نووسینی: سەمیر عادل 


وەرگێڕانی: ئارام سەعید 
ئەو شتەی ناونراوە «بەهاری عەرەبی»، یان بەهاری ئیسلامی سیاسی، یان –بە وردترین گوزارشت– فەوزای عەرەبی، هەمان ئەو هێزانەی کە ئەو چەمکانەیان بۆ خزمەتکردنی ئەجێنداکانی خۆیان داڕشت، ئێستا هەوڵ دەدەن لە نوێوە بەرهەمی بهێننەوە، ئەمجارەیان لە ئێراندا، بەڵام بە وەشانێکی زۆر تاریکتر و دڕندانەتر لەوەی لە سووریا و لیبیا و یەمەن ڕوویدا.
ئەو ناڕەزایەتییانەی لە ئێراندا هاتنە ئاراوە، وەک چۆن پێشتر لە ساڵی ٢٠١١ لە میسر، تونس، لیبیا، یەمەن و سووریا سەریان هەڵدا، لە پێناو ئازادی، کەرامەتی مرۆیی، کۆتایهێنان بە هەژاری و بەدیهێنانی یەکسانی بوون. بەڵام بازنە ئیمپریالیستییە جیهانییەکان و ئەو هێزانەی لە خولگەی ئەواندا دەسووڕێنەوە لە ناوچەکەدا، بە مەبەست و پلانی پێشوەختە –بەتەواوی واتای ئەم وشەیە– تێوەگلان و پیلانیان گێڕا دژی داخوازییە ڕەواکانی چینی کرێکار و جەماوەری مەحروم، ئەوەش بۆ گۆڕینی قیبلەنماکەی و لادانی لە ڕێڕەوە ڕەسەنەکەی، تەنها لە پێناو چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆیان و پاراستنی ئیمتیازات و بەردەوامیی قازانجەکانیان. ئەوان دەیانەوێت لە کۆتاییدا جەماوەر ناچار بکەن لە نێوان مانەوە لە ژیان لەژێر سێبەری هەژاری و سەرکوت و بێبەشی لە ئازادی، یان ڕێگەدان بە تێرۆریزمی ئیسلامی و جێبەجێکردنی تیۆری (فەوزای داهێنەر) یەکێکیان هەڵبژێرن؛ ئەو تیۆرییەی کە کۆندالیزا ڕایس، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئیدارەی ئۆبامادا، لە تاقیگەکانی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی چینی دەسەڵاتداری ئەمریکاوە هێنایە ئاراوە.
ئەمڕۆ، ئەم دیمەنە لە ئێران دووبارە دەبێتەوە. مانگرتنە کرێکارییەکان و ناڕەزایەتییە خوێندکاری و جەماوەرییەکان لە پێناو باشترکردنی ئاستی بژێوی، فەراهەمکردنی ئازادییەکان و کۆتایهێنان بە ستەمکاری دەستیان پێکرد. بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، کە چاوەڕێی دەرفەت بوون، هاتنە ناو هێڵەکەوە؛ ڕێک وەک ئەوەی لەگەڵ هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانیاندا لە ناڕەزایەتییەکانی جەماوەری سووریا دژی ڕژێمی سەرکوتکەری دیمەشق، و لە لیبیا دژی ڕژێمی موعەمەر قەزافی و لە یەمەن دژی ڕژێمی عەلی ساڵح ئەنجامیان دا، کە هیچ کام لەو ڕژێمانە کەمتر ستەمکار و تاوانبار نەبوون. ئەنجامەکەش فەوزایەکی گشتگیر، شەڕی ناوخۆ، کوشتن و وێرانکاری و پاشەکشەی شارستانییەت بوو، لەگەڵ دەرکەوتنی گرووپە تێرۆریستییەکان کە لە سەردەمی نوێدا وێنەیان نەبووە، وەک داعش و نوسرە و دەیان تاقمی ئیسلامی تاوانبار لە هەموو لایەکەوە.
بە فەزڵی سیاسەتەکانی ئیدارەی ئەمریکا لە سەردەمی ئۆبامادا، کە بازاڕی بۆ کۆمەڵی ئیخوان موسلیمین و تاقمە تێرۆریستییە لێبووەوەکانی گەرم کرد –ئەو ئیدارەیەی تەنها بۆ هەڵبژاردنی محەمەد مورسی، کاندیدی ئیخوان بۆ سەرۆکایەتیی میسر، ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری خەرج کرد تا ببێتە ژمارەیەک لە هاوکێشە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و دووبارە پێگەی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دابڕێژێتەوە– ئەمڕۆ تووشی پارادۆکسێکی گاڵتەجاڕانە بووین؛ چونکە ئێستا خودی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەو گرووپانە وەک تێرۆریست پۆلێن دەکات، دوای ئەوەی پێویستیی پێیان نەما.
هەموو ئەوەی لە دەوری مەیدانی سیاسیی ئێران دەسووڕێتەوە، مرۆڤ تووشی گاڵتەجاڕی و بێزاری و توڕەیی دەکات، و وا دەکات هەموو ئازارەکانی ناو یادەوەریی مرۆیی، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بێنەوە یاد.
دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل، کە زیاتر لە شێست هەزار کەسی لە غەززە کوشتووە و زیاتر لە ٤٠٪یان ژن و منداڵن، بەڵێنی ئازادی بە جەماوەری ئێران دەدات لە ڕێگەی ئامرازەکانی خۆیەوە کە ناویان ناوە «ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی»، وەک موجاهیدینی خەلق، پارتە نەتەوەییە کوردییەکان، لایەنگرانی پاشایەتی یان تاقمی کوڕی شای لادراو و تاقمێکی تر کە خۆیان بە چەپ ناوزەد دەکەن و قیبلەنمایان لێ ون بووە. ئیدارەی ئەمریکاش، کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی بە دەنگی بەرز ڕایگەیاند کار لەسەر ئەولەویەتی ئابووری و بەرژەوەندییەکان دەکات و دروشمی «ئەمریکا لە پێشەنگە»ـی بەرز کردەوە و ئازادی و مافەکانی مرۆڤ بۆی گرنگ نییە –هەمان ئەو ئیدارەیەی سزای بەسەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا سەپاند و لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کشایەوە و دەیان خوێندکاری بیانی لە زانکۆکانی دەرکرد تەنها لەبەر سەرکۆنەکردنی تاوانەکانی ئیسرائیل لە غەززە– ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە بۆ قسەکردن لەسەر «هێڵە سوورەکان» و پێویستیی ڕاگرتنی کوشتنی خۆپیشاندەران لە ئێران.
ئەم ئۆپۆزیسیۆنە، واتە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، ئۆپۆزیسیۆنی عێراقیمان بیر دەخاتەوە کە ئێستا لە عێراقدا دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە؛ ئەوان بوون بازاڕیان بۆ شەڕ و داگیرکاریی عێراق کرد، و ئێستاش لە ناوخۆیاندا ترساو و دابەشبەشن، لە نێوان ترسی ئەوەی گەردەلوولی ئەمریکی-ئیسرائیلی سەریان بخوات و ئیمتیازات و هەژموونیان لەدەست بدەن، و لە نێوان دڵسۆزیی ئایدیۆلۆژی و وەفاداری بۆ ویلایەتی فەقیهـ. ئەمەیە گاڵتەجاڕی بە ڕەهایی.
لەسەر زاری بەرپرسانی ئیسرائیلی و لە ڕێگەی دزەپێکردنی میدیایی بەرپرسانی پێشووی ئیدارەی ئەمریکا، کە دوایینیان چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنییەکەی دۆگلاس ماکگریگۆر بوو (عەقید و ڕاوێژکاری پێشووی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا)، باسی لەوە کرد کە ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) نزیکەی ٤٠٠ کەسی لەوانەی بە کورد ناویان دەبات، ڕەوانەی ئێران کردووە بۆ بەشداریکردن لە کارە توندوتیژییەکان دژی ڕژێم. بەرپرسانی ڕژێمی ئێرانیش دانیان بە هەوڵی پەڕینەوەی ئەوانەدا ناوە کە بە «جوداخوازە کوردەکان» لە سنووری کوردستان مەکۆیان کردووە. هەروەها قەبارەی کوشتن لە ڕیزەکانی سوپای پاسداران و ئاسایش و پۆلیس و هێزەکانی بەسیج، ئەو سیناریۆیە ئاشکرا دەکات کە ئیسرائیل و ئەمریکا ئامادەیان کردووە، لەگەڵ دانپێدانانی ئیسرائیل بەوەی مۆساد پشتگیری لەم ئۆپۆزیسیۆنە بەناو مەزەندەکراوە دەکات.
ئێران ئەمڕۆ لەبەردەم دوو سیناریۆدایە، یان ڕەنگە تێکەڵەیەک بێت لە نێوان هەردووکیاندا لەو ئەزموونەی کە لە فەوزای عەرەبیدا بەدەست هاتووە: سیناریۆی سووری، کاتێک خۆپیشاندانەکان کرانە سەربازی لە ڕێگەی ناردنی گرووپە تێرۆریستییەکان و پێکهێنانی ئەوەی ناونرا (سوپای ئازادی سووریا) و پاشان تاقمەکانی دیکە؛ و سیناریۆی لیبی، کاتێک کەشتییە جەنگییەکانی هاوپەیمانی ناتۆ لە کەناراوەکانی لیبیا جێگیر بوون و بە مووشەکی کروز و فڕۆکەکانیان بۆ «سەرخستنی گەلی لیبیا» هێرشیان دەستپێکرد، لە کاتێکدا میدیای ڕۆژئاوایی ئەو وێرانکارییەی بە دەستی ڕژێمی قەزافی ئەنجام دەدرا وەک کۆمەڵکوژیی دڕندانە دژی جەماوەر نیشان دەدا.
لە نێوان ئەم دوو سیناریۆیەدا کە دەکرێت ببنە یەک، جەماوەری ئێران لە دۆخی چاوەڕوانی و ترسدا دەژین، تا لە کۆتاییدا ببنە نێچیرێک لە نێوان چەقۆی ڕژێمێکی دڕندە و کۆنەپەرست –کە کۆماری ئیسلامییە– و دەبڕی تاقمەکانی مۆساد و «بۆرسە»ی ئازادیی ترەمپی.
کێشەکە تەنها لەم خاڵەدا ناوەستێت، چونکە گۆڕەپانی ئێران، لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەو سیناریۆیەی ئیدارەی ترەمپ و حکومەتی ناتانیاهۆ بە بەشداریی حکومەتە ئەوروپییە پەراوێزخراوەکان ئامادەیان کردووە، دەگۆڕێت بۆ مەیدانی ململانێی جیۆپۆلیتیکی، بەتایبەتی کە ئێران ئەڵقەیەکی ستراتیژییە لە پڕۆژەی «پشتێنە و ڕێگا»ی چین و هاوپەیمانێکی ستراتیژیی ڕووسیایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەوەش زیاد دەکەین کە ئێران وەک ڤەنزوێلا نییە، تا تەنها بە ڕفاندنی ڕێبەری ئێران چیرۆکەکە کۆتایی بێت، تەنانەت ئەگەر لە ڤەنزوێلاش تا ئێستا کۆتایی نەهاتبێت. لە ئێراندا سەرکردایەتی فرەجۆر و ناوەندی هێزی ئاڵۆز و توندوتۆڵ هەن کە تا ئێستاش یەکگرتوون، ئیسرائیل درک بەمە دەکات، بەڵام ڕووخاندنی ڕژێم بە دەرفەتێک دەبینێت بە هەر نرخێک بێت. ئیسرائیل ئەمڕۆ لەگەڵ «قەسەدە» لە سووریا و لەگەڵ دروزەکان هاوپەیمانە بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی تورکیا، سەرەڕای ڕێککەوتنە ئەمنییەکان. هەروەها دەزانێت کە هاوپەیمانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا شکستیان پێ ناهێنرێت مادام کۆماری ئیسلامی مابێت.
وڵاتانی ناوچەکەش لەم فەوزایە بێبەری نین، و لە بەرژەوەندییاندا نییە سیناریۆی غەزوو و داگیرکاری وەک ئەوەی لە عێراق ڕوویدا دووبارە ببێتەوە، و نە هێنانەدیی ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ کە ئیسرائیل یاریزانی سەرەکی بێت تێیدا و ئەوراقەکانی ناوچەکە بەپێی لۆژیکی سەرکێشییە سەربازی و ئەمنییەکانی خۆی دابڕێژێتەوە. بۆیە وڵاتانی ناوچەکە مەترسیی ئەم سیناریۆیە دەزانن، لەبەر ئەوە سعوودیە بە ئێرانی ڕاگەیاندووە کە ڕێگە نادات ئاسمان و خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێت.
وەک پێشتریش ئاماژەمان پێدا، گەشەکردنی ڕەوتێک لە ناو چینی دەسەڵاتداری ئەمریکادا کە پێی وایە ڕووخاندنی ڕژێم لە ئێران تێچووی کەمترە لە بەستنی ڕێککەوتن لەگەڵیدا، خەریکە سێبەرەکەی بەسەر ئیدارەی ئەمریکادا دەخات و لەگەڵ ستراتیژیی نازییەکانی ئیسرائیلدا یەکدەگرێتەوە. ئەوەی لە ڤەنزوێلا ڕوویدا ئەم ئاڕاستەیەی هان دا، لە سێبەری بێدەنگی و جوڵە نەکردنی ڕووسیا و چیندا.
سیناریۆیەکی تاریک چاوەڕێی ناوچەکە دەکات. کارێکی گەمژانەیە مرۆڤ لەژێر ناونیشانی دوژمنایەتی ڕژێمی ئیسلامیدا، فەوزای ئەمنی و سیاسی لە ئێراندا قبووڵ بکات. ئێمە هەموومان ئەزموونی ئەوەمان کرد کە لە عێراق لە کاتی داگیرکاریدا ڕوویدا، و جەماوەری ناوچەکەش هاوشانی ئەوە بوون کە لە یەمەن و لیبیا و سووریا گوزەرا.
لە کۆتاییدا، وەهمە ئەگەر پێمان وابێت دەستێوەردانی ئەمریکی-ئیسرائیلی بەهەشتێک لە ئازادی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی بەرهەم دەهێنێت. کارەساتە گەورەکە ئەوەیە کە ئەگەر ڕژێمی ئیسلامی سەربکەوێت، ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بۆ دواوە دەگەڕێنرێنەوە و شەپۆلێکی فراوانی لەسێدارەدان و سەرکوتکردنی ئازادی و داخوازییە ڕەواکان دەست پێدەکات. بەڵام ئەگەر شکست بهێنێت، جەماوەری ئێران ڕووبەڕووی هەمان ئەو چارەنووسە دەبنەوە کە جەماوەری ناوچە عەرەبییەکان ڕووبەڕووی بوونەوە: فەوزای ئەمنی، سیاسی و بژێوی.
 
سەرچاوە : سایتی WP

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا