یەکتر قەبوڵکردن و پێکەوەژیان لە کوردستان و هەوڵەکان بۆ لەناوبردنی!

شاری کەلار وەک نموونە!

 

مەلا ئیدریس ژاڵەیی
ماستەر لە بەراوردی ئایینەکان


یەکتر قەبوڵکردن، بەتایبەت لە نێوان پەیڕەوکارانی ئایینە جیاوازەکان لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا لە ماوەکانی پێشوودا، نەک تەنها ئاشتییانە پێکەوەژیان بووە، بەڵکو دۆستانە و ماڵ لەیەک پێکەوەژیان بووە. بەڵام لەم سەردەمەی ئێستادا هەست دەکرێت ئەم دۆخە بەرەو کاڵبوونەوە و پێچەوانەکەی، کە پەرتەوازەبوون و پێکەوە هەڵنەکردنە، دەڕوات. وەک عەرەب دەڵێن؛ برەودان بە "خیتابی کەراهیەت" لەنێوان خەڵکیدا بە ئەنقەست پەرەی پێ دەدرێت!
لەم ڕوانگەیەوە وەک بەرپرسیاریەتییەکی زانستیی خۆم، دەمەوێت لەم وتارەدا سیماکانی پێکەوەژیان لە ناوچەی گەرمیان و شاری کەلار بەتایبەت وەک نموونەیەک (عەیەنەیەک) وەربگرم و کاری لەسەر بکەم؛ هەروەها هێماکانی هەوڵێکی نابەرپرسانە و دەرهاویشتەکانی بەناوی ئایینی ئیسلامەوە بۆ نەهێشتنی ئەم پێکەوەژیانە، لە وتارەکانی دیکەدا زیاتر ڕوون بکەمەوە. لە سەرەتادا بەم پێشەکییە دەست پێ دەکەم:
یەکێک لە سیما دیارەکانی شار بە مانا قووڵەکەی، هەمەجۆریی پێکهاتەکەیەتی لە نەتەوە، ئایین، ئایینزا جیاوازەکان و بێ ئایینەکان؛ بەشێوەیەک هیچ کەس لە دراوسێیەتی ماڵ، کارگە، بازاڕ و پیشە جیاوازەکاندا ئەو جیاوازییانە ناکاتە پێوەر لە هەڵسوکەوتەکانیدا. لە شاردا دەمارگیریی ئینتیما بۆ نەتەوە و ئایین و ئایینزاکان کاڵ دەبێتەوە، بە پێچەوانەی ڕەشماڵ و گوند و کۆمەڵگە خێڵەکییەکان کە تەنها یەک جۆر لە نەتەوە، خێڵ، ئایین و ئایینزا تێیدا جێگەی دەبێتەوە. بە درێژایی مێژوو زۆرێک لە بیرمەند و فەیلەسووفەکان قسەیان لەسەر شار بە مانا جۆراوجۆرەکانی کردووە و پێوەرەکانی شاربوونی ئاوەدانییەکانیان دیاریکردووە.
لە بنەڕەتدا مافی هاونیشتمانیبوون، سیمای دەوڵەتێکی مەدەنی و کۆمەڵگەیەکی گەشەسەندووە بۆ مسۆگەرکردنی ژیانێکی ئارام، بەختەوەر و شکۆمەندانە، کە بە کورتی ئەم هێڵانەی خوارەوە دەکرێت ببنە بنەما لەم بوارەدا:
• داننان بە هەبوونی ئەوی دیکە، بە چاوپۆشی لەوەی لەسەر چ ئایین و بیروباوەڕێکە، یان لە چ نەتەوە و ڕەگەزێکە.
• پەنا نەبردن بۆ هیچ زۆر لێکردنێکی ئایینی و دوورکەوتنەوە لە سەپاندنی ئایین بە زۆرەملێ؛ هەرکەسە ئازاد بێت چۆن ئایینداریی خۆی پەیڕەو دەکات.
