
نووسینی : د. ئیبراهیم ئیسماعیل
لە عەرەبیەوە : هەڵمەت کەریم
زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر مارکسیستەکان لە وەڵامی ململانێ چینایەتی و سیاسییەکانی ئەو قۆناغە مێژووییە دەستەواژەی "بەرەی جەماوەری"یان داهێنا. کەواتە، بەرەی جەماوەری بەڕاستی چییە؟
تاکتیکێکی شۆڕشگێڕانەیە کە ئامانج لێی فراوانکردنی بنکەی کۆمەڵایەتی ئەو کەسانەیە کە لە پێناو ئازادی و دادپەروەریدا خەبات دەکەن، و بەهێزکردنی تواناکانیان بۆ بەڕێوەبردنی خەبات. ئەمەش بە یەکخستنی هێزە پێشکەوتنخوازەکان و یەکێتییەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە هاوپەیمانییەکی فراواندا بەدەست دێت کە خزمەت بە ئامانجی ستراتیژی سەرتاسەری ڕووخاندنی سەرمایەداری یان کەمکردنەوەی خراپەکانی دەکات، بەبێ ئەوەی کاریگەری نەرێنی لەسەر ناسنامەی چینایەتی چەپ یان کاریگەرییە سیاسییەکەی لەناو کۆمەڵگادا هەبێت. لە کاتێکدا سییەکانی سەدەی ڕابردوو شاهیدی یەکەمین سەرکەوتنی ئەم تاکتیکە بوو بە شکستی فاشیزم و نازیزم، سەرهەڵدانی نیولیبرالیزم و نەوەکانی، ڕاستی کۆنەپەرستانە و پاوانخوازی، وایکردووە زۆرێک لە مارکسیستەکان سەردانی ئەم تاکتیکە بکەنەوە و هەوڵی مۆدێرنکردن و پەرەپێدانی بدەن.
لە وڵاتی ئێمەدا، کە ماوەی دوو دەیەیە کەوتووەتە ژێر هەژموونی سەرمایەدارییەکی "بەرخۆر"ی شێواو، کە تێیدا کەمینەیەکی دەسەڵاتدار (ئۆلیگارشی) دەستیان بەسەر داهات و میکانیزمەکانی دابەشکردنیدا گرتووە، و لەڕێگەی سەرکوتکردن، ئایدۆلۆژیا و واستەکارییەوە ستەمکارییان سەپاندووە، ئەمەش بووەتە هۆی تەشەنەسەندنی هەژاری، جیاوازی چینایەتی، بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و نەخوێندەواری و جیاکاری دژی ژنان، لەگەڵ تێکدانی مافەکان و سەروەری نیشتمانی؛ لێرەدا ئەرکی گۆڕانکاری گشتگیر و ڕزگاربوون لە سیستەمی "پشکپشکێنە" بووەتە خواستی زۆرینەی عێراقییەکان.
لەبەرئەوەی مێژوو لەخۆوە دروست نابێت، بەڵکو لەڕێگەی پەرەپێدانی هۆشیاری و ستراتیژیی زانستی پلان بۆ داڕێژراو و داهێنەرانە جێبەجێکراوە، ئەرکی یەکخستنی هێزە گۆڕانخوازەکانە کە پێگەی هەرە لە پێشینەی بگرن لە بەرنامەکانی چەپ و دڵە لێدەرەکەی، (حیزبی شیوعی عێراق)، کە کار دەکات بۆ دامەزراندنی بەرەیەکی جەماوەری کە ئەم زۆرینەیە وەک ڕێبەرێک بۆ تێکۆشان، بزاوتی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینە ئاشتییانییەکانیان قبوڵی بکەن.
بۆ ئەوەی ئەم بەرەیە بەرگەی سەرکوت و هەوڵەکانی خۆگرتن و هاوبەشی هەڵبژاردن بگرێت، پێویستە پابەند بێت بە هاوڵاتیبوونی یەکسان بە ماف و بەرپرسیارێتی یەکسان و گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات و فرەچەشنی لەناو شوناسێکی هاوبەشی نەتەوەیی و ڕەتکردنەوەی هەر دەستوەردانێکی دەرەکی و چاکسازیی پارتە سیاسییەکان و سیستەمی هەڵبژاردن و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری. هەروەها دەبێت بە ڕوونی ڕێگایەک بگرێتەبەر بۆ گواستنەوە لە ئابوورییەکی بەرخۆرەوە بۆ ئابوورییەکی بەرهەمدار، دووبارە دابەشکردنەوەی سامان بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی کە دامەزراندن، پەروەردە، نیشتەجێبوون، چاودێری تەندروستی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لەخۆبگرێت، بەکارهێنانی بەها ئاینییەکان یان خێڵەکییەکان یان چەک لە سیاسەتدا قەدەغە بکات، هەر پێشێلکارییەکی ئازادی ڕادەربڕین و کۆبوونەوە بە تاوان بزانێت، هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا سیاسییەکان و بنیاتنانی سوپایەکی نیشتمانی پیشەیی.
بۆ ئەوەی ئەم بەرەیە بتوانێت ئامانجەکانی بگات، دەبێت دوور بێت لە هیچ شوێنکەوتوویەکی - ئاشکرا یان شاراوە- لە ئۆلیگارشی. پێویستە هێزەکانی لە دەوری بەرنامەیەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پشکەکان یەکبگرن، هاوکاری چالاکانە لەگەڵ سەندیکاکان، کۆمەڵە پیشەییەکان، ڕۆشنبیران و بزووتنەوە جەماوەرییەکاندا بکەن. پەیوەندی نێوان ئەندامەکانی دەبێت بە هاودەنگی و دیموکراسی تایبەتمەند بێت. پێکهێنانی نابێ بە کۆنفرانسی نوخبەگەرایی و بەیاننامە سیاسییەکان دەست پێبکات کە لە بۆنە تایبەتەکاندا دەردەچن، بە سەرکردایەتیی کەسایەتییەکان کە پشتیوانی جەماوەرییان نییە، سەپاندنی یەکسانییەکی ڕووکەش لە نێوان هێزە نایەکسانەکاندا، کەمکردنەوەی چالاکییەکان بۆ دەستکەوتی هەڵبژاردن و داوای ڕاگرتنی خەباتی چینایەتی بۆ پاراستنی هاوپەیمانییەکە. بەڵکو دەبێت لە ئاستی بنەڕەتییەوە دەست پێبکات، لە ڕێگەی پێکهێنانی ئەنجومەنی ناوخۆیی و گوند و قەزاکان و لیژنەکانی گەڕەک و لیژنەکانی زانکۆ و شوێنی کار و یانەکانی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی.
هەروەها ئەمە پێویستی بەوەیە هێزەکانی بەرە نەیارەکانیان دەستنیشان بکەن، کە ئێستا بریتین لە: هاوپەیمانی بۆرژوازی بیرۆکرات (ئەوانەی پشت بە تاڵانکردنی داهات و قامچی دەوڵەت و مافیای گەندەڵی دەبەستن). پێویستە ڕووبەڕووی پۆپۆلیزم ببنەوە و پڕۆژەیەکی کولتووری-کۆمەڵایەتی بگرنە بەر کە کولتووری تائیفی-ڕەگەزیی زاڵ هەڵوەشێنێتەوە، و کارەکە لە سیاسەتی ڕۆژانەی هەڵبژاردنەوە بگوازێتەوە بۆ هەژموونێکی جەماوەریی قووڵ، تا ببێتە ئامرازێکی یەکلاکەرەوە لە شەڕی بنیادنانەوەی دەوڵەتی هاووڵاتیبووندا. پڕۆژەیەک کە خەمەکانی خەڵک دەستنیشان بکات و قەناعەتیان پێبکات بە ڕێگاکانی چارەسەر، و ئامادەیی ئەخلاقی و تێکۆشان بگۆڕێت بۆ دەنگێکی ڕەخنەگر، و پشت بە بەرنامەی ڕووناکبیری ببەستێت بۆ مۆدێرنەکردنی کۆمەڵگە لە ڕێگەی نەهێشتنی نەخوێندەواری و پەروەردە، تا هاوئاهەنگییەکی دەوڵەمەند لە نێوان ناسنامەی نیشتمانی و ناسنامە لاوەکییەکاندا دروست بکات، و لە کۆتاییدا هەژموونێکی کولتووریی کاریگەری بەرەکە بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێت.