
دایکی سۆما
کاری ماڵەوە، ئەو ئەرکە بێوچانەی کە زۆربەی کات لە ئەستۆی ژناندایە، وەک کارێکی بێ کرێ و بێ نرخ سەیر دەکرێت. بەڵام لە ڕاستیدا، ئەم کارە بناغەی ئابووری خێزان و کۆمەڵگەیە. بەپێی ئامارەکان، ئەگەر ژنان لەسەر ئاستی جیهان کرێیان بۆ کاری ماڵەوە وەربگرتایە، ساڵانە نزیکەی ١٠.٩ تریلیۆن دۆلاریان دەستدەکەوت. لە ئەمریکا بە تەنها، ئەم بڕە ١.٥ تریلیۆن دۆلارە.
ئەم بارگرانییە ڕێگرێکی گەورەیە لەبەردەم پێشکەوتنی ژناندا؛ هەر کاتژمێرێکی زیادەی کاری بێ کرێ، چانسی ژن بۆ دۆزینەوەی کاری دەرەوە بە ڕێژەی ٣٨٪ کەمدەکاتەوە. کاتی ئەوە هاتووە دان بە بەهای ئەم کارەدا بنرێت و هەوڵبدرێت بۆ دابەشکردنێکی دادپەروەرانەی ئەرکەکانی ماڵەوە، تا ژنانیش بتوانن شانبەشانی پیاوان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا پێشبکەون. لە سەرەتای شۆڕشی پێسەسازیدا کە پێویستی بە هێزی کاری هەرزان هەبوو، سەرمایەداران بوارییان بۆ ژن کردەوە بە کرێیەکی کەمتر لە کارگەکاندا کاربکەن. بەڵام کاری ماڵەوە و بەخێوکردنی منداڵ کە کارێکی بێ کرێ بوو لەئەستۆی ژندا مایەوە. سەرمایەدار پێویستی بە بەرهەمهێناوەی نەوی نوێی کرێکار بوو، هەر ژنیش ئەم پرۆسەیەی بۆ مسۆگەر دەکرد، هەر بۆیە بۆ ئاسانکاری هەردوو کارەکە و بۆ ئامانجی ئابووری خۆی ئامیری نوێی هێنایە کایە، وەک ئامێری قاپشتن و ئامێری جلشتن... . لە وڵاتێکی وەک یەکێتی سۆڤیەت کە بە سیستەمێکی سۆسیالیزم دادەنرا جۆرێکی تر ئاسانکاری ئەنجامدرا، کردنەوەی باخچەی منداڵان، بوونی چێشتخانەی گشتی، مانەوەی قوتابییان لە قوتابخانەکاندا بۆ ماوەیەکی درێژتر، تا بواری بۆ ژنان بکرێتەوە لە بواری خوێندن و کاردا پەرە بە تواناکانی خۆیان بدەن. ئەم سیستەمش لە وڵاتانی ئەسکەندافیا بەپێی پێداویستی کۆمەڵگە جێبەجێدەکرێت. ئەمە جگە لە دەرکردنی چەند یاسایەک کە یارمەتیدەربێت بۆ ئەوەی دایکوباوک بە یەکسانی ئەرکی بەخێوکردنی منداڵیان لە تەمەنی یەکساڵی لە ئەستۆبگرن.
بێگومان کاری ماڵەوە نەک تەنیا ژن دووردەخاتەوە لە خوێندن و کارکردن بەڵکو کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونی ژنانیش هەیە. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان کاری بێ کرێی ماڵەوە و خراپبوونی تەندروستی دەروونی ژناندا هەیە. ئەم بارگرانییە دەبێتە هۆی فشاری دەروونی درێژخایەن، دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و هەستی ماندووبوون بۆ نموونە، توێژینەوەیەک دەریخستووە کە زیادبوونی هەر ١٠ کاتژمێر کاری ماڵەوە لە هەفتەیەکدا، نیشانەکانی خەمۆکی بە ڕێژەی ٠،٢ بۆ ٠،٤ خاڵ زیاد دەکات.
هەروا ڕێژەی نایەکسانی لە نێوان هەردوو ڕەگەزەکە بەرزدەکاتەوە. لەسەر ئاستی جیهان، ژنان ٧٦٪ی هەموو کارە بێ کرێیەکانی چاودێری ئەنجام دەدەن. ئەمەش وایکردووە کە نزیکەی ٧٠٨ ملیۆن ژن لە بازاڕی کار دووربکەونەوە بەهۆی بەرپرسیارێتی ماڵەوە. لە بەریتانیا، ژنان ٦٠٪ زیاتر لە پیاوان کاری بێ کرێ دەکەن. هەروا چانسی ژن بۆ کاری بە مووچە بە ڕێژەی ٣٨٪ و بۆ خوێندنی باڵا بە ڕێژەی ٣٤٪ کەمدەکاتەوە.
دابەشبوونی کار: لەسەر ئاستی جیهان، ژنان ٢،٥ هێندەی پیاوان کاری بێ کرێی ماڵەوە دەکەن. لە هەندێک وڵات وەک هیندستان، ژنان نزیکەی ٦ کاتژمێر کاری ماڵەوە دەکەن، لە کاتێکدا پیاوان تەنها ٥٢ خولەک کار دەکەن. ئەمە جگە لەوەی ماوەی کاری ژنان لە دەرەوەی ماڵ کەمدەکاتەوە، بۆ نموونە ژنان هەوڵدەدەن کارێک وەرگرن کە شەش سەعات یان چوار سەعات بێت، بۆئەوەی فریایی کاری ماڵ بکەون، ئەمەش کاریگەری لەسەر پێشکەوتنی ژن لەبوارەکەی خۆیدا هەیە و ئەمە جگە لەوەی مووچەی خانەنشینی کەمدەکاتەوە.
کاریگەری لە کۆمەڵگەی کوردیدا: لە کۆمەڵگەی کوردیدا، ئەم دابەشکارییە زۆر بەرچاوە و وەک نەریتێکی کۆمەڵایەتی چەسپیوە. ژمارەیەکی زۆری ژنانی کوردستان لە چواردیواری ماڵەوەدا گیرۆدەی ئەنجامدانی کاری بێ کرێی ڕۆژانەن. مانەوە لە چواردیواری ماڵەوە توانای فیکری و هزری ژن سنووردار دەکات و بواری خوێندن و کارکردنیان لە ڕوو دادەخرێت. ئەم ژنانە هەست بەو نایەکسانییە ناکەن کە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاری ئەو سنوورانەی بۆ دیاریکردوون. ئەو ژنانەشی لە دەرەوەی ماڵ کاردەکەن" بەپێی لێتوژینەوەیەک ١٦٪ ژنی کوردستان کاردەکەن"، پاش کار دەبێت هەموو ئەو کارانە ئەنجامبدەن کە ژنێکی بێکار ئەنجامی دەدا. لێرەدا بارگرانییەکی زۆر بەسەر ئەو ژنانەوەیە کە کاردەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی ماندووبوونی جەستەیی و دەروونی ژنان، لەهەمان کاتدا فریایی ئەوە ناکەون گرنگی بە پەرەپێدانی تواناکانی خۆیان لە بواری کاردا بدەن.
کاتی ئەوە هاتووە دان بە بەهای ڕاستەقینەی کاری ماڵەوەدا بنرێت و وەک کارێکی هاوبەش لەنێوان هەردوو ڕەگەزدا سەیر بکرێت. دابەشکردنێکی دادپەروەرانەی ئەرکەکان نەک تەنها بارگرانی لەسەر شانی ژنان کەمدەکاتەوە، بەڵکو دەرگا بۆ بەشداریکردنی کارا لە هەموو بوارەکانی ژیاندا دەکاتەوە و کۆمەڵگەیەکی تەندروستتر و یەکسانتر بونیاد دەنێت.