
هاوار محەمەد
"سەیر لەوەدایە لەو مشتومڕە درێژەدا کە لە ئەفڵاتوونەوە تاوەکو هۆبز لەبارەی دوژمنایەتیی لەمێژینەی حەقیقەت و سیاسەتەوە کراوە، هیچ کەس لەو باوەڕەدا نەبوو کە درۆی ڕێکخراو، بەو جۆرەی لەمڕۆدا پێی ئاشناین، دەتوانێت چەکێکی هێندە کاریگەر بێت دژ بە حەقیقەت".
هانا ئارێنت
دەربارەی ڕاستگۆیی و درۆ لە سیاسەتدا
ماوەیەکە زۆر باس لەوە دەکرێت کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژانە درۆ دەکات، درۆی شەرماوەر، درۆی ڕووت؛ درۆگەلێک کە خۆیان پێشتر کەمتازۆر بە "فەزاحەت" [سکانداڵ] دادەنران. ئێستا وەک بۆدریار وتوویەتی سەردەمی شەفافیەتە و چیتر سکانداڵ ئەوە دەشارێتەوە کە "سکانداڵ بوونی نییە"، ئەوەی کە هیچ شتێک نابێت بە شەرم و ئابڕووچوون، تەنانەت دوورگەی ئیپستینیش، کە فایلەکانی وەک فەزاحەتێکی گەورە بڵاوکرایەوە، بۆ ترەمپ نەبوو بە سکانداڵ. لەم سەردەمی شەفافیەتەدا دوورگەی ئیپستین "فەزح" دەکرێت، بەڵام نابێت بە فەزاحەت، واتە کارەکتەرەکانی ئەو جۆرە کردەوە دەستدرێژییانە، نەک بەهۆی شەرم و ترس و دڵەڕاوکێوە وەک سەردەمانی پێشوو خۆیان دەکوژن (هەمووان دەزانن ئیپستین کوژراوە و خۆی نەکوشتووە)، نەک لە تەریقیدا دوورەپەرێزی دەگرن و بۆ خەڵوەتگەیەکی نادیار و تاریک دەکشێنەوە، بەڵکو وەک دۆناڵد ترەمپ، بە شێوەیەکی ئاسایی لە بەردەم کامێرا و مایکەکاندا دەڵێن "کاری ترمان هەیە، با واز لە مەسەلەی ئیپتسین بهێنین." وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت: ڕوو-دان، واتە، دەرکەوتنی ڕوو، "ڕووی ڕاستەقینە"ی شتێک، "کەوتنەڕووی شتێک". بۆ ترەمپ دوورگەکە ڕووداوێک نییە، کەوتنەڕوویەک نییە، کە لە ڕابردوودا ئەم کەوتنەڕووە جۆرێک بووە لە فەزاحەت، بەڵکو وەک ئەوەیە هیچ ڕووی نەدابێت، هیچ "نەکەوتبێتە ڕوو".
ئێستا لەم سەردەمەدا کە ئیتر درۆش مایەی شەرم نییە و ئابڕووی سیاسەتمەدارانی پێناچێت، میدیاکان دەتوانن ببن بە سەنتەری درۆسازی و درۆژمێری، بۆ نموونە ئەوان درۆکانی ترەمپ دەژمێرن و بە ڕێژەی جیاواز دەیخەمڵێنن؛ وەک بڵێی لەگەڵ سەفقەچییەکی پاتاڵی وەک ترەمپدا، سیاسەت ببێتە کایەی نەوت و درۆ، یان بە تێرمی نەوشیروان مستەفا "درۆ و دراو". درۆ لە سیاسەتی هاوچەرخدا نوێ نییە، بەڵام لەگەڵ ترەمپدا هەندێک سیفەت و فۆڕمی نوێی بۆ زیاد دەبێت.
هانا ئارێنت لایەنیکەم باس لە دوو جۆر درۆ لەنێو کایەی سیاسەتدا دەکات: درۆی تەقلیدی، کە مەبەست لێی درۆی جوزئی و دیاریکراوە لە دۆخێکی تایبەتدا و بەرامبەر بە دوژمنێکی دیاریکراو بۆ فریوودان و سەرلێشێواندنی، بەڵام کۆنتێکست و دۆخە گشتییەکە وەک خۆیان دەمێننەوە. ئەم جۆرە درۆیە زیانێکی کەم بە "حەقیقەت"دەگەیەنێت. هەروەها درۆی ڕێکخراو یان درۆی سەراپاگیر، کە دۆری سیاسەتی هاوچەرخە، دەتوانێت یاریی بە حەقیقەتەکان بکات و خۆیشی جێگای حەقیقەتی بنجڕ بگرێتەوە؛ وەک ئارێنت دەڵێت بگرە درۆزنەکە خۆشی بکەوێتە داوی درۆکەی خۆیەوە.
گەر درێژەی تێزەکەی ئارێنت بخوێنینەوە دەبینین لەگەڵ ترەمپدا جۆرێک درۆی نوێ لە سیاسەتدا سەرهەڵدەدات کە لەو فۆڕمانەش تێدەپەڕێت کە ئارێنت دیاریی کردووە. درۆی ترەمپ گشتگیرە و هاوکات "ڕێکخراو"یش نییە، گەرچی سەدان میدیا و شرۆڤەکار و ئەمریکانیست خەریک بن، ڕۆژانە فۆڕمێکی ڕێکخراو بە درۆکانی بدەن.
درۆ ڕۆژانەییەکانی ترەمپ هێندە خێرا و دوابەدای یەکن، هێندەش لەیەک جیاوان، کە زۆر ئەستەمە هێندە بمێننەوە "قەناعەت" بە بەردەنگ بکەن و ئەستەمتریشە فۆڕمی "گێڕانەوە" وەربگرن. ترەمپ کەسێکی زۆر بڵێیە، لە قسەکانیشیدا شتانێکی زۆر دەگێڕێتەوە و باس دەکات، بەڵام هیچ نەسیجێکی نییە و بە ئاستەم مرۆڤ تێدەگات و پێشبینیی ئەوە دەکات دەڵێت چی. لەگەڵ ئەوەشدا هەموو بڕیارە گەورە و گرنگەکان لەسەر بنەمای ئەو درۆ ڕۆژانەییانە دەدات. درۆکانی ترەمپ چونکە ڕۆژانەیین، بەردەنگانیش ڕۆژانە قەناعەت وەردەگرن و سبەی بڕوایان نامێنێت، واتە بەرلەوەی بە تەواوی فریای قەناعەتکردن بکەون، بابەتی قەناعەتەکەیان هەڵوەشاوەتەوە.
ڕەنگە درۆکانی ترەمپ پێویستیان بە هێنانەوەی نموونە نەبێت، بەڵام هەر بۆ نموونە ترەمپ لە جەنگی دوانزە ڕۆژەدا وتی کە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانی لەناو بردووە و لایەنیکەم تا پانزە ساڵیتر ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕاناگات. بەڵام هەفتەی پێشوو وتی ئێران تەنیا دوو هەفتە لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی دوور بووە. ئەو درۆ دەکات کاتێک بەناوی کێشەی تلیاکەوە ڤەنزوێلا داگیر دەکات، لەبەرئەوە نا قاچاغچێتیی تلیاک لە ڤەنزوێلا نییە، بەڵکو لەبەرئەوەی پرسەکە بۆ ترەمپ تلیاک نییە. بەڵام ئاخۆ هەر لەگەڵ ترەمپدا ڕاستگۆییەکی منداڵانە، بگرە ڕاشکاوییەکی ساویلکانەش نایەتە نێو سیاسەتەوە؟ ئەو بە ڕوونیش نەیوت کە دەیەوێت "دەست بەسەر نەوتی ڤەنزوێلادا بگرێت"؟ چەند ڕۆژێک لەمەوپێش هەمان شتی دەربارەی نەوتی ئێرانیش نەگوت؟ جۆرج بووش عێراقی بە درۆی دیموکراسیەت و چەکی کۆکوژ داگیر کرد، (درۆیەکی ڕێکخراو)، بەڵام ترەمپ بە ڕاشکاویی وتی ئێمە نەوتی ڤەنزوێلا و ئێران و کانزای دەگمەنی ئۆکرانیا و دوورگەی گرینلاند دەبەین بۆ خۆمان.
ترەمپ لە یەک کاتدا درۆزن و ڕاستگۆشە، درۆزنێکی ڕاستگۆیە و ڕاستگۆیەکی درۆزنە، لەبەرئەوە "حەقیقەت" هیچ گرنگییەکی لە گوتاری ترەمپدا نییە. هانا ئارێنت خۆی دەڵێت کە بۆ سیاسەت "حەقیقەتی فەلسەفی" گرنگترین پرس نەبووە، چونکە حەقیقەت تاڕادەیەکی زۆر تاکەکەسییە و بە قووڵی عەقڵییە، بۆیە نایەتە نێو ئاستی واقیعی خەڵکەوە کە زیاتر بە بنەمای کۆمۆن سێنس بەڕێوە دەچێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئارێنت پێیوایە هیچ نەبێت "حەقیقەتی واقیعی" (یان حەقیقەتی عام و ڕۆژانەیی)، پرسێکی گرنگی نێو سیاسەت بووە. لەگەڵ ترەمپدا حەقیقەت نەک نابێتە خەمیی سەرەکیی سیاسەت، بەڵکو "حەقیقەتی واقیعی"ش پاشەکشە دەکات، چیتر حەقیقەت پرسی لاوەکیش نییە، چونکە وتنی ڕاستی پەیوەندییەکی جەوهەریی بە حەقیقەتەوە نییە.
ئەوەی وا دەکات ترەمپ بێپەردە بوێرێت ساویلکانە ڕاستگۆ بێت، هەبوونی هێزە. هێز وا دەکات ترەمپ ترسی لە ڕاستگۆیی نەبێت (ڕەنگە لەبەرئەوەبێت ئارێنت پێیوایە هەرگیز ڕاستگۆیی وەک فەزیلەتێکی سیاسی سەیر نەکراوە.) بەم جۆرەیە لە گوتاریی ترەمپدا بەردەوام درۆ و ڕاشکاویی پێکەوە هەن، بەنێو یەکدا دەچن، یەکتر تەواو دەکەن، یەکتر دەسەلمێنن و یەکتر "بەدرۆ دەخەنەوە". ترەمپیزم درۆیەکی سەراپاگیرە بەبێ ڕیتۆریکێکی سەرنجڕاکێش، بە شێوازێکی وتاردانی ئاستنزمەوە، بە ئەدای زەوقسازانە و قێزەونەوە، بە هەندێ ڕاستگۆیی ساویلکانەوە، بۆیە درۆکانیشی درۆی سەراپاگیری ناڕێکخراون، کە لە کۆتاییدا ئامانجەکەشی "قەناعەتپێکردن" نییە، بەڵکو "ناچارکردن"ـە بۆ دروستکردنی "واقیعێکی نوێ" کە زۆرجار لە دروستکردنیشیدا شکست دەهێنێت (بۆ نموونە جەنگی ئۆکرانیا).
ترەمپ خۆی بە میراتگری نەریتی "کۆماری" و باوکانی دامەزرێنەر دەزانێت، دەیەوێت "گەورەیی بۆ ئەمریکا بگەڕێنێتەوە"، گەورەییەک کە بە "هێز، نەوت، پارە، قۆنتەرات، درۆ" دروست دەکرێتەوە و خوداکەشی وەک هەمیشە "دۆلار"ە.