• ڕێزگرتنی هەموو ئایینە جیاوازەکان و هەموو نەتەوە، ڕەنگ و ڕەگەزە جیاوازەکان؛ هەڵسوکەوت و مامەڵەکردن لەگەڵ یەکدی لەسەر بنەمای ڕێز، ڕەوشت، سوود و بەرژەوەندیی گشتی.
• پەیڕەوکردنی بنەمای لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ لەنێوان هەموواندا بە جوانترین شێواز.
لە بنەڕەتدا پەیوەندیی باش و دۆستانەی نێوان ئایین و نەتەوە جیاوازەکان بنەمای تۆکمە و پتەوی هەیە، کە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوە و کتێبەکانی بیرمەندە پێگەیشتوو و تێگەیشتووەکان، بە درێژایی مێژوو ئاماژەیان پێداوە و ڕوونیان کردووەتەوە.
لە زۆربەی ئایینەکاندا برایەتی تەنها بۆ هاوئایین یان هاونەتەوە قەتیس نەکراوە، بەڵکو برایەتی لە "مرۆڤبوون"دایە. هەر ئەم بیروباوەڕە جوان و ڕەسەنانەشە کە لەگەڵ سروشتی مرۆڤدا دەگونجێت و سەرچاوەی خێر و خۆشی و بەختەوەرییە بۆ مرۆڤایەتی؛ هیچ جێگەیەک بۆ ڕق، کینە، خۆپەرستی، جوداکاری و ستەمکاری ناهێڵێتەوە.
ئەوەی لەم وتارەدا مەبەستمە باسی بکەم، ئەو پێکەوەژیان و پێکەوە هەڵکردنەیە لەنێوان موسڵمانان و غەیری خۆیان لە ئایین و ئایینزا جیاوازەکان لە شاری کەلار بەتایبەتی؛ وەک ناوچەیەکی نزیک لە شاری سلێمانی و کەرکوک کە مێژوویەکی پرشنگداریان هەیە لە پێکەوەژیانی موسڵمان، مەسیحی و یەهوودی. هەروەکو کوردستان بە گشتی کە چەندین پێکهاتە و ئایینی جیاوازی تێدایە و زۆر بەدەگمەن کێشە و ناکۆکی لەسەر جیاوازیی ئایین و مەزهەب ڕوویداوە.
نووسین لە بواری بابەتێکی ئاوادا پێویستی بە کتێب و سەرچاوەی زیاتر هەیە کە بەداخەوە زۆر کەمە، بە زمانە جیاوازەکان هیچم بەدەست نەکەوت و ئەوەشی بە زمانی کوردی نووسراوە چەند کتێبێکە لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکات. بۆیە سەرەڕای زانیارییەکانی ناو ئەو کتێبانە، زیاتر پشتم بە بیرەوەریی زیاتر لە چل ساڵەی ژیانکردنی خۆم لەناو شاری کەلار و یادەوەریی کەسایەتییە جیاوازەکانی دیکەی هاوشارییە کەلارییە بەڕێزەکان بەستووە.
سەبارەت بە ڕێژەی دانیشتووانی کەلار لە ڕووی ئایین و مەزهەبەوە:
"زۆرینەی هەرەزۆری دانیشتووانی شاری کەلار موسڵمانن، کە بە زیاتر لە 97٪ دەخەمڵێنرێت. لەگەڵ بەشێکی کەمی پەیڕەوانی ئایینی کاکەیی کە بە نزیکەی 600 خێزان مەزەندە دەکرێن؛ چونکە لە عێراقدا هیچ ئامار و سەرژمێرییەک بۆ پەیڕەوانی ئایینی کاکەیی نییە و لە سەرژمێرییە فەرمییەکاندا بە موسڵمان لەقەڵەمدراون." (دەرباز محەمەد، کەلار لە لادێوە بۆ شار، چاپی دووەم، چاپخانەی چوارچرا، لاپەڕە 92) 
بە بۆچوونی کەسایەتیی دیاری کاکەیی لە شاری کەلار، بەڕێز مامۆستا حەمید باوە کاکەیی:
"کاکەیی لە ناوەڕاستی حەفتاکانەوە لە شاری کەلار نیشتەجێ بوون و ژمارەیان نزیکەی دوو هەزار و پێنجسەد کەس دەبێت کە نزیکەی پێنجسەد و پەنجا خێزانێک دەبن. تاکو ئێستا هیچ کێشەیەک لەنێوان موسڵمان و کاکەیی لەسەر جیاوازیی ئایین و ئایینزا ڕووی نەداوە؛ پەیوەندیی کۆمەڵایەتی نێوانیان زۆر باشە، ژن و ژنخوازی لەنێوانیاندا هەیە، تاکو ئێستا هیچ مافێکی کاکەیی پێشێل نەکراوە، هەردوولا هاوبەشن لە خۆشی و ناخۆشییەکاندا و بەشداری پرسە و شایی و جەژنەکانی یەکترن. بەشێوەیەکی گشتی هەمووان وەک برا لە شاری کەلار پێکەوە دەژین."
(بەشێک لە گفتوگۆی نووسەری ئەم وتارە لەگەڵ بەڕێز مامۆستا حەمید باوە کاکەیی ٢١ / ١/ ٢٠٢٢) 
شاری کەلار جوولەکە و مەسیحی تێدا نییە، ئەگەر هەشبێت زۆر کەمە. خەڵکی کەلار زۆربەیان پەیوەستن بە ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە:
"گەرچی دانە دانە جوولەکەی تێ هاتووە بەڵام وەکو ئایین ژمارەیان ئەوەندە نەبووە... هەروەها لە سنووری کەلاردا نزیکەی 480 ماڵی کاکەیی هەیە و پەیوەستن بە دابونەریت و ئایینی تایبەتی خۆیانەوە."(سوارە حەسەن باجەڵان، مێژووی کەلار، چاپخانەی چوارچرا، چاپی یەکەم 2011، لاپەڕە 60-61) 
"ئایینی ئیسلام دوو ڕێبازی هەیە (سوننە، شیعە). زۆربەی دانیشتووانی سنووری کەلار لەسەر ڕێبازی سوننەن، بەشێکی کەمیان لەسەر ڕێبازی شیعەن کە زیاتر ئەو خەڵکانەن لە سنووری قەزای خانەقینەوە هاتوون لە ڕێگەی ڕاگواستن و دەربەدەربوون لەلایەن ڕژێمەوە. لەو ساڵانەی دواییشدا حوسەینییەکیان بۆ دروستکراوە..."(هەمان سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە 61) 
شاری کەلار زۆربەی هەرە زۆری لەسەر مەزهەبی "سوننەی شافعی"ن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەندین خانەوادە و بنەماڵەی سەر بە مەزهەبی "شیعەی جەعفەری" هەن. هاتنی شیعەمەزهەبەکان بۆ کەلار بەتەواوەتی ساڵەکەی دیار نییە، بەڵام لەو کاتانەوە دەستی پێکرد کە حکومەتی بەعس دێیەکانی ڕاگواست، وەک دێی (ئەلی میر). هەروەها هاتنی فەرمانبەران و مامۆستایانی شاری خانەقین، و لە کاتی شەڕی عێراق-ئێراندا چەندین بنەماڵە لە ترسی بۆمبارانکردن گواستیانەوە بۆ کەلار.
پەیوەندیی نێوان خێزانە شیعە و سوننەکان لە کەلاردا هیچ کێشەیەکی تێدا نییە؛ بگرە چەندین ژن و ژنخوازی لەنێوانیاندا هەیە و هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی مەزهەبی کە شایانی باس بێت ڕووی نەداوە. شاری کەلار یەکێکە لەو شارانەی کە ئاستێکی زۆر بەرزی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی تێدایە. ئەگەرچی کەس تەنازولی لە بیروباوەڕی خۆی نەکردووە، بەڵام ڕێزێکی زۆر لە یەکتر دەگرن.
