
نووسینی: دلۆڤان کەڵهوڕی
زۆرجار بارودۆخێک دێتە پێشەوە کە بە دڵی تۆ نییە و تەنانەت دژایەتی و ڕکابەرایەتیشی دەکەیت، بەڵام کاتێک دەبێتە ئەمری واقیع (دیفاکتۆ)، ناچاریت قبووڵی بکەیت و دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم بکەیت. بۆ نموونە، لەم سەردەمەی ئێستادا کە سەردەمی سەرمایەدارییە، واقیعێک هاتووەتە ئاراوە، ئەویش ئەوەیە کە ژیانکردن تەنها مافی بەهێزەکانە و بێهێزەکان مافی ژیانیان نییە. هەرچەندە ئەم پرەنسیپە دژ بە بنەماکانی مافی مرۆڤە — ئاخر چۆن دەبێت تەنها وڵاتە بەهێزەکان مافی ژیانیان هەبێت؟ ئەی وڵاتە بێهێز و مرۆڤە لاوازەکان چی؟ چۆن دەبێت تەنها لەبەر ئەوەی لە ڕووی عەقڵی، ئابووری، دەسەڵات و زانستییەوە بێهێز و لاوازن، مافی ژیانیان نەبێت؟
بەڵام ئەمە ڕاستییەکی تاڵە و لە ئێستادا بووەتە ئەمری واقیع. پێویستە لەگەڵیدا مامەڵە بکەیت، ئەگەرنا پەراوێز دەخرێیت و بە مرۆڤ هەژمار ناکرێیت. مافەکانی مرۆڤت پێ ڕەوا نابینن و ناهێڵن ژیانێکی شایستە بژیت. هەر کارەسات و ئافاتێک ڕووت تێ بکات، هیچ کەسێک لەم جیهانەدا، بەتایبەتیش وڵاتە زلهێزەکان، هاوسۆز و هاوکارت نابێت. چونکە ئەم بابەتە لای وڵاتە زلهێزەکان بووەتە پرەنسیپێک و لەسەر ئەم بنەمایە ڕەفتار لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا دەکەن. ئەوان کە دەبینن وڵاتێک لە ڕووی کارگێڕی، سەربازی و ئابوورییەوە لاوازە، ئیتر هەرچی بەڵا هەیە بەسەری دەهێنن بۆ ئەوەی لاوازتر و داماوتر بێت.
هەر لەم ڕوانگەیەوە، دەبێت ئەوە بزانین کە ئەو هێرش و کارەساتانەی لەلایەن "چەتەکانی جۆلانی"یەوە بۆ سەر کوردانی ڕۆژئاوا ئەنجام درا، تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسساز بوو بۆ ئەم پارچەیەی کوردستان بەتایبەتی و پارچەکانی دیکەی کوردستان بەگشتی. چونکە وڵاتانی زلهێز بە وردی چاودێریی دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوایان دەکرد، تاکوو بزانن تا چەند بەهێزن، بۆ ئەوەی بە ئەندازەی بەهێزییەکەیان هاوکاری و پشتگیرییان بکەن و بیانپارێزن. ئەوان پێیان وابوو کوردانی ڕۆژئاوا شایەنی پاڵپشتی و پاراستن نین، چونکە خوێندنەوەیان وابوو کە ئەوان بێهێزن و بەرگەی هێرشەکانی حکوومەتی نوێی دیمەشق ناگرن. بەڵام کە هێز و ئیرادەی گەلی ڕۆژئاوایان بینی، ئیتر بەخۆیانداچوونەوە و خوێندنەوەیەکی دیکەیان بۆ کردن.
کاتێک بینییان لە ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود، کە دوو گەڕەکی کوردنشین بوون لە شاری حەلەب، تەنها هێزێکی ئاسایشیی چەند کەسیی کوردەکان بۆ چەندین ڕۆژ بەرگرییان لە شارەکە دەکرد و نەیاندەهێشت "چەتەکانی جۆلانی"، کە چوار وڵات پاڵپشتییان دەکردن، بێنە ناو شارەکەوە، ئەمە ئەگەر هێز و ئیرادە نەبێت، ئەی چییە؟ لەمەش زیاتر، وڵاتانی زلهێز کە لە ورەبەرزی و خۆڕاگریی کوردەکان ڕادەمان بەرامبەر ئەو هەموو ڕەفتارە هۆڤیتی و نامرۆڤانەییانەی "چەتەکانی دیمەشق" کە دژیان ئەنجامیان دەدا، زیاتر و زیاتر بەهێزی و ئیرادەی کوردەکانیان بۆ دەرکەوت.
