دەکردەوە، یەکسەر شەکرە و گوشاری خوێنەکەی دادەبەزی. ئیدی دەرکەوت  نەخۆشی ئەو پیاوە سیاسیە بەس پەیوەندی بەناوی کورد و کوردستانەوە هەیە. دەشڵێن ئیستاکە کە هەردوو نەخۆشی شەکرە و گوشاری خوێن لەم وڵاتە بەربڵاوە هەر پەیوەندی بەوەوە هەیە نەک هۆکاری تر. بەڵئ لەوڵاتی قوماندار سیاسەت هەموو شتێکی ناشیرین کردووە

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا