ئایا کولتووری دیجیتاڵ دووبارە جوگرافیای سیاسی دادەڕێژێتەوە؟
بەرەی هەشتەمی ئیسرائیل بۆ کۆنترۆڵکردنی خوارزمەکانی غەزەب 
نووسینی: نەدا حەتەیت
وەرگێڕانی : کاروان حەمەکەریم 
کەوتنی حکومەتی بولگاریا بەر لە چەند ڕۆژێک، لە دوای دەستلەکارکێشانەوەی ڕۆزن جیلیۆزکۆڤی سەرۆک وەزیران، خاڵێکی وەرچەرخانی زیادە بوو لە تێگەیشتن لە فۆرمێکی نوێی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە جیهانییەکان. ئەم ڕووداوە لە جەستەی ئەورووپادا، وەک ته‌واوکه‌ری زنجیرەیەک لە هەژانە سیاسییە پەیوەست بەیەکەکان هات کە لەم ساڵەدا باشووری ئاسیا و قووڵایی کیشوەری ئەفریقای گرتەوە و دواتر گەیشتە ناو خاکی ئەورووپا. ئەمە دەکرێت وەک "دیاردەیەکی جیهانیی یەکگرتوو" ناوزەد بکرێت کە "نەوەی زد" (Gen Z) ڕابەرایەتی دەکات؛ بە پێچەوانەی تیۆرە کۆمەڵایەتییە تەقلیدییەکان کە ئەم نەوەیەیان (لەدایکبووانی ١٩٩٧ - ٢٠١٢) بە نەوەیەکی دەروون-لەرزۆک و بێسەرنج وەسف دەکرد بەهۆی ئاڵوودەبوونیان بە "تیک تۆک" و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە.
جیهان لەسەر لێواری چارەکی دووەمی سەدەی بیست ویەکەمدا، لەبەردەم دیمەنێکدایە کە تێیدا ئەم گەنجانە - کە لە سایەی قەیرانی ئابووری سەخت و داڕمانی پەیماننامە کۆمەڵایەتییەکاندا گەورە بوون و چیتر باوەڕیان بە وەهمی "چاکسازی پلەبەپلە" نەماوە کە باوکانیان بڕوایان پێی هەبوو - دووبارە چەمکەکانی دەسەڵات، شەرعیەت و دادپەروەری پێناسە دەکەنەوە. ئەوان ژێرخانی دیجیتاڵییان کردووەتە مەیدانی سەرەکی بۆ کرداری گشتی و شێوازێکی نوێی جوڵانەوەی سیاسی و کولتووری؛ ئەمەش وای لە دەوڵەتە نیگەرانەکانی وەک ئیسرائیل کردووە "بەرەی هەشتەم" ڕابگەیەنن، بۆ ئەوەی هەوڵی ئەندازیاریکردنی مێشکی ئەم نەوەیە بدەن لە ڕووی تەکنیکییەوە، دوای ئەوەی نەیانتوانی لە ڕووی گێڕانەوە و چیرۆکەوە قەناعەتیان پێ بکەن.
جوڵانەوەی گەنجان لە باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا هات بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی هێزە تەقلیدییەکان جێیان هێشتبوو. لە وڵاتانی وەک بەنگلادیش، سریلانکا، نیپاڵ و ئیندۆنیزیا، تەوژمە چەپ و پێشکەوتنخوازە ڕێکخراوەکان لە مەیدانەکەدا غایب بوون ، جا چ بەهۆی سڕینەوەی مێژوویی بێت وەک لە ئیندۆنیزیا، چالاکیان سنوردار کرا و  لە نیپاڵ یش پەراوێزخرابوون ، لە سایەی نەبوونی کەناڵە سیاسییە ئاساییەکاندا، سۆشیاڵ میدیای وەک "تیک تۆک" و "ئینستاگرام" لەم کۆمەڵگایانەدا بوونە "سیستەمێکی کارپێکردنی" جێگرەوە بۆ ژیانی سیاسی. گەنجان لە ڕێگەی ئەمانەوە قۆناغی هەماهەنگی مەیدانییان تێپەڕاند و گەیشتنە قۆناغی سەپاندنی گێڕانەوەیەکی بینراو (بەصەری) بەسەر ڕووداوەکاندا. لە جیاتی وێنە ڕۆژنامەوانییە تەقلیدییەکان، ئاژانسەکانی هەواڵ گرتە ڤیدیۆییەکانی سۆشیاڵ میدیایان دەگواستەوە کە تێیدا خۆپیشاندەران ژووری نوستنی سەرۆکەکانیان داگیر دەکرد یان هەڵیان دەکوتایە سەر بارەگا حکومییەکان؛ ئەمەش یاسای نوێی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بینراو داهێنا. ئەم دیمەنانە لە زۆرێک لە پایتەختەکان وەک هۆشدارییەک خوێنرانەوە بۆ ڕووخانی شکۆی دەسەڵاتە تەقلیدییەکان لەبەردەم تووڕەیی برسییەتی و بێکاریی نەوە نوێیەکان، و هەڕەشەیەکی بوونگەرایی بۆ سەر سیستەمە سیاسییە باوەکان.