(بەشێک لە گفتوگۆی نووسەر لەگەڵ بەڕێز مامۆستا شەهاب ئەحمەد شەمسوڵڵا، هاووڵاتییەکی شیعەمەزهەبی دانیشتووی کەلار)
سەبارەت بە ئایینەکانی دیکە، بۆ نموونە ئێزیدی، لە شاری کەلاردا بوونیان نییە:
"پێکهاتەی ئایینی دانیشتووانی شاری کەلار بە ڕێژەی ٩٩٪ موسڵمانن، ٠٫٥٥٪ پەیڕەوانی کاکەیی و ٠٫٤٥٪ مەسیحین. هەرچی ئایینی ئێزیدییە لە ناوچەکەدا بوونی نییە."
(ڕزگار حاجی حەمید، کەلار مێژوویەکی دێرین و جوگرافیای شارێکی زیندوو ١٩٧٠-٢٠١٢، لاپەڕە ٣٠٦) 
مێژووی هاتنی کاکەییەکان بۆ کەلار دەگەڕێتەوە بۆ دوای ساڵانی ١٩٧٤-١٩٧٥، کاتێک ڕژێمی بەعس دەستی کرد بە تەعریبکردنی گوندەکانی خانەقین. یەکەمین خێزانی کاکەیی ساڵی ١٩٧٦ گەڕانەوە کەلار (عەبدوڵا کاکەیی، ئەکبەر ناوخاس و ناوخاس ئەحمەد). ئێستا نزیکەی ٥٨٠ خێزانی کاکەیی لە گەڕەکەکانی (بنگرد، شێروانە، بەردەسوور، شۆڕش، گردەگۆزینە و حەمرین) نیشتەجێن. کاکەییەکان خاوەنی متمانە و پارێزەری کلتووری کوردەوارین و بنەمای "پاکی، ڕاستی و لێبوردەیی" لای ئەوان سەرەکییە. دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١، "ئەنجومەنی ئایینی و کۆمەڵایەتی کاکەیی"یان پێکهێنا بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانیان.(هەمان سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە ٣٠٩-٣١٠)
دەرەنجام:
ئەم نووسینە ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی، لێبوردەیی و یەکتر قەبوڵکردن لە شاری کەلار وەک شارێکی کوردستانی دەردەخات. لە کاتێکدا لە گەڕەکەکانی ئەم شارەدا سوننە، شیعە و کاکەیی پێکەوە دەژین. زۆر جار ڕوویداوە خانەوادەیەکی سوننە و شیعەی عەرەب لە ترسی شەڕی مەزهەبیی ناوەڕاست و باشووری عێراق، لە کەلار نیشتەجێ بوون و بە ئارامی پێکەوە دەژین. لێرە شیعە، سوننە و کاکەیی هاوبەشی پرسە و شایی یەکترین، شەراکەتی بازرگانییان هەیە و لە زۆر جێگاشدا بوونەتە خزم و ژن و ژنخوازییان کردووە.
سەرچاوەکان:
• تەفسیری قورئانی پیرۆز، وەرگێڕانی هەژار.
• أسس العلاقات الودية بين الشعوب والأمم في القرآن الكريم، د. مصطفى الزلمي، ٢٠١٦.
• المدينة عبر التاريخ، ماريا لويزا برنيري، ترجمة: د. عطيات أبو السعود، الكويت ٢٠١٢.
• دەرباز محەمەد، کەلار لە لادێوە بۆ شار، چاپی دووەم، ٢٠١١.
• سوارە حەسەن باجەڵان، مێژووی کەلار، چاپی یەکەم، ٢٠١١.
• ڕزگار حاجی حەمید، کەلار مێژوویەکی دێرین و جوگرافیای شارێکی زیندوو ١٩٧٠-٢٠١٢، چاپی دووەم، ٢٠١٩.
• دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ کەسایەتییەکانی شاری کەلار.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا