
نەسرین مەلا حەکیم
لە سەروبەندی ئەم کاولکاری و هێرش و بۆردۆمانانەی ناوچەکەی گرتۆتەوە، یادی ڕەشی چواردەی چواری ئەمساڵ دەکەینەوە، بەڵام ئەمجارەیان دڵتەنگتر و خەمبارترین بەو کوشتوبڕ و وێرانکارییەی کە مرۆڤایەتی دەهاڕێت. ئەم جەنگە بوەستێت یان نا، تا ئێرەش بەشێکی قووڵی لە دەروونی هەموواندا هەڵکۆڵیوە، بەڵکو کەف و کوڵی برینە کۆنەکانیشی هەڵدایەوە؛ لە هەمان کاتدا شاگەشکە دەمانگرێت و دەستمان لەسەر دڵمانە، نەکا جارێکی تر بە کەمترین ڕێژەش بێت ببینەوە بە قوربانی. ئەو سەردەمەی قڕکردن و ڕووخان و لەناوبردن بۆ کوردی بەش مەینەت، وەک برینێکی سارێژنەبوو دەمێنێتەوە، بەڵام ئێستا زیاتر وەک تەماشاکەر لە مەیدانەکەداین، هەرچەندە ئاگرەکە بەشێکی زۆری ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای گرتۆتەوە و هەستی قووڵمان بۆ کارەساتەکان بێدار بووەتەوە.
لێرەدا ئەو کەسانە لە یاد ناکەین کە بە تاکی و تەنها، لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، سۆز و هەڵوێستی خۆیان وەک "ئەزعەفولئیمان" دەردەبڕی؛ وەک ئەوەی نووسەر (خالید سلێمان) لە کتێبەکەیدا بە ناوی "الأنفال في زمن مستقطع" ئاماژەی پێ دەدات، کە ئەگەر لە ئەرشیفی ڕۆژنامەوانی بگەڕێین بەدوای باسی هەڵەبجە و ئەنفال و هەڵوێستی ڕۆشنبیری عەرەبیدا، شتێکی ئەوتۆ نابینین جگە لە هەڵوێستی سەرۆکی پێشووی جەزائیر (ئەحمەد بن بێللا) و ڕووناکبیری کۆچکردوو (هادی عەلەوی). عەلەوی بەڵگەنامەیەکی پۆزشی لە ڕۆژنامەی "ئەسەفیر"ی بەیروتی لە ٢٣ی ٩ی ١٩٨٨دا بە ناونیشانی (براءة إلى أطفال كوردستان) بڵاوکردەوە، کە پێش هەر شتێک بەڵگەنامەیەکی ئەخلاقی و تووڕەیی ڕووناکبیرێکی عەرەبی بوو بۆ شکاندنی بێدەنگیی عەرەب بەرانبەر بە کارەساتێکی مرۆیی؛ ئەوەش لە کاتێکدا کە ئەو بیابانە بۆ کورد لە مردووخانەیەک زیاتر هیچی تر نەبوو. هەر لەو کاتەدا دەسەڵاتدارانی سعودیە، قەتەر، ئوردن، ئیمارات، بەحرێن، کوێت و هەر لایەنێکی تری دنیا فزەیان لێوە نەهات؛ هەر بۆیەش هەڵوێستی ئێران لە یاد ناکەین لە کاتی هەڵەبجە و کۆڕەوەکەدا کە بواری دا کوردانی ڕۆژهەڵات دەستی یارمەتی بۆ کوردی باشوور درێژ بکەن.
ئێمە وەک گەلێکی ئاشتیخواز و مرۆڤدۆست کە بە درێژایی مێژوو داواکار بووین ڕێز لە مرۆڤبوون بگیرێت و کەس نەبێتە قوربانیی جەنگ و ململانێی بەرژەوەندییەکان، ڕۆژانە چرکە بە چرکە هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەکێشین و بیر لە ژیان و گوزەرانی ئەو خەڵک و منداڵ و ژنانە دەکەینەوە کە لە ژێر ڕەحمەتی بۆردۆمان و کاولکاریدان؛ بیر لەوە دەکەینەوە چۆن ڕۆژەکانیان بەڕێ دەکەن. نەک هەر ئەو چیرۆکانەی دەماودەم بیستوومانە، بەڵکو سەرجەم ئەو نەهامەتییانەی مرۆڤی سڤیل لەسەر زەوی تووشی هاتوون، لە بەرچاوماندا زیندوو دەبنەوە. خوشکان و دایکانی ئێمە و "نەرگس" کە لە نوگرەسەلمان بە ددانەکانی نینۆکی منداڵەکانی خۆی قرتاند، لەبەر ئەوەی نەکا جەستەی خۆیان بخورێنن کاتێک تووشی سوورێژە و گەرمەژەنە ببوون؛ هەزارەها چیرۆکی لەو شێوەیە ئێستا کەف دەدەن و هەڵدەقوڵێن، کە ئەوەندەی تر گەورەیی و سەربەرزیی ژنان و تاکی کوردمان لەلا بڵندتر دەکەن. وەک چۆن نەرگس دەیگوت: "ئێستاش دوای سی ساڵ جلەکانیان هەڵدەدەمەوە نەکا دووبارە تووشی نەخۆشی بووبێتن"، ئاوهاش هەموو تاکێکی کورد لە هزر و یادەوەرییەکانیدا ئازارەکانی نوێ دەبنەوە هەر کاتێک ناوی "شەڕ" دەبیستن.