لە کیشوەری ئەفریقا، وا دیارە ئەم گۆڕانکارییانە بەهۆی فاکتەری دیمۆگرافییەوە هێزێکی زیاتریان وەرگرتووە، چونکە تەمەنی ناوەندی لەم کیشوەرەدا ١٩ ساڵە و بارستەیەکی گەورەی گەنجانی ئامادە بۆ تەقینەوەی سیاسی تێدایە. ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کینیا، ماداگاسکار و مەغریب داینامیکی نوێی ئابووری سیاسی بۆ تووڕەیی نەوەی نوێ ئاشکرا کرد. زۆربەی ئەم گەنجانە لە کەرتە نافەرمییەکاندا کاردەکەن، ئەمەش ڕزگاریان دەکات لە ژێر چنگی بیرۆکراسی دەوڵەت و توانای فشارکردن لێیان لە ڕێگەی وەزیفەوە. ئەم جوڵانەوانە بە "نا-ناوەندییەکی ڕەها" ناسرانەوە، چونکە نەبوونی سەرکردایەتییەکی هەرەمی وای کرد بۆ دەزگا ئەمنییەکان مەحاڵ بێت جوڵانەوەکە لەبار ببەن لە ڕێگەی دەستگیرکردنی سەرکردەکانەوە؛ چونکە هەمووان سەرکردەی مەیدانین و ئامرازی پەخش و بەڵگەنامەکردنیان پێیە. ئەم دۆخە هەستی "هاوپشتی دیجیتاڵیی جیهانی" بەهێز کرد، کە تێیدا گەنجان لە ئەوپەڕی سنوورەکانەوە تاکتیک و ئازایەتی لە سەرکەوتنی هاوتەمەنەکانیان لە وڵاتانی دیکەوە وەردەگرن.
ئەم جوڵانەوانە تەنیا لە وڵاتانی باشووری جیهانی سێیەمدا نەمایەوە، بەڵکو بولگاریا - هەژارترین وڵاتی یەکێتی ئەورووپا - بەڵگەیەکی تری لەسەر کاریگەریی "سیاسەتی تۆڕەیی" (Networked Politics) پێشکەش کرد. هەرچەندە نەوەی زد ڕێژەیەکی کەمی دانیشتووان پێکدەهێنن، بەڵام گەنجانی بولگاریا توانییان ئەو چەقەبەستووییە سیاسییە درێژخایەنە بشکێنن کە بووە هۆی ئەنجامدانی ٧ هەڵبژاردن لە ماوەی ٤ ساڵدا. ئەوان پلاتفۆرمەکانی کات بەسەربردنیان گۆڕی بۆ کەناڵی هۆشیارکردنەوە و ڕێکخستنی سیاسی و لە خانەی بێباکییەوە چوونە خانەی کارەکتەری کاریگەر. دۆخی بولگاریا بە یەکجاری ئەوەی سەلماند کە توانای کۆکردنەوەی دیجیتاڵیی چڕ دەتوانێت حکومەتەکان بڕووخێنێت تەنانەت لە ناو جەرگەی ئەورووپاشدا، بە تێپەڕاندنی کەناڵە حزبی و پەرلەمانییە تەقلیدییەکان کە تووشی ئیفلیجی بوون.
زۆرێک لە هێزەکان هەستیان بە مەترسی ئەم مۆدێلە نوێیە کردووە، بەتایبەتی ئیسرائیل، کە لە دوای داڕمانی پشتگیری جیهانی بۆی بەهۆی جەنگی جینۆساید لە غەزە، بڕیاریدا لە مۆدێلی "پڕۆپاگەندەی تەقلیدی"یەوە بگوێزێتەوە بۆ "ئەندازیاریکردنی ژێرخانی زانیاری". ئەمەش بە ڕاگەیاندنی بنیامین ناتانیاهۆ بۆ کردنەوەی "بەرەی هەشتەم" گەیشتە لووتکە، کە بە تەواوی جەخت لەسەر فەزای دیجیتاڵی دەکاتەوە.
ئیسرائیل مافی خۆیەتی نیگەران بێت، چونکە داتاکان دەریانخستووە کە ناوەڕۆکی لایەنگری فەڵەستین لەسەر پلاتفۆرمی "تیک تۆک" بە تەنها، بە جیاوازییەکی گەورە (١٧ هێندە) لە ناوەڕۆکی لایەنگری ئیسرائیل زیاترە؛ ئەمەش وەرچەرخانی ڕیشەیی لە تێڕوانینی نەوەی نوێ بۆ پڕۆژەی دەوڵەتی عیبری دروست کردووە بەراورد بە نەوەی باوکیان.
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم "تۆفانە دیجیتاڵییە"، تەلئەبیب پەنای بردووەتە بەر کۆمەڵێک ستراتیژی تەکنیکی و دارایی چڕ بۆ بەدەستهێنانەوەی دەسپێشخەرییە گریمانەییەکان، لەوانە گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیا پسپۆڕەکان بۆ بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکێک کە تایبەت بۆ تێپەڕاندنی هۆشیاری "نەوەی زد" داڕژراوە، و پێدانی بڕە پارەی زەبەلاح بە کاریگەرەکان (Influencers) بۆ وەرگرتنی گێڕانەوە فەرمییەکانی ئیسرائیل، و دروستکردنی ناوەڕۆکێک کە ئامانجی کاریگەریکردن بێت لەسەر دەرئەنجامەکانی مۆدێلەکانی ژیریی دەستکردی بەرهەمهێنەر.
لەوانەیە مەترسیدارترین شت لەم چوارچێوەیەدا، هەوڵدان بێت بۆ کۆنترۆڵکردنی خودی پلاتفۆرمەکە. پاڵنان بەوەی هاوپەیمانییەکی بەسەرۆکایەتی "لاری ئەلیسۆن" (دامەزرێنەری کۆمپانیای ئۆراکل و دابینکاری سەرەکی خزمەتگوزارییەکانی داتا و چاودێری بۆ دەزگا ئەمنییەکان و یەکێک لە گەورەترین بەخشەرەکان بە سوپای ئیسرائیل) دەست بەسەر چالاکییەکانی تیک تۆکدا بگرێت لە ئەمریکا، هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ خاوەندارێتی کلیلی "خوارزمەکان". دیدگای ئەلیسۆن کە لەسەر بنەمای چاودێری گشتگیر و شیکردنەوەی داتا بۆ گەرەنتی کردنی "ڕەفتاری باش" دامەزراوە، وەرچەرخانێکە بەرەو عەسکەرتاری کردنی فەزای دیجیتاڵ بە جۆرێک کە ڕێگە بدات پلاتفۆرمەکان لە مەیدانی ڕادەربڕینی ئازادەوە بگۆڕدرێن بۆ ئامرازی کۆنترۆڵ و چاودێری، تا دڵنیایی بدات لە خنکاندنی گێڕانەوە دژبەرەکان پێش بڵاوبوونەوەیان.
ئەم پەرەسەندنانە دەمانخەنە بەردەم وەرچەرخانێکی مێژوویی. چونکە سەلمێنرا کە "نەوەی زد"، لە ئاسیاوە بۆ ئەورووپا و ئەفریقا، توانای هەڵوەشاندنەوەی سیستمە کۆنەکان و تێپەڕاندنی سنوورە جوگرافییەکانی هەیە بۆ بنیاتنانی هاوپشتییەکی جیهانی. لە بەرامبەردا، هاوپەیمانیی نێوان حکومەتەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا هەوڵ دەدەن ئینتەرنێت دووبارە دیزاین بکەنەوە بۆ ئەوەی ببێتە ئامرازێک بۆ دەسەڵات و کۆنترۆڵکردنی لێشاوی زانیاری، و چۆڵکردنی سۆشیاڵ میدیا لە تواناکانی بۆ بەدرۆخستنەوەی گێڕانەوە ئیستعمارییەکان و ئاشکراکردنی "ڕاستییە" دەستکردەکان.
بۆیە؛ تەحەدای سەرەکی داهاتووی جوڵانەوەی گەنجان چیتر تەنیا لە توانایاندا نییە بۆ گۆڕینی "شۆڕشی تووڕەیی" دیجیتاڵی بۆ دامەزراوە سیاسییە بەردەوامەکان کە بۆشایی دوای ڕووخانی حکومەتەکان پڕ بکەنەوە و ڕێگری بکەن لە خلیسکان بۆ ناو پشێوی یان گەڕانەوەی دیکتاتۆرییەکان بە دەمامکی نوێوە، بەڵکو تەحەداکە گەیشتووەتە فەزای سێبەر (Cyber)، کە تێیدا ململانێیەکی توند ڕوودەدات لە نێوان ئەوەی کێ مافی گێڕانەوەی چیرۆکەکەی هەیە، و کێ توانای شاردنەوەی ئەو چیرۆکەی هەیە.
ئەمە ساتێکی یەکلاکەرەوەیە: یان گەنجانی نەوەی نوێ سەرکەوتوو دەبن لە داهێنانی سیستمێکی سیاسی نوێی نا-ناوەندی کە لەگەڵ کولتوورە دیجیتاڵییەکەیان بگونجێت، یان ستراتیژی "بەرەی هەشتەم" سەرکەوتوو دەبێت لە گۆڕینی مۆبایلە زیرەکەکانیان لە ئامرازی ڕزگاری و کرداری سیاسییەوە بۆ ئامرازی شوێنپێ هەڵگرتن و ئاڕاستەکردن، بۆ ئەوەی لە ژێر سایەی دیکتاتۆریەتێکی خوارزمیی نەرمدا بژین، کە تێیدا خۆیان هەڵدەبژێرن چی ببینن، بەڵام خۆیان هەڵنابژێرن چییان نیشان دەدرێت.

سەرچاوە : شەرق ئەلئەوسەت

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا