
شانۆن ڤالۆر، دەیڤید ڕونسیمان
لە فارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن
پرسیار دەربارەی بەهای باش و خراپی تەکنەلۆژیا نوێ نییە. لەمێژە فەیلەسوفان، مێژوونووسان و توێژەرانی تەکنەلۆژیا باسی تەکنەلۆژیا دەکەن. لەلایەک، کۆمەڵێک تەکنەلۆژیا بەئامرازێک دەزانن و هۆکاریشیان ئەوەیە تەکنەلۆژیا وەک چەکوچ یان چەقۆیە: ئامرازێک دەتوانی کاری باش و خراپیپێ بکەی. کەوایە بەها ئەخلاقییەکەی بۆ ئەوکەسە دەگەڕێتەوە تەکنەلۆژیابەکاردەهێنێت، بەڵام لەلاکەی دیکە، زۆربەی توێژەرانی تەکنەلۆژیادەڵێن تەکنەلۆژیالەکۆمەڵێک ستراکچەر پێکهاتووە ڕەفتار و بەهاکانمان پێکدەهێنن، زۆرجار بێئەوەی ئاگامان لێبێت. ڤالۆر ڕوونیدەکاتەوە هەرگیز ئەم باسە تایبەت نەبوە بەتەکنەلۆژیای دیجیتاڵی.
لەدەیان ساڵی ڕابردوو، تەنانەت پێش شۆڕشی دیجیتاڵی دەپرسرا کە تەکنەلۆژیاکان تەنیا ئامرازن یان جۆرێک لایەنگر و کاریگەرن. زۆربەی ئەندازیاران دەیانوت تەکنەلۆژیا بێلایەنە، بەڵام لەناوکەسانێک کە پسپۆڕانە لەتەکنەلۆژیا دەکۆڵنەوە، تا ڕادەیەک هەمیشە ئەم بۆچوونە ڕەتکراوەیە. فەیلەسوفان، مێژوونووسانی تەکنەلۆژیا و تەنانەت زۆربەی ئابووریزانان کۆکن کە تەکنەلۆژیاکان کاریگەری کۆمەڵایەتی ئاڵۆزیان هەیە و دەتوانن کۆمەڵ بەرەو ئاڕاستەیەکی تایبەتی بەرن. هەر چۆنێکبێت، دووبارە ئەم بۆچوونە بەهێزە پێشنیازدەکرێتەوە کە تەکنەلۆژیا بێلایەنە. هۆیەکەشی تەنیا باسێکی فەلسەفی نییە، بەڵکو کۆمەڵێک پاڵنەری ئابووری و سیاسی، لەوانە سودی زۆری کۆمپانیا تەکنەلۆژیاکانە.
باسی بەکارهێنانی چەکی گەرم، نموونەیەکی بەناوبانگی ئەم مەسەلەیە. زۆربەی مێزگردەکانی مافی خاوەندارێتی چەک لە ئەمریکا،داکۆکیکارانی ڕستەیەکی بەناوبانگ دەڵێنەوە:«چەک مرۆڤ ناکوژێت، مرۆڤەکان مرۆڤ دەکوژن.» لەم ئارگومێنتەدا،چەک بەتەنیا ئامرازی بێلایەن دادەنرێت و گەر یەکێک بکوژرێت، خەتای ئەوکەسەیە چەکەکە بەکاردێنێت نەک خودی چەکەکە.بەگوێرەی ئەولۆژیکە بەڵگەدەهێننەوە کە ئەگەر تاکی خراپ چەکیان هەیە، تاکی باشیش دەبێت چەکیان هەبێت تا بەرگری لەخۆیان بکەن.
ئەم ئارگومێنتە بەڕواڵەت سادە و قەناعەتپێکەرە،بەڵام ئەگەر وردتر بڕوانین، دەبینین زۆرجار تەکنەلۆژیاکان بارودۆخێک دەئەفرێننکە ڕەفتاری تایبەتی شیاو یان ئەگەریتر دەکەن. تەنیابوونی تەکنەلۆژیایەک دەتوانێت پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بگۆڕێت، تەنانەت ئەگەر ئەو تەکنەلۆژیایە بەدەگمەنیش بەکاربهێنرێت.
چەکی ناوکی نموونەی زەقی ئەم بارودۆخەیە. بەداهێنانی بۆمبی ئەتۆمی، جیهان چووە بارێکی نوێوە. تاوەکوئێستا دووجار بۆمبی ئەتۆمی بەکارهاتوە، بەڵام بوونی سیاسەتی جیهانی گۆڕیوە. دەوڵەتان ناچاربوون ستراکچەری ئاسایشی نوێ بێننەکایەوە. بڕیاردان لەشەڕی ناوەکی کەوتوەتەدەست ئاڵقە زۆر تەسکەکان. لەزۆرلاوە بڕیاری دەوڵەتان تەنانەت لەچاودێری دیموکراسی چوونەتەدەر، بەم ئارگومێنتە ئەگەر بۆچوونێکی زۆر لەم بڕیارەدا بەشدارو ڕەوتی بڕیاردان درێژبێت، دوورنیە دەرفەتی کاردانەوە لەدەست دەربچێت. بەمشێوەیە، تەکنەلۆژیای ناوەکی تەنیا بەبوونی بەهاو ستراکچەرە سیاسییەکان جیهانی گۆڕیوە کە زۆر بەدەگمەن بەکاردەهێنرێت. ئەمە دەریدەخات تەکنەلۆژیاکان دەتوانن بێئەوەی ڕاستەوخۆ بەکاربهێنرێن، کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵ قووڵ بێت.
ڤالۆر دەڵێت، لە ڕاستیدا تەکنەلۆژیا دەتوانێت بەدووشێوە «لەسەر بنەمای بەها» هەبێت. یەک، بەگشتی بەنیاز و بەهای تایبەت دیزاین کرابێت، وەک چەکی ناوەکی کە لەبنەڕەتدا بۆ لەناوبردنێکی فراوان دیزاینکراوە. لێرەدا دەتوانین بڵێین ئامانجی دیزاینکەران لەخودی تەکنەلۆژیادا پەنهانە، بەڵام شێوەی دووەمی ئاڵۆزترە. هەندێکجار تەکنەلۆژیاکان ئاکامگەلێکیان هەیە کە هەرگیز دیزاینکەران پێشبینیان نەکردووە و باری نوێ دەهێننەئاراوە کە پێشتر نەبوە. ئەم ئەگەرە نوێیە، هەڵبژاردنی ئەخلاقی نوێ دەخەنە بەردەممان.
بۆنموونە تەکنەلۆژیای سۆنەر یەکێکە لەم بابەتانە. پێش داهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە، نەماندەتوانی بارودۆخی کۆرپەلە پێش لەدایکبوون بەم ڕوونییە بزانین، بەڵام سۆنەر ئەگەری بینینی کۆرپەلە و دیاریکردنی هەندێک نەخۆشی یان نائاسایی بۆماوەیی ڕەخساند. لەئەنجامدا، پرسیاری نوێی ئەخلاقی دەوروژێنرێت.ئەگەر دکتۆرەکان بزانن کۆرپەلەیەک نەخۆشیەکی تایبەتی هەیە تەبای ژیان نییەو ژیانی منداڵەکە دوای لەدایکبوون سەخت دەبێت، چی بکەین؟ ئایا بەردەوامبوونی دووگیانیەکە ئەخلاقییە یان کۆتایی پێهێنانی؟
پێش ئەم تەکنەلۆژیایە، هەڵبژاردنێکی وەها تەنانەت وێناش نەدەکرا.بێگومان تەکنەلۆژیای سۆنەر بەمەبەستی دروستکردنی ئەم مشتومڕە ئەخلاقییانە پەرەی پێنەدراوە، بەڵکو بۆ مەبەستی پزیشکی پەرەی پێدراوە، بەڵام لە پراکتیکدا جۆرێک شۆڕشی لەئەخلاقی پزیشکی و بڕیاردانی مرۆڤدا دروستکرد.
ئەمە لەبارەی تەکنەلۆژیا دیجیتاڵییەکانیش ڕاستە. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پلاتفۆرمە ئینتەرنێتییەکان توانایەکیان ئەفراندووە پێشتر نەبوە.هەندێک لەم ئاکامانە نەخوازراوبون، بەڵام هاوکات، بەگشتی زۆربەی تایبەتمەندییەکانی ئەم تەکنەلۆژیایانە بەجۆرێک دیزاینکراون کە ڕەفتاری تایبەت لەبەکارهێنران دروستدەکات.
بۆنموونە، زۆربەی پلاتفۆرمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەجۆرێک دیزاین دەکرێن کە سەرنجی بەکارهێنەرانێکی زۆر پەلکێش بکەن و ئەوەندەی دەکرێت بیانپارێزن. ئەلگۆریتمەکان ناوەرۆکی زیاترمان پیشاندەدەن کە بەهێزتر هەستوسۆزمانبوروژێنێت، چونکە ئەم ناوەرۆکانە توانای سەرقاڵکردنمانیان باشترە و دەتوانن وامان لێبکەن کاتێکی زیاتر لەسۆشیال میدیادا بەسەربەرین.زۆرجار ئەم ئەلگۆریتمانە پێشداوەریمان بەهێز و وادەکەن زیاتر لەفەزای فیکری هاوشێوەی خۆماندا بمێنینەوە.
لەئەنجامدا، ئەم تەکنەلۆژیایانە نەک تەنها بێلایەن و ئازاد نین لەبەهادانان، بەڵکو شێوازی بیرکردنەوە و کاردانەوەمان لەقاڵب دەدەن. ڤالۆر پێیوایە کۆمپانیا تەکنەلۆژیاکان بەگشی بەرهەمێک دیزاین دەکەن ئالودەکەربن یان کاردانەوەی سۆزداری بەهێز بوروژێنن، چیتر ناتوانرێت بانگەشەی ئەوەبکرێت کە تەکنەلۆژیا بێلایەنە.ئەم تەکنەلۆژیایانە بەوردی بۆ کاریگەری لەسەر ڕەفتاری مرۆڤ داڕێژراون. لەگەڵ ئەم کاریگەرییانە، گۆڕانی کولتووری گرنگیش ڕوویداوە. لەم چەند ساڵەی دواییدا، زۆربەی کۆمەڵەکان بەوباوەڕەگەیشتوون کە پێشکەوتنی مرۆڤایەتی تا ڕادەیەک بەشێوەیەکی کامڵ لەڕێگەی تەکنەلۆژیاوە دەبێت. هەڵبەتە تەکنەلۆژیا ئامرازێکی گرنگی پێشکەوتنە، بەڵام تاکە ڕێگای پێشکەوتن نییە. دەکرێت پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی بەهۆی خوێندن، سیاسەت، کولتوورو هاوکاری کۆمەڵایەتیشبێت.زۆرجار لەوتاری گشتی ئەمڕۆدا داهێنانی تەکنەلۆژیا وەک تاکە چارەسەر بۆکێشەکان سەیردەکرێت.هەمیشە سیاسەتمەداران باسی «داهێنانی تەکنیکی» دەکەن، گوایە هەر تەکنەلۆژیایەکی نوێ جیهان باشتردەکات. ئەم لێڕوانینە وادەکات تەنانەت ئەو ئایدیایانەی سەردەمێک چاوەڕواننەکراو یان نائەخلاقی بەرچاو دەکەوتن، بەشێنەیی ئاسایی بن.
لێڕوانینی پیشەسازی تەکنەلۆژیای کاری کۆمپانیای گۆگڵ بۆ زیرەکی دەستکرد، نموونەیەکی سەرنجڕاکێشی ئەم گۆڕانەیە. لە ساڵی ٢٠١٨ گۆگڵ کۆمەڵێک بنەمای ئەخلاقی بۆ پەرەدان بەزیرەکی دەستکرد بڵاوکردەوە. زۆربەی ئەم بنەمایانە گشتگیر و قابیلی ڕاڤەبوون، بەڵام لەدوولایەنەوە هێڵێکی سوری دیاریکراو و تەواو ڕوون هەبوو: زیرەکی دەستکرد لەبەرهەمهێنان و بەکارهێنانی چەکی گەرم یان چاودێریکردنی نهێنی و فراوانی ژیانی خەڵک بەکارناهێنرێت، بەڵام دوای چەند ساڵ، گوگڵ ئەم هێڵە سورەی لابرد و لەجیاتی بنەمای گشتی ڕاگەیاند: تەکنەلۆژیا شتێک بەرهەم ناهێنێت زیان بەکۆمەڵ بگەیەنێت، بەڵام هیچ بەڵێنێکی دیاریکراوی تری لەبارەی چەک و چاودێریکردنی فراوانی ژیانی خەڵک نەدا. هەڵبەتە هەتا کاتێک هێڵە سورەکە هەبوو،نموونەکان زۆر سنورداربوون،بۆنموونە کۆمپانیاکان دەیانتوانی تەکنەلۆژیایەک دروستبکەن کە بەشێکبن لەسیستمێکی چاودێری یان سەربازی، بێئەوەی ڕاستەوخۆ بۆ ئەوئامانجە دیزاین کرابن.
هەرچۆنێکبێت، تەنانەت لەم هێڵە سنوردارەش پاشەکشەیان کرد، ئەم پاشەکشەکردنە ئاماژەیەکی گرنگە. پێدەچێت لەکولتووری تەکنەلۆژیای ئەمڕۆدا تەنانەت ئایدیای «سنورداری ئەخلاقی»شکاڵبوەتەوە. کاتێک باوەڕبوون بەبێلایەنی تەکنەلۆژیا متوربەی ئەم لێڕوانینە دەکرێت، دەرئەنجامێکی ترسناکە، چونکە ئەگەر تەکنەلۆژیا بێلایەن بێت و هاوکات هیچ هێڵێکی سورنەبێت، ڕێگە بەکۆمپانیاکان دەدات هەمووپێداویستییەکانی بازاڕ بەرهەم بێنن. لەودۆخەدا بەرپرسیاری ئەخلاقی بۆ بەکاربەران دەگوازرێتەوە. کۆمپانیاکان دەڵێن ئێمە تەنیا تەکنەلۆژیا دروستدەکەین، ئەوە ئەوانیترن بڕیاردەدەن چۆن بەکاریبێنن.
ڤالوار بیرمان دێنێتەوە ئەمجۆرە ئارگومێنتە پێشتریش باو بوو، بەڵام دژەئارگومێنت و ڕەخنەلێگرتنیشی کەم نەبوو. تۆم لێر، تەنزنووسی ئەمریکی، لەیەکێک لەگۆرانییە بەناوبانگەکانی (Wernher von Braun) ئاماژە بەموشەکی بەناوبانگی ئەڵمانیV2، دەکات و بەتەوسەوە دەڵێت: «تەنیا کارم بۆئاسمان ناردنی موشەکەکانە، هەقم بەسەر ئەوەوەنییە لەکوێ دەکەونەخوارەوە.» ئەم قسەیە، لەکاتی خۆیدا، وەک تەنزێکی توندی بەرپرسیاری بیرمەندان لەشەڕدا زۆر بەناوبانگ بوو، چونکە باش دەریدەخست کە ئەوئارگومێنتە ناتوانێت بەرپرسیاری ئەخلاقی لەکۆڵی دیزاینکەرانی تەکنەلۆژیا بکاتەوە، بەڵام ئەمڕۆ، هەندێک کۆمپانیای تەکنەلۆژیا ئارگومێنتی زۆر هاوشێوەی ئەو لۆژیکە بەکاردێنن، دەڵێن ئەگەر تەکنەلۆژیاکەمان بەکاربەرانئالودەبکات، یان بەکاربێت بۆ چاودێریکردنی مرۆڤەکان، یان تەنانەت لە سیستمە سەربازییەکاندا بەکاربهێنرێت، بەرپرسیارێتی سەرەکی لەئەستۆی ئێمەدا نییە، بەڵکو لەئەستۆی ئەوانەیە بەکاریدەهێنن.
زۆرکەس دەڵێن ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا داینەمۆی بزوێنەری سەرەکی جەمسەرگیری سیاسین لەجیهانی ئەمڕۆدا، بەڵام ئەگەر سەیری مێژووبکەین دەبینین پێش ئینتەرنێت ڕەوتی هاوشێوە هەبوە.بۆنموونە سەرهەڵدانی فۆکس نیوز لەئەمریکا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لەداڕشتنی دیمەنی سیاسیدا. تەکنەلۆژیای جیاجیای میدیایی بەیەکەوە کاردەکەن. ڕادیۆ، تەلەڤزیۆن و ئینتەرنێت بەشێوەیەکی تایبەتی کاریگەرییان بەسەر ڕای گشتییەوە هەبوە. ئینتەرنێت هەندێک لەوپرۆسانەی بەهێز و فراوانکردووە پێشتر دەستیان پێکردبوو.
بۆنموونە، زۆرجار بەکارهێنانی ئینتەرنێت ئەزموونی تاکە. بە پێچەوانەی تەلەڤزیۆن کە مرۆڤەکان دەتوانن بەیەکەوە سەیری بکەن، بەڵام زیاتر بەتەنیا ئینتەرنێت بەکاردێنن. دەکرێت ئەوتایبەتمەندییە سەربکێشێتە گۆشەگیری و کەمبوونەوەی بەرکەوتەی کۆمەڵایەتی. هاوکات، دەکرێت ئەلگۆریتمەکانی ئینتەرنێت زانیارییەک بدەنەبەکاربەران کە باوەڕەکانی پێشتریان بەهێزبکات. ئەم نموونەیە نیشانیدەدات کە تایبەتمەندی خودی تەکنەلۆژیاش ڕۆڵیان لە لەقاڵبدانی ئاکامە کۆمەڵایەتییەکانداهەیە. کەوایە ناتوانین هەمووشتێک تەنیا بدەینەپاڵ قۆرخکردنی تاکەکان.
ڤالور پێشنیاردەکات تەنها باسکردنی بێلایەنبوون یان نەبوونی تەکنەلۆژیا، دەبێت لەچەمکی «توانای تەکنەلۆژیا» ڕابمێنین. هەر تەکنەلۆژیایەک زادەی کۆمەڵێک ئەگەرو توانایە. هەندێک توانایان لەسەرەتاوە لەدیزاینکردنی ڕەچاوکراون و هەندێکیان نەخوازراو دەردەکەون، بەڵام هەر چۆنێکبێت، ئەم توانایانە بەسەر بەها و هەڵبژاردنەکانمانەوە کاریگەرن. گەر ئەم ڕاستیەمان قبوڵبێت، ئەوکاتە دەبێت قووڵتر بپرسین: تەکنەلۆژیامان بۆچی دەوێت؟ دەبێت ئامانجی نوێگەری چی بێت؟
ئەمە پرسیارێکی زۆرکۆنە. تەنانەت لە فەلسەفەی یۆنانی کۆنیش باسیکراوە. ئەفلاتون دەڵێت، هەندێک تەکنەلۆژیا سەرنجی مرۆڤ لەڕاستی بەردەوام دووردەخاتەوە و لەجیهانی مادی تێپەڕ سنورداری دەکات. لەبەرامبەردا، بیرمەندانی وەک فرانسیس بیکن لەسەردەمی نوێی تەکنەلۆژیا تەنیا بەهۆکارێک بۆخۆشگوزەرانی مرۆڤی دەزانن. بیکن دەڵێت تەکنەلۆژیا دەتوانێت ژیانی مرۆڤەکان نەک تەنیا توانای بەرگەگرتن، بەڵکو چێژبەخش بکات. ئەم دوودیدە دەریدەخەن کە دەکرێت چاوەڕوانیمان لەئامانجی تەنکنەلۆژیا زۆر جیاواز و لێکدژبێت.
هەروەها ڤالور ئاماژە بەلایەنێکی تری تەکنەلۆژیا دەکات کە زۆرجار لەباسە فەلسەفییەکان نادیدە دەگیرێت: ڕۆڵی تەکنەلۆژیا لەکارە سادە و ڕۆژانەکان، وەک کەلوپەلی ماڵ یان چاودێریکردنی یەکتری لەماڵەوە، یان دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی پردەکان، پاراستنی ژێرخان،یانباشکردنی فەزای گشتی. هەمووئەمانە شێوەکانی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیان، بەڵام کولتووری تەکنەلۆژیای ئەمڕۆ زیاتر لەسەر بانگەشە و دروستکردنی شتی «نوێ و درەوشاوە» قووڵدەبێتەوە. داهێنانی نەرم کاڵاو ئامرازی نوێ و کاری ئەخلاقی بەزیرەکی دەستکرد، زۆرسەرنجڕاکێش و پێشکەوتوو دیارە، لەکاتێکدا نۆژەنکردنەوەی ڕێگاکان یان پاراستنی قوتابخانە بەکارێکی وەها درەوشاوە و سەرنجڕکێش دانانرێت. لەئەنجامدا ئەمجۆرە کارانە سەرنج کەمتر ڕادەکێشن و زۆرێک لەژێرخانە ژیارییەکان وردە وردە نامێنن.
ڤالور دەڵێت، دەبێت پەیوەندییەکانمان بەتەکنەلۆژیاوە سەرلەنوێ پێناسە بکەینەوە. نابێت تەکنەلۆژیا پێمانبڵێت چ شتێک لەژیاندا بەهایان هەیە. بەپێچەوانەوە، دەبێت خۆمان بەهاکانمان دیاریبکەین و پاشان لەخزمەتکردن بەتەکنەلۆژیا بەکاریانبێنین. ئەگینا، گرەنتییەک نییە نوێگەری و تەکنەلۆژیا بمانباتە داهاتوویەکی باشتر. تەکنەلۆژیا دەتوانێت هێندەی بەسودبوونی، مەترسیداریش بێت. بۆیە پرسیاری گرنگ، دەبێت لەکوێی کارەکە دەستوەردان بکەین: لەدیزاینی تەکنەلۆژیادا، لەبازاڕدا، لە سیاسەتدا یان لە کولتووردا؟ڤالۆر دەڵێت هیچ وەڵامێکی سادە بۆ ئەم پرسیارە نییە، بەڵام دەکرێت هەندێک ڕێوشوێن کاریگەرییان خێرابێت.
یەکێک لەگرنگترینیان گۆڕینی سیستمی بەرپرسیاری و پاڵنەری ئابوورییە. لەئێستادا، تا ڕادەیەک زۆربەی کۆمپانیاکان هیچ تێچوویەک بۆ دروستکردنی تەکنەلۆژیای مەترسیدار نادەن. تەنانەت گەر تەکنەلۆژیاکەیان زیانی کۆمەڵایەتی هەبێت، زۆرجار تاوانەکان هێندەکەمن بەشێکن لەخەرجی ئاسایی کاسبیوکار، بەڵام بۆنموونە یاسای قوورسلەدروستکردنی دەرمان هەیە. ئەگەر دەرمانێک ببێتەهۆی مردن یان زیان بەژمارەیەکی زۆربگەیەنێت، کۆمپانیاکان بەبڕێکی زۆر پارە غەرامە یان دادگایی دەکرێن.ڤالۆر دەڵێت،زۆرجار ئەو کۆمپانیا دەرمانسازانە لەدۆزینەوەی دەرمانی گرنگمەترسییان لەسەرە، ئەوانیش بەرپرسیارێتی ئەودەرمانە لەئەستۆدەگرن، بەڵام هەندێکجار کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی زیان بەدیزاینگەلێک دەگەیەنن کە تەنانەت پێویست نین و لێپرسینەوەیان لەگەڵ ناکرێت لەزیانەکان.بۆنموونە ئەگەر چاتبۆتێک کێشەی تەندروستی دەروونی بەکارهێنەران خراپتربکات یان وابکات بەشداری ڕەفتارێکی مەترسیداربکەن، ئەوەشتێکی زۆر گەورە نییە بۆ ئەوکۆمپانیایەی دروستیدەکات.ئەگەر کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا بەڕاستی گرنگی بەخۆشگوزەرانی خەڵک دەدەن، دەبێت تێچووی هەڵەکانیان زۆر زیاتربێت.
یەکێکی تر لەکارە کاریگەرەکان، ئێمەی بەکاربەرانی بەرهەمە تەکنەلۆژیاکان ڕووبەڕووی کاریگەرییە تێکدەرەکانی ببینەوە.دەبینین لەم ساڵانەی دواییدا جۆرێک لەبەرخودانی گشتی بەرامبەر هەندێک تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد هەبوە و زۆرکەس بەتۆن و زمانێکی ڕەخنەگرانە باس لەبەرهەم و ئەلگۆریتمەکانی زیرەکی دەستکرد دەکەن.ئەم کاردانەوانە دەریدەخەن کە بەشێک لەکۆمەڵ لەدەرئەنجامەکانی ئەو تەکنەلۆژیایانە نیگەرانن.
هەڵبەتەڤالور ئاگادارماندەکاتەوە کە نابێت بکەوینە ئەوپەڕی ترەوە.هەمووجۆرەکانی زیرەکی دەستکرد یەکسان نین. هەندێک بەکارهێنانیان لەبواری جیاجیا بۆنموونە پزیشکی یان توێژینەوەی زانستی زۆر بەسودە، بەڵام زۆربەی نوسخەکانی بازرگانی زیرەکی دەستکرد، بەتایبەت ئەوجۆرانەی دەق و وێنە و دەنگ بەرهەم دێنن، هێشتا دیارنییە سودوبەهایان لەتێچونی کۆمەڵایەتی و ژینگەیان زیاتربێت.
لەکۆتاییدا، ڤالور جەختدەکاتەوە لەفێرکردن. جیاکردنەوەی فێرکردنی تەکنیکی لەفێرکردنی ئەخلاقی و سیاسی، هەڵەیەکی گەورەی سیستمی فێرکردنی نوێ بوە. زۆرجار ئەندازیاران فێری دروستکردنی تەکنەلۆژیا دەبن، بەڵام بەدەگمەن بیرلەوەدەکەنەوە دەبێت چ جۆرە جیهانێک بنیاتبنێن.لەبەرامبەردا خوێندکارانی زانستە مرۆییەکان فێری دادپەروەری و کۆمەڵ دەبن، بەڵام زۆرجار کەم لەتەکنەلۆژیا دەگەن. ڤالور دەڵێت، دەبێت ئەم دووە لێکنزیکبکرێنەوە. تەنها وەها دەتوانین سەرکردە پەروەردە بکەین، تەکنەلۆژیا بناسن و هەم بتوانن بڕیار لەئاکامە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکانی بدەن.
پرسیاری سەرەکی: مرۆڤەکان دەیانەوێت چ جیهانێک بنیاتبنێن؟ تەکنەلۆژیا دەتوانێت ئامرازێکی بەهێزبێت بۆگەیشتن بەوجیهانە، بەڵام کاتێک ئێمە هۆشیارانە ڕێگەکەی دیاریبکەین. ئەگینا، لەوانەیە تەکنەلۆژیا لەجیاتی ئەوەی خزمەتی بەها مرۆییەکان بکات، ببێتە هێزێک بۆ لەقاڵبدانیبەهاکانمان.
aasoo
