ڕاوەستان لە دژی دزینی ژیان و بەهای زیادە

بۆ کارل مارکس، یەکی ئایار تەنها ڕۆژێکی ئاسایی نییە لە ڕۆژژمێردا، بەڵکوو ڕۆژی بیرهێنانەوەی ئەو "تاوانە بێدەنگەیە" کە سیستەمی سەرمایەداری دەرهەق بە مرۆڤایەتی دەیکات. مارکس پێمان دەڵێت کە کرێکار لە ناو کارگە و پڕۆژەکاندا تەنها ئارەق ناڕێژێت، بەڵکوو خەریکی "بەرهەمهێنانی بەهای زیادەیە بۆ خاوەنکار.

مارکس لە شاھکارەکەی خۆیدا بە ناوی کتێبی "سەرمایە بەرگی یەکەم، بە ڕاشکاوی دەڵێت: "سەرمایە، کاری مردووە؛ کە وەک خوێنمژ تەنها بە مژینی کاری زیندوو دەژی، و هەرچەندە زیاتر کاری زیندوو بمژێت، زیاتر گەشە دەکات."

ئەمەیە مانا ڕاستەقینەکەی چەوسانەوە! کرێکار هەشت کاتژمێر یان زیاتر کار دەکات، بەڵام تەنها بەشی بژێوییەکی کەم "کرێ" وەردەگرێت؛ ئەوەی دەمێنێتەوە، کە زۆربەی ماندووبوونەکەیە، دەچێتە گیرفانی سەرمایەدارەوە. لێرەوە کرێکار دەبێتە  نامۆ هەم بەرهەمی دەستەکەی لێ دەدزرێت، هەم کاتەکانی تەمەنی دەبنە زێڕ بۆ کەسانێک کە هیچ ماندوو نابن.

مارکس لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا پەیامێکی ڕوونمان بۆ جێدەهێڵێت: ڕزگاربوونی کرێکاران تەنها بە دەستی خۆیان دەبێت. یەکی ئایار ڕۆژی هاوارکردنە بە ڕووی ئەو سیستەمەی کە مرۆڤ دەکاتە ئامێر و ماندووبوونی دەکاتە کاڵا.

وتاری نووسەران