
فاتیح سەلام
لە ( خضیر عباس ) دەگێڕنەوە کە ساڵانێ یاوەری زەعیم عەبدولکەریم قاسم بووە.
دەڵێ :-
شەوێ لەشەوانی سارد و سەختی زستانی ساڵی ١٩٦١ لە بەغدا یاوەری زەعیم بووم، لەگەشتێکیدا بەنێو شەقامەکانی شارا، زەعیم پاڵتۆیەکی سەربازی بێ پلەی لەبەرکردبوو، بە ڕێکەوت سەعاتی پێنجی بەیانی بوو، گەیشتینە ناوچەی عەلاوی حلە، لەوێدا زەعیم بڕیاری دا نانی بەیانی لای ژنێکی تەمەن پەنجا ساڵ کە قەیماغ و چایی دەفرۆشت و دوو منداڵیشی بەتەنیشتەوە بوو بەردەستی دەکرد، بخوا.
زەعیم بەرانبەر ژنەکە دانیشت و داوای خواردنی لێکرد، ژنەش بێ ئەوەی بیناسێ و بزانێ کێیە ئەمەی بەرانبەری دانیشتووە بۆی ئامادە کرد، زەعیم لێی پرسی ؟
ـ ئایا بەخێوکەرێکتان هەیە لەماڵەوە خۆت و کچەکانت بەخێو کات؟
ژنەش لەوەڵامدا وتی :-
ـ پیاوەکەم کەمئەندامە، لەشەڕی ساڵی ١٩٤٨ دا لەفەلەستین وای لێهات، ئێستاش لەخانووەیەکی قوڕدا لەگەڕەکی وەشاش خۆم و ئەم دوو کچەم و ئەو دەژین و من وا ماوەی پێنج ساڵە سەرچاوەی داهاتیانم و دەیانژێنم و هیچ داهاتێکی دیکەمان نییە.
لێرەدا زەعیم لێی پرسی :-
ـ ئایا هیچ گلەیی و داواکارییەکت پێشکەش زەعیم کردووە لەسەر گوزەرانتان تا بۆت جێبەجێ بکات؟
ژنە بە تووڕەیی و دەنگێکی بەرزەوە وتی :
ـ نەفرەت لەزەعیم
(خضیر عباس) دەگێڕیتەوە و دەڵێ بینیم زەعیم بەتەواوی ڕەنگی گۆڕا و وتی :-
ـ فەرموو دایە ئەو نامەیە بگەیەنە زەعیم، من هاوڕێی زەعیمم، دڵنیام پشت بەخوا درێغیت لێناکات.
دەڵێ دوای رۆژێ لەم دیداری ئەم ژنە، بەیانیانێ مولازم خەلیل کەنعان ئاگاداری کردینەوە کە ژنێک هاتووە نامەیەکی پێیە کە بە دەست و خەتی زەعیم نووسراوە، "هەر کەسێک ئەم نامەیەی خوێندەوە بە خێرایی لەگەڵ هەڵگریا بیگەیەنێتە لام بێ دوا کەوتن" دوای ئەوەی نامەکەمان گەیاندە زەعیم، ژنەی بانگ کرد و بە جوانترین و گەرمترین شێوە پێشوازی لێکرد و داینیشاند لای خۆی بێ ئەوەی هیچ بڵێت، بە یەکێک لە یاوەرەکانی وت بچن لە چێشتخانەی ئیخڵاس دە نەفەر کەبابمان بۆ بێنن، کە ئەوکات نرخی نەفەرێ کەباب تەنها ٦٠ فلس بوو، کەبابیان هێنا زەعیم و ژنە کەوتنە خواردن و بەدەم شیر و چا خواردنەوەوە زەعیم ناردی بەدوای بەڕێوەبەری هۆبەی چوار، لە وەزارەتی بەرگری و بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی عێراق، لەوێدا بڕیاریان دا مانگانە ٥ پێنج دینار وەک خانەنشینی بۆ مێردەکەی ببڕنەوە و خانوویەکیشی لە خانووەکانی تۆپچی بدرێتی، دوای ئەم بڕیارانە و ڕۆیشتنی ئەو دوو بەڕێوەبەرە زەعیم دەستی کرد بە گیرفانیا کە تەنها ١٧ دیناری پێبوو ئەویشی پێشکەش بە ژنەکە کرد، دوای ئەوەی ژنەکە سوپاسی کرد، پەلاماری دا دەستی ماچ بکات لەپای ئەو پێشوازی و خزمەت و بەخشینە، بەڵام زەعیم نەیهێشت و پێی وت :-
- هاوڕێکەی زەعیمت ناسی کە ئەو بەیانیانەکە ئەم نامەی بۆ نووسیت؟
ژنەش وتی :-
ـ نا بەخوا ، بەس ئەویش وەک تۆ کەسێکی چاک بوو!
زەعیمیش به زەردە خەنەیەکەوە رووی کردە ژنەکە و وتی :-
ـ دایە من هاوڕێکەی زەعیمم
دەڵێ ژنە سوور هەڵگەڕا و حەپەسا و وتی :
ـ تۆ زەعیمیت و من ئەو هەموو جنێوەم پێت دا؟
ئەمە نموونەیەیەکی جوانی چیرۆکێکی ئەو سەرکردە بوو کە هەژارانی خۆش دەویست و خۆشیان دەویست و بۆیان تێدەکۆشا، ئاخۆ کەی سەرکردەیەکی دیکەی نیشتمان پەروەری وەک عەبدولکەریم قاسم دەردەکەوێ دڵسۆز بۆ گەلەکەی؟
تۆ بڵێی عێراق تووشی نەزۆکی بووبێت لە هێنانە دنیای جارێ تری ئاوا پێشەوا و سەرۆکێک.