ئەوان سەرسام بوون لەبەرامبەر (نا)ـیەکەی مەزڵووم عەبدی، کە ڕووبەڕووی "شەرع" ڕایگەیاند. ئاخر زلهێزانی دنیا چاک دەیانزانی ئەگەر هێز و ورەبەرزی نەبێت، هیچ فەرماندە و ژەنەڕاڵێکی جیهان ناتوانێت بەرامبەر ئەمریکای زلهێز و وڵاتە پاڵپشتیکارەکانی دیکەی دیمەشق، وا بە بوێری بڵێت: "نا، تەسلیمبوون کاری ئێمە نییە!".
بە بۆچوونی من، لە هەمووی بەهێزتر لای وڵاتانی زلهێز، بینینی ئەو یەکدەنگی و یەکڕیزییەی گەلی کورد بوو لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان و جیهاندا. ئەوان کاتێک ئاپۆڕای کوردانی باکووریان بینی کە چۆن سنوورە دەستکردەکەی نێوان ڕۆژئاوا و باکووریان تێک شکاند و لە نسێبینەوە پەڕینەوە بۆ ڕۆژئاوا، هەروەها خۆپیشاندانە خۆڕسکەکانی باشووریان بینی لەبەردەم کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر و لە هەموو شار و شارۆچکەکانی دیکەش خەڵک ڕژابوونە سەر شەقام، بەهێزیی کوردیان بۆ دەرکەوت. کوردانی دیاسپۆراش کەمیان نەکرد لە گەیاندنی دەنگی کوردانی ڕۆژئاوا بە وڵاتانی زلهێز؛ گردبوونەوەکانی بەردەم پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا و کۆنسوڵخانەکان، زیاتر هێزی کوردیان پیشانی وڵاتان دا.
وڵاتانی زلهێز کاتێک دەیانبینی کوڕ و کچانی ڕۆژهەڵات و باشوور چەند بە جەربەزەیی و چاونەترسییەوە بۆ بەهاناوەچوونی خوشک و براکانیان ڕێگای ڕۆژئاوایان گرتبووە بەر، زیاتر و زیاتر بەهێزیی ئەم نەتەوەیەیان بۆ دەرکەوت. هەر بۆیە، من وای دەبینم ڕۆژئاوای کوردستان لەو تاقیکردنەوە گەورەیەدا سەرکەوتنی بەدەست هێنا و بەهێزی و توانای خۆی بە وڵاتانی زلهێز پیشان دا. بەهۆیەوە، وڵاتانی زلهێزی ناچار کرد دووبارە بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و مل بۆ داواکاری و مافەکانی گەلی کورد بدەن.
خۆ بە پێچەوانەوە، ئەگەر ڕۆژئاوا بە بێهێزی خۆی پیشان بدایە و چاوی لە ڕەحم و بەزەیی وڵاتان بوایە تاکوو بێنە هانای و بیپارێزن، ئەوا دڵنیام وڵاتانی زلهێز دەبوونە بینەری دیمەنی قەسابخانەی "داعشە نوێیەکان" کە لە قامشلۆ و حەسەکە و کۆبانێدا دژی گەلی کوردی ڕۆژئاوا سازیان دەکرد.
دەمەوێت خاڵێکی دیکەی گرنگ باس بکەم، ئەویش ئەوەیە کە بۆ ئەوەی ڕۆژئاوا بەهێزتر دەربکەوێت، پێویستە سیاسەتمەدارانی کورد لە ڕۆژئاوا و پارچەکانی دیکەشدا، لە قۆناغەکانی داهاتوودا کار بۆ "دەوڵەت-نەتەوە" بکەن و تەنها و تەنها نەتەوەکەی خۆیان مەبەست بێت. دەبێت واز لە پرەنسیپەکانی وەک "برایەتیی گەلان"، "کۆمەڵگەی دیموکرات" و "مافی پێکهاتەکان" بهێنن، چونکە ئەم ستراتیژییەتانە لەم ناوچەیەی ئێمەدا تەنها دروشم و وتەی ناو ڕۆژنامەکانن. عەقڵییەتی وڵاتانی دراوسێی ئێمە لێ ناگەڕێن ئەم ستراتیژی و میتۆدانە بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە. من پێم وایە، ئەوەی باوەڕی وابێت ئەم دروشمانە لەم ناوچەیەدا جێبەجێ دەکرێن، وەک ئەوە وایە باوەڕی وابێت کاوێژکردنی حوشتر کارەبا بەرهەم دەهێنێت.
لە کۆتاییدا، دووبارە جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە کە جیهانی ئەمڕۆ، وڵاتە زلهێزە سەرمایەدارەکان بەڕێوەی دەبەن. ئەوان تەنها پشتگیریی ئەو وڵاتانە دەکەن و مافی ژیانیان پێ دەدەن کە بەهێزن و هاووڵاتییەکانیان کەسانی بزێو و گیانلەسەردەستن. ئەگینا، وڵاتانی بێهێز تەنها لە ڕووی جوگرافیاوە ناویان دەهێنرێت و پشتگیری و مافی ژیانێکی شایستەیان پێ نادرێت.